وەزارەتی تەندروستی: حاڵەتێكی دیكەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای دهۆك دەستنیشانكرا

#تای خوێنبەربوون#وەزارەتی تەندروستی
15 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • وەزارەتی تەندروستی جەخت دەكاتەوە " بەهۆی بەركەوتە و بوونی ئاژەڵی ماڵی و گومانلێكردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و چەندین ڕێكاری دەستنیشانكردن و چارەسەری پزیشكی دەگیرێتە بەر". دەشڵێت " ئەو تووشبووە لە ئێستادا لەژێر چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت".
Primary Asset

لۆگۆی وەزارەتی تەندروستی

سبەی

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حاڵەتێكی دیكەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای دهۆك دەستنیشانكراوە.

وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:"حاڵەتێكی دیكە بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆماركرا ئەویش ئافرەتێكی دانیشتووی سنوری ناحیەی شیلادزێ یە لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك تەمەنی ( 43 ) ساڵە، پیشەی ئافرەتی ماڵە لە هەمان خێزان خوشكی حالەتی پێشووە كە دوو هەفتەی پێشوو بەداخەوە گیانی لە دەستدا".

وەزارەتی تەندروستی جەخت دەكاتەوە " بەهۆی بەركەوتە و بوونی ئاژەڵی ماڵی و گومانلێكردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و چەندین ڕێكاری دەستنیشانكردن و چارەسەری پزیشكی دەگیرێتە بەر". دەشڵێت " ئەو تووشبووە لە ئێستادا لەژێر چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت".

"تا ئێستا دوای بوونی چەندین حاڵەتی گومانلێكراوی نەخۆشی تای خوێن بەربوون لە هەرێمی كوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشكنین بۆ گومانلێكراوان لەماوەی مانگی ڕابردوو، دەرەنجام تەنها سێ حاڵەت دەسنیشانكراون و پشتڕاستكراونەتەوە كە بەداخەوە حالەتێكیان لەشاری دهۆك بوو كە دوو هەفتەی ڕابردوو لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانی لەدەستدا و حاڵەتی دووەم بە تەواوی چاكبووەوە و لە نەخۆشخانە دەرچووە، لەگەڵ حاڵەتێكی دانیشتووی شاری موسڵ كە ئێستا لەشاری هەولێر چارەسەر وەردەگرێت". وەزارەتی تەندروستی وا دەڵێت.

 تای خوێنبەربوون پەتایەكی ڤایرۆسییە و هەندێك نیشانەی پێشوەختەی هەیە، لەوانەش تا و ماندوویەتی و لاوازی هەست كردن بە ناڕەحەتی، ئازاری ماسولكە و جومگەكان، جگە لە سكچوون و ڕشانەوە.

بەرزبونەوەی پلەی گەرمی مەترسی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربوون زیاد دەكات، لایەنە تەندروستییەكان هۆشیاریی و رێنمایی دەدەنە هاوڵاتییان كە خۆپارێزیی زیاتر بكەن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی نەخۆشییەكەی تێدا بڵاوبوەتەوە.

تای خوێنبەربوون لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، ئەو ڤایرۆسە لە زۆربەی ئاژەڵ و بەشێك لە مێرووەكانیشدا هەیە، پزیشكان ڕێنمایی خەڵك دەكەن دووربكەونەوە لە دەستلێدانی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵات، جگە لەوەش ڕێگربن لەوەی مێرووەكان بچنە ناوماڵ و شوێنی كاركردن و دەرمانی قڕكەر و دژەمێروو لەناو ماڵەكان بەكاربهێنن.

بەشێوەیەكی گشتی چارەسەرێكی تایبەت بە تای خوێنبەربوون نییە، تووشبووانی ئەم نەخۆشییە چارەسەری پاڵپشتی وەردەگرن، لەوانە گیراوەكان و یارمەتیدان بۆ هەناسەدان و ئازارشكێن و دەرمانی دژە ڤایرۆسات بۆ چاكبوونەوە.

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی