بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خانە و ڕێکخەری گشتی دەدات

9 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
Primary Asset

کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان 21/9/2024

سبەی

بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خانە و ڕێکخەری گشتی دەدات، ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، دەمانەوێت پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان ئەنجام بدەین.

دلاوەر سەید عومەر ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بە "سبەی" ڕاگەیاند، دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان خانە و ڕێکخەری گشتی هەڵبژێرێت و دواتر پرسی بەشداریکردن یان نەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکاتەوە. 

ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان کە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان تائێستا بڕیاری نەداوە کە گۆڕان بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان بکات یان نا، پڕۆسەکەی بۆ دوای هەڵبژاردنی خانە و ڕێکخەر دواخستووە. 

شکستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 2021ـی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاڕاستەیەکی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دروستکردوە، ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بە گرنگی دەزانێت "ئەو پرسە چارەنوسسازە جڤاتی نیشتمانی یەکلایی بکاتەوە". 

بریکارنامەکەی ڕێکخەری دەستلەکارکێشاوە گرفتی نوێی دروستکردوە

عومەر سەید عەلی ڕێکخەری دەستلەکارکێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان، بریکارنامەیەکی لە فەرمانگەی دادنوسی سلێمانی بۆ هەمان مەبەست بۆ دانا ئەحمەد مەجید کردەوە و ڕۆژی 18ـی ئەیلولی 2024، لە نوسراوێکدا بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوایکرد، دانا ئەحمەد مەجید بە وەکالەت وەک ڕێکخەری گشتیی گۆڕان بناسێنێت، هەمان ڕۆژ، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان وەڵامی نوسراوەکەی دایەوە و دانا ئەحمەد مەجیدی وەک ڕێکخەری گشتیی گۆڕان بە وەکالەت بۆ ماوەی شەش مانگ ناساند. 

بریکارنامەکەی عومەر سەید عەلی بۆ دانا ئەحمەد مەجید گرفتێکی دیکەی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دروستکردووە، بەشێک بریکارنامەکە بە یاسایی دەزانن و بەشێکی دیکەش کە خۆیان وەک زۆرینە دەناسێنن ڕەتیدەکەنەوە.

دلاوەر سەید عومەر ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی بریکارنامەکەوە وتی،" کارەکە نا دەستورییە بۆیە دەبوو لە جڤاتی نیشتمانی بڕیاری لەسەر بدرایەوە، دواتر بریکارنامەکە بکرایەتەوە".

ڕێکخەر و خانە هەڵنەبژێردران

بڕیاربوو، بزوتنەوەی گۆڕان ڕۆژی 5ـی ئەیلولی 2024 هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتیی ئەنجام بدات، هەروەها ڕۆژی 7ـی ئەیلولی 2024یش، هەڵبژاردن بۆ ڕێکخەری گشتیی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن بکات، بەڵام بەهۆی کێشە ناوخۆیییەکانەوە بزوتنەوەکە نەیتوانی ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدات. 

ڕێکخەر و خانەیەکی بەسەرچوو

بەپێی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان عومەر سەید عەلی ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لە 14ـی ئەیلولی 2021ـەوە ماوەی یاساییان تەواو بووە. 

ئەوکات بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە سەرکردایەتی گۆڕان بەردەوامی بە کارەکانیدا بەڵام 13ـی تشرینی یەکەمی 2021 بەهۆی شکستی گۆڕانەوە لە هەڵبژاردن ڕێکخەر و خانەی ڕاپەڕاندن دەستیان لە کارکێشایەوە.

خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوی دەستلەکارکێشانەوەکەدا ڕایگەیاند، لە زووترین کاتدا دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە پێکدەهێندرێت، ئەگەرچی چەندین هەوڵ بۆ هەڵبژاردنی ئەو دەستەیە هەبوون، بەڵام شکست بە هەوڵەکان هێندراوە. 

ڕۆژی 17ـی نیسانی 2022، دوای ئەوەی جڤاتی نیشتمانی بڕیای کشانەوەی گۆڕانی لە حکومەت پەسەند کرد، ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن وێڕای دەست لە کارکێشانەوەیان گەڕانەوە کۆبونەوەکانی جڤاتەکە.

خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لە (ڕێكخەری گشتی، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی، سكرتێری جڤاتی گشتی، سكرتێری فراكسیۆنەكان، سكرتێری باژێروانەكان، سكرتێری ژوورەكان و سكرتێری کاروباری خەڵك) پێكدێن.

بەپێی دەستوری پێشێووی بزوتنەوەی گۆڕان ڕێکخەری گشتی مافی هەبوو بۆ سێ خول کە هەر خولێک دوو ساڵە پۆستی ڕێکخەری گشتی وەربگرێت، بەپێی دەستوری نوێش ڕێکخەری گشتی دەتوانێت بۆ دوو خولی سێ ساڵی پۆستی ڕێکخەری گشتی وەربگرێت. 

بەپێی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان عومەر سەید عەلی، لە 25ـی تەموزی 2017ـەوە بە ڕێکخەری گشتی گۆڕان هەڵبژێردراوە زیاتر لە شەش ساڵ ڕێکخەری گشتی بووە بەڵام تەنها دوو خول ڕێکخەر بووە. 

بزوتنەوەی گۆڕان 

ڕۆژی  11ـی نیسانی 2009 نەوشیروان مستەفا لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ی لەندەنی ژمارە 11092 ئاشکرای کرد کە رێبەرایەتی لیستێکی تایبەت دەکات، جیاواز لە لیستی حیزبەکانی تری کوردستان، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان.

ڕۆژی 28ـی نسیانی 2009 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نوسراوی ژمارە 159 لیستی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی فەرمی لە هەرێمی کوردستان ناساند. بۆ بەشداریکردنیش لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رۆژی 27-8-2009 بە نوسراوی ژمارە 32 لیستی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی فەرمی لە سەر ئاستی عێراق ناساند.

مێژوی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەک رێکخراوێکی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ 31ـی ئایاری 2010 کاتێ لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوسراوی ژمارە 13382 مۆڵەتی فەرمی وەرگرت.

بزوتنەوەی گۆڕان خۆی ڕۆژی 25ـی تەموزی 2009 وەک ساڵڕۆژی دامەزراندنی دادەنێت، کە یەکەم بەشداریی سیاسی گۆڕان بووە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا.

سەنگی بزوتنەوەی گۆڕان

لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی 25ـی تەموزی 2009 بەڕێوەچوو، لیستی گۆڕان 25 کورسی پەرلەمانی لە کۆی 111 کورسی بەدەستهێنا، وەک دووەم فراکسیۆنی پەرلەمان بووە گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كه‌ ڕۆژی 7ـی ئازاری 2010 به‌ڕێوه‌چوو لیستی گۆڕان بووه‌ خاوه‌نی‌ هەشت کورسی و پێنجەم فراکسیۆنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان كه‌ 21ـی ئەیلولی 2013 به‌ڕێوه‌چوو لیستی‌ گۆڕان، 24 كورسی‌ به‌ده‌ستهێنا.

لە هەڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق لە ڕۆژی 30ـی نیسانی 2014 بەڕێوەچوو، لیستی گۆڕان توانی‌ 9 كورسی‌ به‌ده‌ست بهێنێت.

لیستی‌ گۆڕان له‌ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە 12ـی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، 5 کورسی بەدەستهێنا. لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیش کە 30ـی ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، لیستەکە 12 کورسی بە دەستهێنا.

بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق کە ڕۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2021 بەڕێوەچوو لەگەڵ یەکێتی بە لیستێکی هاوبەش بە ناوی هاوپەیمانی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنی کرد، بەڵام گۆڕان نەیتوانی هیچ کورسییەک بە دەستبهێنێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی