بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی
سبەی
بەهۆی گلەیی هاووڵاتیان لە سیستەمی كۆد بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتەكانیان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتییەکە بڕیاریداوە ئەو سیستەمە هەڵبوەشێنێتەوە و چیتر كاری پێناكرێت.
بەشی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بڵاویكردەوە: لە رۆژی دوو شەممە رێكەوتی 16 / 9 / 2024 چیتر بۆ ھەر كارێكی پەیوەست بە بەشی مۆڵەتی شۆفێری لە بارەگای بەرێوەبەرایەتیمان پێویست بە وەرگرتنی كۆد ناكات لە ڕێگەی ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانییەوە.
بەشی مۆڵەتی هاتووچۆی سلێمانی دەشڵێت: ھاووڵاتی دەتوانێت راستەوخۆ سەردانمان بكات بۆ رایی كردنی مامەڵەكەی بێ وەرگرتنی كۆد، وەك نوێ كردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری وھەر كارێكی دیكە لەبەشی مۆڵەتی شۆفێری.
هاووڵاتیان بەرلەوەی بچنە ژوورەوە بۆ هاتووچۆی سلێمانی، پێویستە فۆرمی تایبەت بە مامەڵەی بەشی مۆڵەتی شۆفێری پڕ بكەنەوە و سەرجەم بەڵگەنامە رەسەنەكانیان پێبێت و راستەوخۆ لە ناو بەرێوەبەراتی مامەڵەیان بۆ دەكرێت. هاتووچۆی سلێمانی وا دەڵێت.
لەبارەی هۆكاری لابردنی كۆد لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی، بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیەكە بە سبەی وت: بەهۆی گلەیی هاوڵاتیان بوو لەوەی فریای وەرگرتنی كۆد ناكەون و لەپێناو خێراتر ڕایی كردنی كاروبارەكان لابرا.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی وتیشی: ئەو سیستەمی كۆدە كە لە ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی بەردەست بوو، لە ساڵی ڕابردووەوە دانرابوو لەپێناو ئەوەبوو كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان بكات، بەڵام لە یەكشەممەی داهاتووەوە كاری پێناكرێت، لەبەرئەوەی یەكشەممە پشووە لە ڕۆژی دووشەممەوە هاووڵاتیان بەبێ كۆد مامەڵەكانیان بۆ ڕایی دەكرێت.