هێرشەكان لەسەر ئێران چڕبوونەتەوە؛ ئیسرائیل پێشبینی هێرشی توندی ئێران دەكات

#ئیسرائیل#ئێران#ئەمەریکا
6 مانگ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەوتەی میدیاكانی ئێران و بەشێك لە میدیا جیهانییەكان، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە تاران و ئەسفەهان و بەندەر عەباس و چەند ناوچەیەكی دیكەی ئێران كەوتووەتەكار و بەتەواوەتی بەرپەرچی هێرشە موشەكیی و درۆنییەكانی ئیسرائیل دەداتەوە، بەوتەی بەشێك لە میدیاكانی ئێرانیش تائێستا 10 فرۆكەی ئیسرائیلییان خستووەتەخوارەوە.
Primary Asset

دیمەنێکی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران

سبەی

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاویكردووەتەوە، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەكەی لە چەندین شار و ناوچەی ئێران بەرپەرچی هێرشەكان دەدەنەوە، ئیسرائیلیش پێشبینی دەكات لە چەند كاتژمێری داهاتوودا ئێران هێرشی چڕ بكاتەسەری، ئەوەش لەكاتێكدایە ئیسرائیل هێرشەكانی بۆسەر ئێران چڕكردووەتەوە.

بەوتەی میدیاكانی ئێران و بەشێك لە میدیا جیهانییەكان، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە تاران و ئەسفەهان و بەندەر عەباس و چەند ناوچەیەكی دیكەی ئێران كەوتووەتەكار و بەتەواوەتی بەرپەرچی هێرشە موشەكیی و درۆنییەكانی ئیسرائیل دەداتەوە، بەوتەی بەشێك لە میدیاكانی ئێرانیش تائێستا 10 فرۆكەی ئیسرائیلییان خستووەتەخوارەوە.

بەوتەی ئاژانسی هەواڵی فارس و بەشێك لە میدیاكانی ئێران، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە بەندەر عەباس و تاران و چەند ناوچەیەك بە دەیان درۆنی ئیسرائیلیان تێكشكاندووە.

لەلایەكی دیكەوە، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران دەڵێت لە چەند كاتژمێری داهاتوودا هێرشی بەرفراوانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل دەستپێدەكات، میدیای ئیسرائیلیش هەمان بابەتی بڵاوكردووەتەوە و پێشبینی دەكات چەند كاتژمێری داهاتوو ئیسرائیل هێرشی چڕی بكرێتەسەر، بەوهۆیەشەوە لە ئیسرائیل دۆخی ئەوپەڕی ئامادەباشی راگەیەندراوە.

بەپێی هەواڵێكی پێگەی ئاكسیۆسی ئەمەریكی، سەرچاوەیەك لە كۆشكی سپی رایگەیاندووە "ناتوانن رێگری لەوە بكەن كە روودەدات". وەك ئاماژەیەك بۆ گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران.

گرژبوونی زیاتری نێوان ئیسرائیل و ئێران و چڕبوونەوەی هێرشەكان، وایكرد دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا داوا بكات دەستبەجێ هێرشەكانی نێوانیان رابگیرێت.

دۆناڵد ترەمپ لە تویتێكدا لە پێگەی "تروس سۆشیال" دەشڵێت "لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەم لەگەڵ ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا هەستمان بەوە كرد كە پێویستە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە خێرایی بوەستێت".

ئیسرائیل لە رۆژی هەینییەوە هێرشی بەرفراوانی بۆسەر ئێران دەستپێكردووە و سەدان پێگەی لە ئێران بۆردومان كردووە و چەندین سەركردەی باڵای سەربازی ئێرانی كوشتووە، ئێرانیش لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل بە سەدان موشەك و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل كردووە و چەندین كەس كوژراون و بە دەیان كەسیش برینداربوون.

بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێكدا ئێوارەی ئەمڕۆ رایگەیاند "گورزێكی كردەییمان لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران وەشاند". وتیشی "فرۆكەی جەنگیی ئیسرائیل بەمزووانە بە ئاسمانی تاران دا دەسوڕێنەوە".

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جەختیكردەوە "ئیسرائیل لە هەر پێگە و ئامانجێكی سەر بە رژێمی ئێران دەدات". 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی