لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سبەی
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "هەر هاوڵاتیەك لە توركیا گیری خواردبێت ڤیزای ترانزێتی پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە".
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە:"لە ڕوانگەی پەرۆشیمان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی كە لە فڕۆكەخانەی ئیستەنبۆڵ گیریان خواردووە، دوای هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگای لێژنەیەكی تایبەت لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت و وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، لەگەڵ لایەنە فەرمی و پەیوەندیدارەكانی وڵاتی توركیا لە پەیوەندی بەردەوام بووین بۆ ئەوەی بە ڕێگای ووشكایی ئاسانكاری بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكرێ بە تایبەت ئەوانەی ڤیزایان نییە".
دەشڵێت "لە قوناغی یەكەمی ئەم پرۆسەیە توانرا ڤیزای ترانزێت بۆ نزیكەی 300 هاوڵاتی هەرێمی كوردستان دابین بكرێت و ئەمڕۆ 50 كەس بە هەماهەنگی و هاوكاری سەرپەرشتیار و بەڕپرسانی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل- خابوور دەربازی هەرێمی كوردستان بوون و تا شاری هەولێر پاسیان دابین كرابوو".
"بە سوپاسەوە لە ڕێگەی كونسوڵگەری گشتی توركیا لە شاری هەولێر ئاگاداركراینەوە كە هەموو هاووڵاتییەكی هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی لە هەر وڵاتێك بێت و بیەوێت بگەرێتەوە هەرێمی كوردستان، بە گەیشتنیان بۆ وڵاتی توركیا ڤیزای ترانزێتی پێنچ رۆژەیان پێدەدرێت". فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم وادەڵێت.
بەهۆی ئەو هێرشەی لە رۆژی هەینییەوە ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستیپێكردووە و وەڵامدانەوەی ئێران، كە تائێستاش هێرش و بۆردومانەكان لەلایەن هەردوو وڵاتەوە بەردەوامن، بەشێك لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە وڵاتان گیریان خواردووە یاخود گەشتەكانیان هەڵوەشاوەتەوە، بەشێك لەو هاوڵاتیانەش لەتوركیان. هێڵی فرۆكەوانیی مەدەنی عێراقیش تا ئێوارەی یەكشەممە قەدەغەی گەشتەكانی درێژكردووەتەوە، بەوهۆیەوە بەرێگەی ئاسمانی هیچ هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان ناتوانێت بگەڕێتەوە.