سبەی
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر ڕاگەیەندراوە و بڕیارە لە ماوەی 550 ڕۆژدا پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەگەر پڕۆژەکە تەواو بکرێت هەزار و 300 بیری ئاو ڕادەگیرێن و ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەرزدەبێتەوە.
ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاندووە، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر لە توانایدایە لە هەر کاتژمێرێک 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دابینبکات، بە تەواوبوونی پڕۆژەکەش هەزار و 300 بیری ئاو ڕادەگیرێن.
ڕونیکردەوە، لە ساڵی یەکەمدا 500 بیر و لە ساڵی دووەمدا 500 بیری دیکە ڕادەگیرێن، بە شێوەیەک لە حاڵەتێکی لەناکاودا دەتوانرێت بیرەکان بەکاربهێنرێن.
بەپێی پلانەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاو، لە 75%ـی بیرەکانی ئاو لە هەولێر ڕادەگیرێن و لە 25%ـی بیرەکانیش بۆ بابەتی سەوزایی و پیشەسازیی بەکاردەهێنرێن.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕاگرتنی بیرەکانی ئاوی بە هۆکارێک بۆ بوژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی گەڕاندەوە و وتی،" لە کاتی ڕاگرتنی بیرەکان ئاو دەرنایەت، بۆیە ئاوی ژێرزەویی لەو ناوچانە دەبوژێتەوە و کاریگەری باشی لەسەر ئاستی ئاوی ژێرزەوی هەیە".
ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پێنج هەزار و 400 هەزار بیر نیوەی ئاوی خواردنەوەی هاوڵاتیان دابیندەکرێت و نیوەکەی دیکەشی لە ڕێگەی نزیکەی 100 پڕۆژە کە لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هەن، ئاوی خواردنەوەی هاوڵاتییان دابیندەکرێت.
پڕۆژەکانی ئاو لە هەولێر
سێ پڕۆژەی دابینکردنی ئاو لە هەولێر هەن کە پڕۆژەکانی ئیفراز یەک، دوو و سێ، هەر سێ پڕۆژە لە یەک کاتژمێردا هەزار و 300 مەتر سێجا ئاو بۆ شاری هەولێر دابیندەکەن.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر تێکڕای دابینکردنی ئاو دەبێتە زیاتر لە 30 هەزار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا.
ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، "پڕۆژەی فریاگوزاری، بەرهەمهێنانی ئاوی لە 60% تا 70% لە ئاوی ئیفراز زیاترە
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر
پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر ماوەی 550 ڕۆژ بۆ جێبەجێکردنی دیارکراوە، گوژمەی پڕۆژەکە 479 ملیۆن دۆلارە و لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە کێشەی کەمئاویی چارەسەر دەبێت.