تورکیا دوای ساڵێک دەست بە بۆردومانکردنی کەمپی مەخمور دەکاتەوە

#مەخمور#پەکەکە#دژەتیرۆر#تورکیا
9 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 مانگ نوێ کراوەتەوە
زانیار بەهادین
پوختە :
  • دوای نزیکەی ساڵێک لە کشانەوەی پەکەکە لە مەخمور، جارێکی دیکە تورکیا بۆردومانەکانی بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی باکوری کوردستان چڕ دەکاتەوە.
  • ڕۆژی 16ـی ئەیلولی 2024، دژەتیرۆی کودستان لە هەولێر بڵاویکردەوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا کەمپی مەخموری لە سنوری پارێزگای هەولێر بۆردومان کردوە و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
  • پێچەوانەی ڕاگەیەندراوەکەی دژەتیرۆری هەولێر، سەعید شوکری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەمپی مەخمور بە "سبەی" ڕاگەیاند، بۆردومانەکە تەنها زیانی مادی هەبوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبوە.
Primary Asset

کامپی مەخمور

سبەی

دوای نزیکەی ساڵێک لە کشانەوەی پەکەکە لە مەخمور، جارێکی دیکە تورکیا بۆردومانەکانی بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی باکوری کوردستان چڕ دەکاتەوە و لە ماوەی هەفتەیەکدا دووجار بۆردومانی دەکات. دژەتیرۆر دەڵێت، تورکیا بۆردومانی بەرپرسانی پەکەکەی لە کەمپەکە کردووە و بەرپرسانی کەمپەکەش ئەوە ڕەتدەکەنەوە. 

ڕۆژی 16ـی ئەیلولی 2024، دژەتیرۆی کودستان لە هەولێر بڵاویکردەوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا کەمپی مەخموری لە سنوری پارێزگای هەولێر بۆردومان کردوە و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون. 

دژەتیرۆر هێرشەکەی بۆ سەر "چەکدارانی پەکەکە" نابردوە و ڕایگەیاندوە،" لە ناو کوژراو و بریندارەکاندا بەرپرسانی پەکەکە هەن". 

پێچەوانەی ڕاگەیەندراوەکەی دژەتیرۆری هەولێر، سەعید شوکری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەمپی مەخمور بە "سبەی" ڕاگەیاند، بۆردومانەکە تەنها زیانی مادی هەبوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبوە.

سەعید شوکری گێڕایەوە، هێرشەکە بۆ سەر باخچەی ماڵێک بووە، کاتێک بە مەیدانی سەردانی شوێنی بۆردومانەکەیان کردووە و 10 پارچەی بچوکی موشەکی هێرشەکەیان دۆزیوەتەوە. 

ڕونیشكردەوە، بەراورد بە هێرشەکانی ڕابردوو، هەست بە جیاوازی هێرشەکە دەکرێت چونکە پارچەی موشەکەکانی هێرشەکەی ئەمجارە بچوکن و هاوشێوەی پێشتر گەورەنین. 

پاشماوەی هێرشەکەی 16ـی ئەیلولی 2024 / ڕۆژنیوز

زانیاری هەڵە بڵاوکرایەوە

سەرەتای ڕوداوەکە، سەعید شوکری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەمپی مەخمور بە "سبەی" ڕاگەیاندبوو،" ئەمڕۆ هیچ بۆردومانێک لە کەمپی مەخمور ڕوینەداوە، ئێمە لە کەمپی مەخمورین و خەڵکەکەشی هەمووی سەلامەتە، ئەوەی هەیە بوتڵێکی غاز لەناو باخێکی هەنجیر لەتەنیشت کەمپەکەوە تەقیوەتەوە و هیچ زیانی لێ نەکەوتووەتەوە".

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەمپی مەخمور لەسەر لێدانەکەی پێشوتری داوای لێبوردنی لە خوێنەرانی "سبەی" کرد و وتی،" دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە هێرشی درۆنی بووە و ئەو بوتڵە غازە بەهۆی بۆردومانەکەوە تەقیوە. 

هێرشی سەر کەمپی مەخمور دەستی پێکردەوە

‌لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوو، ئەمە دووەمین جارە کەمپی مەخمور بۆردومان دەکرێت، ڕۆژی 10ـی ئەیلولی 2024، تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانی کەمپی مەخموری کرد، بەرپرسانی کەمپەکە ڕایانگەیاند، بۆردومانەکە ناوەندی دایکانی ئاشتی کردوتەوە ئامانج و بە هۆیەوە سێ ژن برینداربوون.

چڕکردنەوەی بۆردومانکردنی کەمپی مەخمور دوای ئەوەدێت، ماوەیەکی درێژە تورکیا بۆردومانەکانی بۆ سەر ئەو کەمپە ڕاگرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی پەکەکە کشانەوەی تەواوەتی گەریلاکانی ڕاگەیاند. 

ڕۆژی 19ـی تشرینی یەکەمی 2023، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) ڕایگەیاند، بەڕێوەبەری بزوتنەوەکەیان گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی کە هێزەکانیان لە سنوری کەمپی مەخمور ئەرکەکانیان تەواو بووە و بڕیاریانداوە بە کشاندنەوەیان.

بڕیارەکەی پەکەکە لەپێناو ڕاگرتنی بۆردومانەکانی سەر کەمپەکە بووە بەڵام دوای نزیکەی ساڵێک لە ڕاگەیاندنی کشانەوە ئێستا لەلایەن پارتی و تورکیاوە بە گەڕانەوە بۆ کەمپەکە تۆمەتبار دەکرێت بەڵام بەرپرسانی کەمپەکە گەڕانەوەی پەکەکە ڕەتدەکەنەوە. 

کەمپی مەخمور 

کەمپی مەخمور کە بەکەمپی رۆستەم جودیش ناسراوە، لە ساڵی 1998 لە رۆژهەڵاتی مەخمور بۆ کوردانی باکوری کوردستان دروستکراوە و نزیکەی 10 هەزار کەس لەکەمپەکەدا نیشتەجێن.

خۆپیشاندانی دانیشتوانی کەمپی مەخمور دژی هێرشەکانی تورکیا / ڕۆژنیوز

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی