هێزی زرێپۆشی عێراق دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد دەپارێزن
سبەی
بەرپرسێكی باڵای ئەمنیی عێراق ئاشكرایدەكات، بەغداد داوای لە تاران كردووە بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا لە عێراق نەكاتە ئامانج، ئەمەش لەچوارچێوەی بەردەوامیی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
حكومەتی عێراق لەلایەك هەوڵدەدات پەیوەندییە "باش" ەكەی لەگەڵ ئێرانی دراوسێی بپارێزێت، لەلایەكیش هەوڵ دەدات لەگەڵ هاوپەیمانەكەی كە ئەمەریكایە پەیوەندییە ستراتیژیەكانی بەردەوام بن.
فرانس پرێس لەزاری بەرپرسێكی باڵای ئەمنیی عێراق ئاشكرایكردووە، "عێراق بە فەرمی داوای لە ئێران كردووە بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا لە خاكەكەی نەكاتە ئامانج، ئێرانییەكانیش وەڵامی ئەرێنییان داوەتەوە".
ئەو بەرپرسە باڵا ئەمنییەی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو "ئێران لە پەیامەكەی عێراق تێدەگات".
چوارشەممەی رابردوو، پێش ئەوەی گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران سەربكێشن بۆ بۆردومان و هەڵدانی موشەك بۆیەكتر، ئێران هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی بنكەكانی ئەمەریكای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد، ئەگەر گفتوگۆكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە شكست بهێنن.
ئەمەریكا نزیكەی دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و زیاتر لە هەزار سەربازی لە سوریا هەیە، ئەمەش لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كە ساڵی 2014 دایمەزراند و خۆی سەرۆكایەتی دەكات.
لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە تشرینی یەكەمی 2023 گروپە عێراقییە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران، دەیان موشەك و فرۆكەی بێفڕۆكەوانیان بۆسەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سوریا هەڵدا، كە سەربازانی ئەمەریكا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش تێیدا جێگیرن.
هەر لەگەڵ هەڕەشەكەی ئێران، رۆژی چوارشەممە، ئەمەریكا رایگەیاند فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد بەهۆكاری ئەمنیی كەمدەكاتەوە، شەوی هەینیی لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، گروپەكانی سەر بە ئێران لە عێراق داوایان لە هێزە ئەمەریكیەكان كرد عێراق جێبهێڵن، یەكێك لەو گروپانەش بەناوی "كەتائیبی حیزبوڵڵا" هەڕەشەی جەنگی لە ناوچەكە كرد دوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران.
ئەو هەڕەشانە لەكاتێكدان، بەرپرسە ئەمنییە عێراقییەكە بۆ فرانس پرێس باسی لەوە كردووە "سەرجەم لایەنە عێراقییەكان بە گروپە چەكدارەكانیشەوە، لەگەڵ حكومەت هاوكار دەبن بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە مللانێكان".