مۆتی مامان لە کاتی دەستگیرکردنیدا
سبەی
دەزگا ئەمنییەكانی ئیسرائیل ئاشكرایان كرد: کەسێکیان بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی چەند بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل دەستگیركردووە، کە گومان دەکرێت ئێران رایسپاردبێت لە تۆڵەی كوشتنی ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس، ئەو کردەوەیە ئەنجامبدات.
ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل "شاباك" و پۆلیسی ئیسرائیلی بڵاوكردوەتەوە، باس لەوەدەكات مانگی ڕابردوو دەزگا ئەمنییەكان كەسێكی ئیسرائیلییان ”مۆتی مامان" دەستگیركردووە، گومانی ئەوەی لێدەكرێت ئێران ئەركداری كردبێت بۆ كوشتنی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل و یوواف گالانت وەزیری بەرگریی و ڕۆنین بار سەرۆكی دەزگای "شاباك".
پلانەکە چۆن داڕێژراوە؟
بەوتەی ئەو دوو دەزگا ئەمنییەی ئیسرائیل، گومانلێكراوەكە دووجار سەردانی ئێرانی كردووە و لەبەرامبەر جێبەجێكردنی ئەو ئەركە پارەی وەرگرتووە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكانی شاباك و پۆلیسی ئیسرائیل، مۆتی مامان بازرگانە و ساڵانێكی زۆر لە توركیا ژیاوە، لەوێ پەیوەندی كۆمەڵایەتی توندوتۆڵی لەگەڵ هاوڵاتیانی ئێران و توركیا بەستووە.
ئەو گومانلێكراوە ئیسرائیلییە، بەوتەی دەزگا ئەمنییەكانی ئیسرائیل چەند جارێك چووەتە شاری سەمەنداجی توركیا كە نزیكە لە سنوری سوریا، لەوێ چاوی بە دوو نوێنەر كەوتووە كە بازرگانێكی ئێرانی ناردونی، لەوێ گومانلێكراوە ئیسرائیلیەكە و بازرگانە ئێرانییەكە پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
لە مانگی پێنجی 2024 ئەو گومانلێكراوە ئیسرائیلییە جارێكی تر چاوی بە دوو نوێنەرەكەی بازرگانە ئێرانییەكە كەوتووەتەوە، دواتر بازرگانە ئێرانییەكە خۆی چووەتە توركیا و لەگەڵ خۆی و لە ڕێگەی دەروازەیەكی سنوری لە شاری وانەوە ئیسرائلییەكەی بردووەتە ئێران.
بەوتەی دەزگا ئەمنییەكانی ئیسرائیل، مۆتی مامان لە ئێران چاوی بە بازرگانە ئێرانیەكە كە ناوی "ئیدی" یە كەوتووە لەگەڵ كەسێكی تر بەناوی "خواجە"، لەوێ وەك ئەندامی هێزە ئەمنیەكانی ئێران خۆیان پێناساندووە.
بەپێی دانپێدانانەكە لە كۆبوونەوەكەدا ئێرانیەكان بە مۆتییان وتووە پێویستە كارێكیان لە بەرژەوەندی ئێران بۆ بكات و پارە و چەكیان بۆ بگەیەنێتە چەند شوێنێكی ئیسرائیل و دواتر دەست بەو پلانە بكات كە پێی دەوترێت، ئیسرائیلیەكەش پێی وتون بیر لە داواكاریەكەیان دەكاتەوە، لە مانگی ئابی 2024 جارێكی تر لەناو بارهەڵگردا شاردراوەتەوە و چووەتە ئێران.
تۆڵەی كوژرانی هەنیە
بەوتەی شاباك، ئیسرائیلیەكە لە ماڵی ئیدی چاوی بە بەرپرسانی هەواڵگریی ئێران كەوتووە، داوایان لێكردوە پلانی كوشتنی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل و یوواف گالانت وەزیری بەرگریی و رۆنین بار سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل "شاباك" دابنێت و جێبەجێی بكات.
دواتر بەرپرسە ئێرانیەكان بە مۆتییان وتووە دوای كوشتنی ئەو سێ بەرپرسە پێویستە هەریەك لە نەفتالی بینیت سەرۆكوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل و چەند بەرپرسێكی دیكەش بكوژێت.
بەرپرسە ئێرانیەكان بەوتەی شاباكی ئیسرائیل، ئەو پلانەیان لە تۆڵەی كوشتنی ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس داڕشتووە، كە مانگی تەموزی ڕابردوو لە ئێران كوژرا و ئیسرائیل بە كوشتنی تۆمەتبار كرا.
لە درێژەی دانپێدانانەكەدا بەوتەی شاباك، ئەو ئیسرائیلیە بۆ پێشەكی كارەكەی داوای ملیۆنێك دۆلاری لە ئێران كردووە و دوای دوو ڕۆژ مانەوەی لە ئێران چووەتە توركیا و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل و دەستگیركراوە.
تائێستا میدیای فەرمی ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە هیچ لێدوانێكیان لەبارەی دەستگیركردنی ئەو ئیسرائیلیە و پەیوەندی بە ئێرانەوە نەداوە.