ئێران گفتوگۆكانی لەگەڵ ئەمەریكا هەڵپەسارد

#ئێران#ئەمەریکا#ئیسرائیل#گەرووی هورمز
15 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ كایا كالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند:"ئەو كارە دوژمنكارانەیەی ئیسرائیل سەرئەنجامی پشتیوانی راستەوخۆی ئەمەریكایە". جەختیشیكردەوە "بەردەوامبوونی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمەریكا لەكاتێكدا دڕندەیی رژێمی زایۆنیستی بەردەوامە، شتێكی ناڕەوایە".
Primary Asset

عەباس عەراقچی

سبەی

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند بەردەوامبوونی گفتوگۆ ناراستەوخۆكانی نێوان تاران و واشنتن "شتێكی ناڕەوایە".

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ كایا كالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند:"ئەو كارە دوژمنكارانەیەی ئیسرائیل سەرئەنجامی پشتیوانی راستەوخۆی ئەمەریكایە". جەختیشیكردەوە "بەردەوامبوونی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمەریكا لەكاتێكدا دڕندەیی رژێمی زایۆنیستی بەردەوامە، شتێكی ناڕەوایە".

ئەو وەزیری ئێرانییە سەركۆنەی "پێشێلكردنی سەروەری ئێران و پارێزراوی خاكەكەی كرد، لەگەڵ هێرشكردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمیی و ناوچەكانی نیشتەجێبوونی دانیشتوان". وتیشی "بەهۆی هێرشەكانەوە ژمارەیەك لە سەركردەی سەربازیی كوژراون لەگەڵ مامۆستای زانكۆ و ژن و منداڵیش".

عەراقچی داوای "سەركۆنەی یەكلاكەرەوەی نێودەوڵەتی دژ بە هێرشەكانی ئیسرائیلی كرد".

بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران "هێرشكردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتییانەكانی ئێران كارێكی نایاسایی و رێگەپێنەدراوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەكان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەندە بە لێپێچینەوەی رژێمی زایۆنیستی لەسەر ئەو پێشێلكارییە مەترسیدارانە كە پێشینەی یاسایی نەبووە".

شەوی هەینی و بەرەبەیانی هەمانڕۆژ (13ـی حوزەیرانی 2025) ئیسرائیل ژمارەیەك هێرشی ئاسمانی كردە سەر تارانی پایتەخت و ناوچە جیاوازەكانی ئێران و دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازی و فڕۆكەخانە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتە، بەهۆیەوە فەرماندەی سوپای پاسداران و سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكان و دوو جێگری و ژمارەیەكی ئەفسەری پلەباڵا و زانای ئەتۆمی و فیزیایی ئێران كوژران، لەبەرامبەردا ئێران بە هێرشی موشەكی و درۆنی خوكوژ وەڵامی هێرشەكانی دایەوە.

تائێستاش هێرشەكانی هەردوولا بۆ سەر یەكتری بەردەوامە و زیانی زۆریان بە یەكتری گەیاندووە.

لەلایەكی دیكەوە، ئاژانسی هەواڵی ئێران لە زاری ئیسماعیل كەوسەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی عێراق گواستییەوە "ئێران بە جددی بیر لە داخستنی گەرووی هورمزی ستراتیژی دەكاتەوە، كە دەكەوێتە نێوان عوممان و ئێرانەوە، بە یەكێك لە گرنگترین رێگاكانی گواستنەوەی نەوت لە جیهان دادەنرێت".

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی