ساتی واژۆکردنی ڕێكکەوتنەکە
سبەی
ئەمەریكا جارێكی دیكە پێشوازی لە گرێبەستەكانی هەرێم و كۆمپانیا ئەمەریكیەكان دەكات و دەڵێت "پێویستە عێراق و هەرێم بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وزە رێكبكەون".
تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: پشتگیریی گرێبەستەكانی هەرێم و كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەكەین، ئەم گرێبەستانە گرنگن بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وزە لە عێراق".
وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەشلێت "پێویستە عێراق و هەرێم بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وزە رێكبكەون ".
تامی بروس گرێبەستەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا ئەمەریكیەكان بە "گەورە" ناودەبات و بەهاكەشی بە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت.
وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێت "هاتنی مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریكا ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی دەمانەوێت پەیوەندیەكانی هەرێم و ئەمەریكا بەهێز بكەین". وتیشی "بەمزوانە وەزیری دەرەوە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆدەبێتەوە تا رێككەوتنە بازرگانییەكە فراوانتر بكەن".
پێشتر و لە رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند: "خۆشحاڵین كە دەبینین پەیوەندی بازرگانی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستانی عێراق بە واژۆكردنی ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان فراوانتر دەبێت. ئەم جۆرە هاوبەشیانە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی بەرهەمهێنانی غاز لە عێراق و سوودی بۆ هەردوولا دەبێت”.
مەسرور بارزانی: دەمانەوێت نەوت و غازی زیاتر بەرهەم بهێنین
وتەكانی وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لەمیانی بەشداریكردنی لە پانێڵێكدا لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمەریكا رایگەیاند:"گرێبەستە نەوتیی و غازییەكانمان تەواو یاسایین، بڕیارمانداوە پەرە بە كەرتی وزەی كوردستان بدەین، گرێبەستەكانی ئەمدواییەشمان لەو بوارەدا لە بەرژەوەندی هەموو خەڵكی عێراقە".
وتیشی:"كەمیی سەرچاوەكانی وزە یەكێك بوو لە گرفتەكانمان، بۆیە دەمانەوێت نەوت و غازی زیاتر بەرهەم بهێنین".
"كاركردنی كۆمپانیا ئەمەریكیەكان لە هەرێمی كوردستان تەواو یاساییە، هەربۆیە دەمانەوێت عێراق رێز لە دەستور بگرێت، چونكە دەزانین كەموكوڕی لە پەیڕەوكردنی دەستوردا هەیە، ئەو گرێبەستانەی لە واشنتن كراون خزمەت بە كوردستان و عێراقیش دەكەن". سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وای وت.
گرێبەستە نوێیەكان
حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی دووشەممە 19ی ئایار واژۆكردنی گرێبەستی وزەی لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمەریكی راگەیاند، بەمەبەستی پەرەپێدانی چەند كێڵگەیەكی گازی سروشتی و نەوت بەبەهای 110 ملیار دۆلار.
گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم تایبەتن بە كێڵگەكانی تۆپخانە و كوردەمیر لە سنوری گەرمیان لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و كۆمپانیای وێسترین زاگرۆس، كێڵگەی غازی میران لە سنوری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ كۆمپانیای میران ئینێرجی كە لە كۆمپانیای ئێچ كەی ئێن و گرووپی ئۆنێكس پێكهاتووە.
كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان كە بەسەردانێك لە ئەمەریكایە رۆژی دووشەممە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو گرێبەستانە پێشتر هەبوون و تەنها كۆمپانیاكان گۆڕاون، هەروەها هاوشێوەی گرێبەستەكانی پێشوون كە گرێبەستی هاوبەشین.
وتیشی ئەو داهاتەی دیاریكراوە و لەسەر بنەمای نرخی ئەمڕۆ دیاریكراوە، گرێبەستەكان دەبنە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی كە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاردەهێنرێت لەگەڵ دابەشكردنی بەسەر ماڵاندا.
كەمال محەمەد باسی لەوەشكرد، بۆ واژۆكردنی گرێبەستەكان راوێژیان لەگەڵ عێراق نەكردووە و پێیانوانییە كێشەی لێبكەوێتەوە، بەو پێیەی بەشێك لەو كارەبایەی بە گازی سروشتی بەرهەمدەهێنرێت رەوانەی عێراق دەكرێت. جەختیشیكردەوە، ناكرێت بۆ هەموو شتێك بگەڕێنەوە بەغداد.
ناڕەزایی بەغداد
رۆژێك دوای واژۆكردنی گرێبەستەكان، وەزارەتی نەوتی عێراق لە رونكردنەوەیەكدا گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكانی میران و تۆپخانە - كوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی، بە پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی دانا و جەختیكردەوە، گرێبەستەكان بەپێی دەستووری عێراق و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، پووچەڵن.
جەختیشیكردووەتەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق: سەرباری ئەوەی عێراق پێویستیی بە زیادكردنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتییە بۆ بەگەڕخستنی وێستگەكانی كارەبا، ئەو ڕێوشوێنانەی حكومەتی هەرێم گرتوونیەتیەبەر پێشێلكارییەكی ڕوونی یاسای عێراقیین.
وەزارەتی نەوتی عێراق دەشڵێت، سامانی نەوت موڵكی گشت عێراقییەكانە و هەر ڕێوشوێنێك بۆ وەبەرهێنان لەم سامانەدا، دەبێت لە ڕێگەی حكومەتی فیدراڵییەوە بێت.
لەبەرانبەردا وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رۆژی سێشەممە 20ی ئایار لە رونكردنەوەیەكدا كە دەست سبەی كەوتووە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو دوو ڕێككەوتننامەیەی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ئەمەریكی HKN و WesternZagros واژۆكراون، ڕێككەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵكو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاكانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ كێشەیەكی یاساییان نییە و تەنیا كۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەكان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێكارە یاسایی وگرێبەستییەكانی هاتوو لە ڕێكەوتننامەكان.
جەختیشیكردووەتەوە، هەردوو كۆمپانیا ئەمەریكییەكە، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەكییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین. ئامانج لەو ڕێككەوتننامە و گرێبەستانە، پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادكردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینكردنی سووتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە ئامانجی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەكانی عێراق .