لە عێراق چی ڕوودەدات؟ تۆمەتبارەكانی حەشدی شەعبی بەڕێوەبەرایەتی مافی مرۆڤ دادەمەزرێنن

#مافی مرۆڤ#نەتەوە یەکگرتوەکان#عێراق#حەشدی شەعبی
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەرپرسانی نەتەوەیەكگرتووەكان نابێت ئەو چالاكیانە ڕێكبخەن و كەسایەتییەكانی گروپە چەكدارە عێراقیەكان میوانداری بكەن كە بەرپرسن لە كوشتنی خۆپیشاندەران و ئەنجامدانی تاوانی تر، بەڵام ئەوە ڕێك لە عێراق ڕوودەدات
Primary Asset

ئەبو مونتەزر حسێنی

سبەی

بەرپرسانی حەشدی شەعبی تۆمەتبارن بە پێشێلكاری دژ بە مافی مرۆڤ، بەڵام  بەڕێوەبەرایەتی مافەكانی مرۆڤ دادەمەزرێنن و بەرپرسانی نەتەوەیەكگرتووەكانیش بەشداری چالاكیەكانیان دەكەن.

بەرپرسانی نەتەوەیەكگرتووەكان نابێت ئەو چالاكیانە ڕێكبخەن و كەسایەتییەكانی گروپە چەكدارە عێراقیەكان میوانداری بكەن كە بەرپرسن لە كوشتنی خۆپیشاندەران و ئەنجامدانی تاوانی تر، بەڵام ئەوە ڕێك لە عێراق ڕوودەدات لەچوارچێوەی دروستكردنی بەڕێوەبەرایەتی مافەكانی مرۆڤ كە بەڕێوەبەرایەتیەكی نوێی حەشدی شەعبی و گروپە چەكدارەكانی عێراقە.

تۆمەتبارە و پلەی بەرزدەکرێتەوە

 فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، لە وێنەیەكدا دەردەكەوێت كە پلەی ئەبو مونتەزر حسێنی بەرزدەكاتەوە، لەكاتێكدا تۆمەتبارە بە تێوەگلانی كوشتنی خۆپیشاندەرانی 2019 دژی حكومەتی عێراق و لەلایەن ئەمەریكاشەوە داواكراوە.

لە 26 ی حوزەیرانی ڕابردوو، فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، كە خۆی لە لیستی سزادراوانی ئەمەریكادایە وەك پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ، بەڕێوەبەرایەتی مافی مرۆڤی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی دامەزراند.

فالح فەیاز بە پێدانی پلە بە ئەبو مونتەزر، پشتیوانی ئەو كارانە دەكات كە بەرپرسانی گروپە چەكدارەكان ئەنجامیدەدەن لە كوشتن و سەركوتكردنی خۆپیشاندەران بەتایبەت لە خۆپیشاندانەكانی 2019 كە دژ بە حكومەتی عێراق بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس وۆچ و ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە خۆپیشاندانەكانی 2019 زیاتر لە 500 كەس كوژراون و هەزارانیش برینداربوون، سەدان كەسیش دەستگیركران و ئەشكەنجەدران و سوكایەتییان پێكرا.

بەڕێوەبەرایەتی مافەكانی مرۆڤ سەر بە دەستەی حەشدی شەعبییە، ئەبو مونتەزر حسێنی ( ناوە بنەڕەتییەكەی تەحسین عەبد موراد عەبودی) یە و بەرپرسی پێشووی پرۆسەكانی حەشدی شەعبی بووە، بەوتەی چالاكوانانی عێراقی بەرپرسە لە كوشتن و ئەشكەنجەدان و ڕفاندنی خۆپیشاندەرانی عێراقی لە بەغدا و چەند ناوچەیەكی تر لە ساڵی 2019 كە فالح فەیاز پلەكەی بەرزكردەوە و ڕێزی لێنا.

بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتیە نوێیەكەی حەشدی شەعبی حسێن شەلهوب حەردانە، كە سەرۆكی دامەزراوەی هودایە بۆ توێژینەوەی ستراتیژی و سەر بە حەشدی شەعبییە، لە هەمانكاتدا ڕاوێژكاری فالح فەیازە، سەرەڕای ئەو پێشێلكاریانەش ئەمساڵ ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكا چەندین چالاكییان لە عێراق لەژێر سەرپەرشتی ئەو دامەزراوە نوێیەی مافی مرۆڤی سەر بە حەشدی شەعبی ڕێكخست و ئەو كەسانەش كە پێشتر ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بە پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ ناویان بردبوون بانگهێشت كرابوون.

لە 25 ی نیسانی ئەمساڵ، ئەبو مونتەزر حسێنی، وەرشەیەكی كاركردنی لەگەڵ یونسێف كردەوە و دواتر دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند چالاكیەكە لە بارەگای حەشدی شەعبی بووە لە بەغدا، ناونیشانی چالاكیەكەش " مافەكانی منداڵ بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەكان" و باس لە هەوڵەكانی حەشدی شەعبی كراوە لە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ بە گشتی و مافی منداڵان بە تایبەتی.

بەڵام یونسێف لەسەر ئەو بڵاوكراوەیەی دەستەی حەشدی شەعبی كە بە عەرەبی بڵاوكرابوەوە هیچ شتێكی بڵاونەكردەوە و هیچ قسەیەكیشی نەكرد.

لە ماوەی نێوان 20 تا 22 ی ئایاری ئەمساڵ، دەستەی حەشدی شەعبی، لەگەڵ " بەرنامەی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ گەشەپێدان" و "كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ" لە عێراق چەندین وەرشەی كاركردنی ڕێكخست، وەرشەكانیش لە ناوەندەی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی ناوەندی سەر بە حەشدی شەعبی كرانەوە، لەكاتێكدا بەوتەی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئەو بەڕێوەبەرایەتیە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە كوشتن و كاری تیرۆریستییەوە هەیە دژ بە خۆپیشاندەران و هاوڵاتیانی عێراقی، بەتایبەت دامەزرێنەرەكەی كە لەسەر لیستی داواكراوانی ئەمەریكایە و تۆمەتبارە بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، ئەویش "ئەبو زەینەب لامی" یە كە ناوە بنەڕەتییەكەی (حسێن فەلاح لامی" یە.

ئەو پرسیارەی پێویستی بە وەڵامە

هەر ئەوەش نا لە ماوەی نێوان 2 بۆ 5 ی ئەیلولی ئەمساڵ، لە بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی، وەرشەیەكی دیكەی كاركردن سەبارەت بە مافەكانی مرۆڤ كرایەوە، ئەمجارەیان بەرپرسانی باڵاتری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق " یۆنامی" بەشدارییان تێداكرد، لەكاتی چالاكییەكەشدا جگە لە ئامادەبوونی بەرپرسانی حەشدی شەعبی، وێنەی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس هەڵواسرابوون.

ئەم بەشدارییانەی بەرپرسانی نەتەوەیەكگرتووەكان لە چالاكیەكانی تایبەت بە حەشدی شەعبی و ئەو بەرپرسانەی تۆمەتبارن بە كوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و خۆپیشاندەران، بەتایبەتیش خۆپیشاندەرانی 2019 لە عێراق، ئەو پرسیارە دەهێنێتە كایەوە، ئایا كاتێك ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند لەو خۆپیشاندانانە زیاتر لە 500 كەس كوژراون و نەتەوەیەكگرتووەكان داوای سزادانی بكوژانیان دەكات، بەشداربوونی بەرپرسانی نەتەوەیەكگرتووەكان لە چالاكییەكانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ لەگەڵ بكوژانی مرۆڤ بۆ سپیكردنەوەی تاوانەكانیان نییە، یاخود كێ بەدوای مافی ئەو كوژرا و بێسەروشوێنبووانەدا دەگەڕێت؟

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی