بازاڕی فۆڕێکس.. تەڵەی ئەلیکترۆنی بۆ داتەکاندنی گیرفانی خەڵک

#فۆڕئێکس#دراوی ئەلیکترۆنی#مامەڵەی ئەلیکترۆنی
9 مانگ لەمەوپێش
ئەرسەلان ڕەحمان
پوختە :
  • نور عەلی تەمەنی تەنیا بیست ساڵە و دانیشتووی بەغدادە، ئەو جگە لەوەی کابانی ماڵە و هیچ بڕوانامەیەکی نیە، ئێستا بووەتە یەکێک لە ژنانی خاوەن کاروسەرمایە و بە هۆی سەرقاڵبوونی بە بازاڕی فۆرێکسەوە، داهاتێکی زۆری کۆکردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات، کە لە سەرەتای 2021دا هاوڕێیەکی پێشنیازی بۆ کردبوو، ئەو کارە بکات.
Primary Asset

سبەی

نور عەلی تەمەنی تەنیا بیست ساڵە و دانیشتووی بەغدادە، ئەو جگە لەوەی کابانی ماڵە و هیچ بڕوانامەیەکی نیە، ئێستا بووەتە یەکێک لە ژنانی خاوەن کاروسەرمایە و بە هۆی سەرقاڵبوونی بە بازاڕی فۆرێکسەوە، داهاتێکی زۆری کۆکردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات، کە لە سەرەتای 2021دا هاوڕێیەکی پێشنیازی بۆ کردبوو، ئەو کارە بکات.

نور باسی لەوە کرد، بەردەوام حەزیکردووە، دەرفەتێکی کار لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بدۆزێتەوە و بتوانێت خاوەن سەرمایەیەکی تایبەت بە خۆی بێت. دواتر بە یارمەتی برایەکی دەستی بەو کارە کردووە.

لە هەنگاوی یەکەمدا بۆ بەدیهێنانی خەونی دەوڵەمەندبوون، سێ سەد دۆلاری لە کچی مامی قەرز کردووە و ناردوویەتی بۆ برایەکی تا هەژمارێکی بۆ بکاتەوە و بتوانێت لە ڕێی ئینتەرنێتەوە ئاڵوگۆڕ بە دراو بکات. دوای ماوەیەکی زۆر کورت هەواڵی پێگەیشتووەتەوە، کە پارەکەی گەیشتووەتە حەوت سەد دۆلار.

بە دوایدا دوو سەد دۆلاری دیکەی قازانج کردووە، ئەوەش زیاتر وروژاندوویەتی بۆ ئەوەی ئاستی هیواکانی بەرز بکاتەوە. بە تایبەتی کە نۆ سەد دۆلار لە هەژمارەکەی بووە، بەڵام ئەو دڵخۆشییەی تا سەر نەبوو، هەواڵی ناخۆشی پێگەیشت و لە پڕێکدا پێیان وتووە، هەموو پارەکەت لەدەستدا.

نور دەڵێ، تەنانەت نەمتوانی ئەو پارەیەی بە قەرز لە کچە مامم وەرمگرتبوو بۆی بگەڕێنمەوە. هەر نەمدەزانی ئەوە چی بوو لە پڕێکدا ڕوویدا، بە یەکجار هەموو ئەوەی هەمبوو لە دەستم دا. دوای ئەو ئەزموونە فێر بووم کە ئاڵوگۆڕ بە دراو لە ئینتەرنێتدا پێویستی بە وردی و شارەزایی و زۆری بەکارهێنان هەیە، ئەمجارە خۆم دەستم پێکرد، بەڵام بە هەستیارییەکی زۆرەوە، نەدەکرا بگەڕێمەوە سەر هەمان کاری پێشوو، بەڵام هەوڵمدا بە دوای ڕێگەیەکی ئاسانتردا بگەڕێم و مەترسی کەمتر بێت. بە مەرجێک هیچ پارەیەک نەدەم، چونکە نەمبوو. 

ئەگەرچی نور بە دوو سەد دۆلار دەستیپێکرد و نۆ سەد دۆلاری لە کیس چوو، بەڵام بەراورد بە کەسانێکی دیکە کە لەو بوارەدا کاریان کردبوو، زیانەکەی نور شتێکی ئەوتۆ نەبوو.

ئەوانەی لەو بوارە کاردەکەن، باس لە زیانی گەورە دەکەن، کەسانێک کە هەزاران دۆلار زیانیان بەرکەوتووە. 

ئەوانەی چوونەتە بازاڕەکانی مامەڵەی دراوی ئەلیکترۆنی باس لەوە دەکەن، سەرەتا هەژمارێک دەکەیتەوە و فۆرمێکی تایبەت بە زانیاری پێویست پڕ دەکەیتەوە و لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە بە‌ڵگەنامە پێویست و کەسییەکان هاوپێچ دەکەیت، ئەگەر کەسێک نێوەندگیر بێت لە ئیشەکەدا پشکێک لە قازانجی بەردەکەوێت. بەڵام بە هۆی ناشارەزاییەوە زۆرێک لەوانەی دەستیان داوەتە کارەکە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.

مەزندە دەکرێت لە عێراقدا نزیکەی ملیۆنێک کەس، کە زۆرینەیان لە توێژی گەنجانن و تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 30 ساڵیدایە، لە هەردوو ڕەگەز ئەو کارە بکەن. 

بەناوبانگترین ئەو بازاڕانەی مامەڵەی دراوی ئەلیکترۆنی، کە لەعێراقدا بەکارهێنەریان هەیە، بازاڕی فۆڕئێکسە.

فۆڕ ئێکس مەبەست لێی بازاڕی دراوی بیانییە، ناوەکەی پێکهاتوە لە سەرەتای هەردوو وشەی (Foreign Exchange) ، لەم بازاڕەدا ئاڵوگۆڕ لەنێوان دراوە بیانییەکاندا دەکرێت لەماوەی 24 کاتژمێر لە پێنج ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، واتە تەنها ڕۆژانی شەممە و یەک شەممە پشوەو کاری تێدا ناکرێت.

کارکردن لەم بازاڕەدا نا ناوەندییەوە واتە شوێنێک نیە بۆ کۆبونەوەی بازرگانەکان لەم بازاڕەدا، چونکە بازرگانیکردن لەبازاڕی فۆڕێکس لەڕێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە دەبێت، تاک دەتوانێت لەڕێگەی مۆبایلەکەی ڕاستەوخۆ، یان لەڕێی یەکێک لە کۆمپانیا نێوەندگیرەکانەوە بچێتە ناو پرۆسەکەوە کە مامەڵەکە لە 100 دۆلاری ئەمەریکییەوە دەستپێدەکات.

گوڵا‌ڵە سدیق، شارەزای ئابووری و دارایی لە بارەی بازاڕەکەوە دەڵێ "قەبارەی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی فۆڕێکس ڕۆژانە دەگاتە نزیکەی 7 تریلیۆن دۆلاری ئەمەریکی، کە ئەمەش قەبارەیەکی ئێجگار گەورەیە بە بەراورد بە بازاڕە جیهانییەکانی تر، چونکە رسک لەم بازاڕەدا کەمترە بە بەراورد بە بۆرسە، بەشداربوو کەمتر توشی زەرەر دەبێت بە بەراورد بە پشکی کۆمپانیا لە بۆرسەدا، چونکە دەکرێت پشک لە پڕ زۆرینەی نرخەکەی لەدەست بدات، بەڵام دراوی هیچ وڵاتێک کە لە بازاڕی فۆڕێکس مامەڵەی پێوە دەکرێت لەپڕ هەموو نرخەکەی لەدەست نادات!".

بە گوێرەی وتەکانی گوڵاڵە سدیق، بازاڕی فۆڕێکس جیاوازە لە بۆرسە، چونکە لە بۆرسەدا کردارەکە کڕینی پشک، قەواڵە، نەوت و زێڕ بەرامبەر بە بڕێک لە پارەیە، بەڵام لە بازاڕی فۆرێکس کڕین و فرۆشتن لەنێوان دوو دراودا دەکرێت، واتە بنەمای کارەکە لە ئاڵووێرەوە هاتوە کە لە سەردەمی بابلییەکانەوە پەیڕەو کراوە.

دراوی مامەڵە

لە بازاڕی فۆڕئێکسدا، مامەڵە بە دراوی نیشتمانی هەندێک لە وڵاتان دەکرێت، دراوە لۆکاڵییەکان بە گشتیی کارا نین و مامەڵەیان پێوەناکرێت.

وەک گوڵاڵە سدیق باسیکرد، ئەو دراوانەی سەرەکین لە مامەڵەی فۆڕێکس بریتین لە (دۆلاری ئەمەریکی، پاوەنی بەریتانی، یۆرۆی ئەوروپی، یەنی یابانی) لەگەڵ هەندێک دراوی ناوەندی تر وەک( فرەنکی سویسری، دولاری ئوسترالی، دولاری کەنەدی، دولاری نیوزلەندی)، وە دراوە کەمەکان وەک (بیزوی مەکسیکی، لیرەی تورکی، ڕوپیەی هندی).

ئەو شارەزایەی دارایی پێی وایە "هەر کاتێک کۆمپانیایەکی نێوەندگیر بە بەشداربویەکی وت لە بازاڕی فۆڕێکس ئاڵتونت بۆ دەکڕم یان هەر دراوێکی ترت بۆ دەکڕم جگە لەم دراوانە، ئەوا بزانە ئەو کۆمپانیا نێوەندگیرە مامەڵەکەی لە فۆڕێکس نەکردوە و فێڵێک لە ئارادایە!".

بازاڕی فۆڕێکس لە عێراق

ئەم بازاڕە لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2004 دامەزرا، چەندین کۆمپانیا بەناوی کۆمپانیای نێوەندگیرەوە مۆڵەتی فەرمیان لە حکومەتی ناوەند و هەرێم وەرگرتوە.

شێوازی کارکردن لە کۆمپانیانە، خۆیان وەک نێوەندگیرێک دەردەخەن لەنێوان هاوڵاتی و بازاڕەکەدا، کە هەمیشە سودمەندی گەورە و سەرەکی خاوەن کۆمپانیاکانن و ئەوانەن لەبەشی سەرەوە کۆمپانیاکە بەڕێوە دەبەن،  هەمیشە خەڵکە سادەکە زەرەرمەندە و مایەپوچ دەبێت، ونکە کەسانی باڵا دەست و خاوەن هەژموون لەپشت زۆرینەی ئەم کۆمپانیانەوەن، بێ کاری و نەزانی خەڵکیان قۆستوەتەوە بۆ فێڵکردن و بردنی پارەی خەڵک و مایەپووچکردنیان، بەتایبەت توێژی گەنجان. وەک ئەوەی گوڵاڵە سدیق ئاماژەی پێدا.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکان، ئەوانەی زۆرترین قازانج دەکەن، کەسانێکی پیشەگەر و شارەزان و لە ڕێگەی فرۆشتنی کۆرسی فێرکارییەوە هانی گەنجان دەدەن بەشداری بکەن، بەڵام بە گشتیی ئەوانە زۆرینەیان عێراقی نین و بیانین و لە ڕێگەی هەندێک کۆمپانیای عێراقییەوە خۆیان دەگەیەننە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بیانخەنە داوی ساختەکارییەکانیان.

ئیڤان شاکر دوپردانی، شارەزا و توێژەری کاروباری ئابوری عێراق و نێودەوڵەتی پێی وایە فۆڕێکس، گەورەترین بازاڕی دراوە لە جیهاندا و دوو جۆر مامەڵەی تێدا دەکرێت، یەکێکیان هەنووکەیی و ئەوی دیکەیان دواخراو.

ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین بەشداریان لە بازاڕەکە هەیە

یەکەم: بەریتانیا، ٪43.10

دووەم: ئەمەریکا، ٪16.50

سێیەم: سەنگاپوور، ٪60.7

چوارەم: هۆنگکۆنگ، ٪60.7

پێنجەم: ژاپۆن، ٪50.4

شەشەم: سویسرا، ٪30.3

حەوتەم: فەرەنسا، ٪2

هەشتەم: چین، ٪1.60

نۆیەم: ئەڵمانیا، ٪1.50

دەیەم: ئوسترالیا، ٪1.40

پێنج ناوەندی گەورە

مەنار ئەلعوبێدی، شارەزای کاروباری دارایی، لە بارەی بازاڕەکەوە دەڵێت، هەموو کەسێک دەتوانێت بچێتە ئەو بوارەوە و بازرگانی بکات، بازاڕەکە دەرفەتی ڕەخساندووە بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و بانک و تاکەکانیش تا هەژمار بکەنەوە و مامەڵە بە دراو بکەن.

وتیشی: وەبەرهێنەران دەتوانن دراوی وڵاتێکی دیاریکراو بکڕن و بفرۆشن بە بەراورد بە دراوی وڵاتێکی دیکە، وەک ئەوەی لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا هەیە، لە جیهانی بازاڕی ئەلیکترۆنی دراویشدا، ئەوانەی ئاڵوگۆڕ دەکەن، سەرنج دەخەنە سەر دراوێکی دیاریکراو بە هیوای ئەوەی بەهای بەرز بێتەوە و کاتێک بە بەهایەکی کەم کڕیویانە بە بەهایەکی بەرز بیفرۆشنەوە و قازانج بکەن.

دامەزراوەی عێراقی ئاییندە، لە توێژینەوەیەکدا دەریخستووە، ئەو بازرگانییە ە پێنج ناوەندی سەرەکی دەکرێت، کە بریتین لە بەریتانیا، ئەمەریکا، هۆنگ کۆنگ، سەنگاپوور و ژاپۆن و بەریتانیاش گەورەترین ناوەندییەتی.

سلێمانی 

فەیسەڵ ئەلهەیمەس، سەرۆکی دەستەی کاغەزە داراییەکانی عێراق، مەزندەی ئەوە دەکات، قەبارەی ئاڵوگۆڕی دراو لە کۆمەڵگەی عێراقی تا 2023، گەیشتووتە 900 ملیۆن دۆلار و سەرجەمیشیان بێ مۆڵەت بووە. 

ئەو بەرپرسە وتیشی: لە سلێمانی وەبەرهێنەر هەیە تا ساڵی 2023، نرخی دراوەکانی گەیشتووەتە 100 ملیۆن دۆلار.

هەروەها وتی: دەستەی کاغەزە داراییەکان، تەنیا لایەنی بەرپرسە لەوەی مۆڵەتی کارکردنی ئەو بازاڕە بدات و هیچ مۆڵەتێکی بە هیچ کۆمپانیایەک نەداوە. بۆ ئەو مەبەستەش پێش چەند مانگێک لیژنەیەک پێکهێنراوە لە هەریەک لە نوێنەرانی بانکی ناوەندیی، ئاسایشی نیشتمانی، وەزارەتی ناوخۆ، هەواڵگری و کاغەزە داراییەکان، لەسەر بنەمای داواکاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێداچوونەوەی ئەو بابەتە.

ئاشکراشیکرد، لیژنەکە سەرنجی لەسەر ئەوە چڕکردووەتەوە، میکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆ کارکردنی کۆمپانیاکانی فۆڕئێکس، بەوەی کە دەستەبەری پێشکەش بە دەستەی کاغەزە داراییەکان بکەن، بۆ ئەوەی مۆڵەتیان پێ بدرێت و لەو ڕێگەیەوە کار بکرێت بۆ پارێزگاریکردن لە مافی ئەو هاوڵاتییانەی لە بازاڕەکە کار دەکەن.

ڕێکارەکان

ئەلهەیمەس، ڕوونیشیکردەوە، ئەوە تەنیا ڕێگەیە بۆ چارەسەری کێشەی ئەو کۆمپانیا وەهمیانەی ساختەکاری دەکەن و بە گزی و فێڵکردن داهات و سەرمایەی هاوڵاتیانی عێراق دەبەنە دەرەوە. ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان یاسایین و تۆمار کراون، بەڵام ئەو جۆرە کارە ناکەن.

لە 7ی تەمموزی 2024، بانکی ناوەندیی عێراق، گەڵاڵەیەکی پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی پەسندی بکات و لە ژێر ناوی "پڕۆژەی سیستمی بازرگانی ئەلیکترۆنی"، ڕێکارەکانی پەیوەست بەو بازرگانییەی دەستنیشان کردووە.

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: لەسەر بنەمای فەرمانێکی دیوان بۆ ڕێکخستنی بازرگانی ئەلیکترۆنی گەڵاڵەی پڕۆژەکە ئامادە کراوە. تێیدا ڕێکاری پێویست بۆ مۆڵەت پێدانی ئەو کەسانە دیاریکراوە، کە دەیانەوێت لەو بازاڕەدا کار بکەن.

بە گوێرەی ڕاپرسییەکەی دامەزراوەی عێراقی ئاییندە، ٪62.61ی بەشداربوون گوێیان لە بازرگانی فۆڕئێکس نەبووە، ٪18.48 هەندێک کاریان لەسەر کردووە و هەژماریان کردووەتەوە، ٪13.77 بیستوویانە، بەڵام زانیاری پێویستیان لە بارەیەوە نیە، ٪5.14 بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو بازرگانییەیان کردووە.

دامەزراوەکە پێشبینیکردووە، قەبارەی ئاڵوگۆڕ و خواست لەسەر وەبەرهێنان لە بازاڕی فۆڕئێکس، زیاتر لە 94 ملیۆن دۆلار بێت لە ساڵێکدا و ساڵانەش بە ڕێژەی ٪9.8 قەبارەی مامەڵە داراییەکان زیاتر دەبێت و بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان بە ڕێژەی ٪2.8 لە ساڵێکدا، مەزندە دەکرێت لە 10 ساڵی داهاتوودا، قەبارەی مامەڵە داراییەکان بگاتە 130 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا.

شارەزایان لەو بڕوایەدان، کۆمەڵێک کۆمپانیا و نێوەندگیری دارایی لە عێراقدا هەن، ئەوانە بە بێ چەترێکی یاسایی کار دەکەن و هەندێکیان نووسینگەیان کردووەتەوە لە پارێزگاکان و کارە سەرەکییەکەی خۆیان کە گزیکردن و ساختەکارییە، لە ژێر پەردەی کۆمپانیای ڕاوێژکاری و ئەکادیمیای فێرکردن دەشارنەوە.

هەندێک لە کۆمپانیاکان لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گرافیک و بابەتی دیزاینکراو بڵاودەکەنەوە بۆ سەرنجڕاکێشانی وەبەرهێنەران و دەیانەوێت کەمەندکێشیان بکەن بۆ ئەوەی لە بازاڕەکەدا سەرمایەگوزاری بکەن، بە تایبەتی لە کاتێکدا عێراق خاوەنی بڕی 70 ترلیۆن دیناری نەختینەیە، کە چاپی کردووە. ئەمەش بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ زیادبوونی خواست لەسەر وەبەرهێنان لەو بازاڕەدا.

میکانیزمی ئاڵوگۆڕکردن

ڕێگە هەرە باوەکەی بازاڕی دراوی ئەلیکترۆنی ئاڵوگۆڕی دراوە لە سەکۆ و پلاتفۆرمەکانی (Metatrader4 وMeta trader 5 C trade)، کە نەک تەنیا دراوی وەک دۆلار، بەڵکو نەوت و زێڕ و زیو و کانزاکان و پشکەکانیان تێدا دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت.

سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە عێراقییەکان مامەڵە بە دراوی ئەلیکترۆنی وەک بیتکوین و جۆرەکانی دیکە دەکەن، بەڵام بە بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق قەدەغە کراوە و ئەوانەی لەو بازاڕەدا کار دەکەن بە یاسای ژمارە 39ی 2015ی تایبەت بە شۆردنەوەی پارە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

هەندێک لەو بەکارهێنەرانەی لە ڕێگەی کۆمپانیای مۆڵەتپێدراوەوە چوونەتە ناو کایەی مامەڵەی ئەلیکترۆنی، بە تایبەتی ئەو کۆمپانیایانەی لە ئەمەریکا و ئوسترالیا و وڵاتانی دیکە مۆڵەتیان پێدراوە. 

دوای دڵنیابوونەوە لە پابەندییە یاساییەکانی ئەو کۆمپانیایانە، زانیارییەکانیان تۆمار کردووە و بەڵگەنامەی پێویستیان خستووەتەڕوو، بۆ ئەوەی دواتر بتوانن پارەکەیان ڕابکێشن و کار بکەن. 

ئەوانەی ڕێکارە یاساییەکانیان گرتووەتە بەر دەڵێن، بەکارهێنەر دەتوانێت هەر کاتێک بیەوێت پارەکەی ڕابکێشێت و بێتە دەرەوە بە بێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەکیان لێ کەمببێتەوە.

لە عێراقدا زۆربەی جارەکان کۆمپانیاکان تۆمار نەکراون و وەهمین، زۆرینەیان پشت بە پەیکەری هەرەمی دەبەستن، کەسێک وەک لیدەر دەردەکەوێت و پەیوەندی دەکات بە نێچیرەکانەوە و بە سامان و پارەی زۆر سەرنجیان ڕادەکێشێت و دواتر بە ناوی پشکداری لە قازانج بە ڕێژەی ٪10 زنجیرەیەکی هەرەمی یان تۆڕ دروست دەکات و دوای کۆکردنەوەی بڕێکی زۆری پارە، کۆمپانیاکە مایەپووچبوونی خۆی ڕادەگەیەنێت، یان لەبەر چاو خۆی ون دەکات.

لە هەرێمی کوردستاندا لە دوای 2005ەوە ئەمە یەکێک لە باوترین ڕێگەکانی چەواشەکردن و سپیکردنەوەی پارە و بردنەدەرەوەی دراوی قورس بوو لە هەرێمی کوردستاندا.

لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک چەندین تۆڕ و زنجیرەی هەرەمی تایبەت بە پشکداری و وەبەرهێنان لە قازانج دروست بووبوون کە سەرجەمیان مایەپووچ بوون و دەیان ملیۆن دۆلاری هاوڵاتیان بە شێوەی نایاسایی کۆکرایەوە و ڕەوانەی دەرەوە کرا، بە بێ ئەوەی هیچ کەس و لایەن و کۆمپانیایەک بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت و ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە.

قۆڵبڕین

یونس فەتحی عەبدوڵڵا تەمەنی 31 ساڵە و دانیشتووی شاری موسڵە، دەڵێ، "ئاڵوگۆڕ شتێکە و پلاتفۆرمە هەرەمییەکان شتێکی دیکەیە.

وتیشی: لە 2021دا دۆستێکم پەیوەندی پێوەکردم و پێشنیازی ئەوەی کرد، سەرمایەگوزاری بە پارەکەمەوە بکەم لە سەکۆیەکدا کە قازانجەکەی دەستەبەرە، بۆ جاری یەکەم بە 8000 دۆلار بەشداریم کرد و هەموو هەفتەیەک دووسەد تا سێ سەد دۆلار دەهاتە سەر هەژمارەکەم، بە خێرایی پارەکەم زیادی کرد و گەیشتە 20 هەزار دۆلار، ئەمە وایکرد، هەژمارێکیش بۆ هاوسەرەکەم بکەمەوە و ئەویش بە 8000 هەزار دۆلار بەشدار بوو، بەردەوام قازانج دەهاتە سەر هەژمارەکانمان.

هەروەها وتیشی: ئەو کەسەی نێوەندگیرمان بوو، لە واتسئاپ گروپێکی دروست کردبوو، زوو زوو دەیوت پارەکەت گەیشتە 10 هەزار دۆلار، پیرۆزە، گەیشتە 50 هەزار دۆلار، پیرۆزە، ئەوەی دەستم کەوت لەو هەموو پارەیە تەنیا وشەی "پیرۆزە" بوو.

ئاشکراشیکرد، دوای ماوەیەک نێوەندگیرەکە، خزمەتگوزاری کۆمێنتی لە گروپەکە ڕاگرت، بە تایبەتی کە بەشداربووەکان دەیانپرسی چۆن پارەکەمان وەربگرینەوە، یان چۆن قازانجەکە ڕابکێشین، دواتر هەموو شتێک ڕاوەستا، ئەوەتا لە 2022ەوە ئێمە چاوەڕوانین هەواڵێک لە بارەی سامانەکەمان ببیستین، کەچی هیچمان دەستنەکەوت و هەموو ئەوەی ڕوویدا وەهمێک بوو.

بە هۆی نەبوونی یاسای تایبەتەوە، زۆرینەی ئەوانەی چوونەتە بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان بە تایبەت فۆڕێکس، زیانیان بەرکەوتووە و بوونەتە نێچیری قۆڵبڕ و ساختەکارەکان و زیانی سەدان ملیۆن دۆلار بەر هاوڵاتیان کەوتووە.

ئەلهیمس، پێی وایە لە ساڵانی ڕابردوو، تەنیا کۆمپانیای " Unique Finance "، کە بێ مۆڵەت کاریکردووە بە بڕی 120 ملیۆن دۆلار سامانی عێراقییەکانی بردووە و خاوەنەکەی خۆی شوێنبزر کردووە. کۆمپانیای دیکە هەبووە 950 ملیۆن دۆلاری هاوڵاتیانی بردووە.

لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ، بەشداربووانی سەکۆی هەرەمی "لیندا"، بەو هەواڵە تاسان، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبویەوە و تێیدا باس لەوە کرا، کە ئەو گروپەی لیندایان کردبوویەوە، دەیان ملیۆن دۆلاریان بردووە و دیار نەماون.

ئەحمەد ئەلعەزاوی، (25 ساڵ)، دانیشتووی بەسرە لە باشووری عێراق، باسی لەوە کرد، کۆمپانیایەک بە ناوی ئۆفلاین، بە بێ ئەوەی پەیوەستی هیچ بازاڕێکی جیهانیی و بانکێک بێت، پارەیەکی زۆری کۆکردووەتەوە لە خەڵک و دواتر داخراوە بێ ئەوەی کەس بزانێت پارەکەی بۆ کوێ چووە؟

گوڵاڵە سدیق، شارەزای دارایی و ئابووری وردەکاری زیاتری لە بارەی گزی و فێڵکردن لە هاوڵاتیان خستەڕوو و وتی: شێوازی کارکردن لەو کۆمپانیانە، خۆیان وەک نێوەندگیرێک دەردەخەن لەنێوان هاوڵاتی و بازاڕەکەدا، کە هەمیشە سودمەندی گەورە و سەرەکی خاوەن کۆمپانیاکانن و ئەوانەن لەبەشی سەرەوە کۆمپانیاکە بەڕێوە دەبەن، و هەمیشە خەڵکە سادەکە زەرەرمەندە و ئیفلاس دەکات، چونکە کەسانی باڵا دەست و خاوەن هەژموون لەپشت زۆرینەی ئەم کۆمپانیانەوەن، بێ کاری و نەزانی خەڵکیان قۆستوەتەوە بۆ فێڵکردن و بردنی پارەی خەڵک و ئیفلاس پێکردنیان، بەتایبەت توێژی گەنجان.

وتیشی: هەمیشە، خاوەنی ڕاستەقینەی کۆمپانیاکان چەند گەنجێک دەهێنن و ژیانێکی شاهانەیان بۆ فەراهەم دەکەن بۆ ئەوەی بانگەشەی ئەوە بکەن کە لەڕێی ئەم بازرگانیکردنەوە دەوڵەمەندبوون، تا لەو ڕێیەوە خەڵک ئیغرا بکەن و پارە لەخەڵک کۆبکەنەوە، پاش ماوەیەکی کەم دەڵێن ئیفلاسمان کردوە.

ڕوونیکردەوە، بەهۆی لاوازی حکومەت و باڵا دەستی حزب و کەس بەسەر حکومەتدا دیسان ئەم بازاڕی فۆرێکسە لە عێراق بووە بە ئامرازێکی باش بۆ سپیکردنەوەی پارە.

جەختیکردەوە، کە پێویستە تاک، بەتایبەت گەنجەکانمان، بە بانگەشەی ئەو بەناو خاوەن کۆمپانیایانە هەڵنەخەڵتێن، چیتر ئەو پارە کەمەی بە ئارەقەی ناوچەوان کۆیانکردوەتەوە نەیخەنە دەست ئەو باندە بێ ویژدانانەوە، کە دەوڵەمەندکردنی خۆیان بە ئیفلاس پێکردنی گیرفانی ئەوان بونیاد دەنێن.

دووپاتیکردەوە، کە دەتوانرێت بوترێت بازاڕی فۆڕێکس لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئیستغلال کردن و خراپ بەکارهێنانییەوە، بووە بە وەسیلەیەک بۆ سپیکردنەوەی پارە و فێڵکردن لە خەڵک و ئیفلاس پێکردنیان.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی