پوتین و ترەمپ
سبەی
كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا "كریملین" ئاشكرایكردووە، ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمەریكیەكەی ئەنجامداوە، هەردوولا دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان تاوتوێكردووە.
كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا رایگەیاندووە، پوتین و ترەمپ باسیان لە ئاڵۆزیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی شەڕ لە ئۆكراینا كردووە.
لەلایەكی دیكەوە، ئاژانسی هەواڵی روسیا لە زاری سەرچاوەیەكی باڵا لە كریملین بڵاویكردەوە، پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی نێوان ترەمپ و پوتین 50 خولەكی خایاندووە، گفتوگۆیان لەبارەی گرژییە سەربازییەكانی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە.
پوتین، ترەمپی ئاگاداركردووەتەوە لەوەی سەركۆنەی پرۆسەی سەربازیی ئیسرائیل دژ بە ئێران دەكات، لەلایەن خۆشیەوە ترەمپ دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە "نیگەرانكەر" ناوبردووە.
بەوتەی سەرچاوەكە، هەردوو سەرۆك سەرەڕای دۆخی ئێستای ئێران، ئەگەری دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەكانیان لەگەڵ ئێران بەدوور نەزانیوە.
پوتین ئامادەیی روسیای دەربڕیوە بۆ بەردەوامیی گفتوگۆكان لەدوای 22 ی ئەم مانگەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەكان لەپێناو كۆتاییهێنان بە جەنگی درێژخایەنی روسیا و ئۆكراینا.
شەوی هەینی و بەرەبەیانی هەمانڕۆژ (13ـی حوزەیرانی 2025) ئیسرائیل ژمارەیەك هێرشی ئاسمانی كردە سەر تارانی پایتەخت و ناوچە جیاوازەكانی ئێران و دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازی و فڕۆكەخانە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتە، بەهۆیەوە فەرماندەی سوپای پاسداران و سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكان و دوو جێگری و ژمارەیەكی ئەفسەری پلەباڵا و زانای ئەتۆمی و فیزیایی ئێران كوژران، لەبەرامبەردا ئێران بە هێرشی موشەكی و درۆنی خوكوژ وەڵامی هێرشەكانی دایەوە.
تائێستاش هێرشەكانی هەردوولا بۆ سەر یەكتری بەردەوامە و زیانی زۆریان بە یەكتری گەیاندووە.