سبەى
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنى عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 700 فڕۆکە لەماوەى رۆژێکدا ئاسمانى عێراقیان بەکارهێناوە بۆ گەشتى ئاسمانی، ئەوەش ژمارەیەکى پێوانەییە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەى بەوەکردووە "لە پەرەسەندنێکی چۆنایەتیدا کە ڕەنگدانەوەی گەڕانەوەی عێراقە بۆ پێگەی خۆی لەسەر نەخشەی گواستنەوەی ئاسمانی جیهانی، فڕینی فڕۆکە بەسەر ئاسمانی عێراقدا ژمارەیەکی پێوانەیی و زیادبوونی بێ وێنەی تۆمارکردووە، ڕۆژانە گەیشتووەتە زیاتر لە 700 گەشت".
دەشڵێت "ئەمەش نیشاندەرێکی سەرنجڕاکێشە بۆ بوژانەوەی ئاسمانی عێراق و بە تەواوی، دوای گرژییەكانى ئەم دواییە عێراق بووەتە شوێنێکى سەرەکی بۆ هاتوچۆی ئاسمانی نێودەوڵەتی".
بەپێى ئامارەکانى وەزارەتەکە، ژمارەى فڕینى فڕۆکە لە ئاسمانی عێراق لە رۆژێکدا بەشێوەیەکی ڕێژەیی زیادی کردووە، لە 300-350 گەشتی پێشوو، بۆ 450-600 گەشت، ئێستاش 700 گەشتی ڕۆژانە تێدەپەڕێنێت. ئەمەش بەرزترین ژمارەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا تۆمارکرابێت.
عەباس بەیزانى بەڕێوەبەرى گشتى خزمەتگوزاریی گەشتى ئاسمانى عێراق وتى "ئەو بەرزبوونەوەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئاسمانی عێراق سەرنجڕاکێشی کارکردنی خۆی و متمانەی هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی وەرگرتووەتەوە، سەرەڕای ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی ئەم دواییە".
وتیشى "زۆرێک لە هێڵە ئاسمانییەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی گەڕاونەتەوە بۆ بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق وەک ڕێڕەوێکی سەرەکی بۆ گەشتە ترانزێتەکانیان، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی متمانەپێکراوی کارکردنی و خزمەتگوزارییەکانی کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی ئاسمانی بە وردی و پێگەی ناوەندی عێراق لەسەر نەخشەی فڕۆکەوانی نێودەوڵەتی".
بەیزانى ئاماژەی بەوەدا کە کۆمپانیاکە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی پەرەپێدانی بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی نێودەوڵەتی (ICAO). ئەم بەرنامانە بریتین لە پێشخستنى سیستەمی فڕین و نیشتنەوە و فراوانکردنی بەکارهێنانی ئاسمانی مەدەنی، کە بەشدارە لە بەرزکردنەوەی سەرنجڕاکێشیی نێودەوڵەتی ئاسمانی عێراق.
تۆمارکردنى ژمارەى پێوانەیی فڕینى فڕۆکە بە ئاسمانى عێراق لەکاتێکدایە، هێشتا عێراق لەژێر سزاکانى ئەوروپادایە، دواى ئەوەى یەکێتى ئەوروپا مانگێک لەمەوبەر جارێکی تر سزای قەدەغەی سەر هێڵی ئاسمانی عێراقی درێژکردەوەو تا شەش مانگی تر هیچ فڕۆکەیەکی ئەو هێڵە ناتوانێت بچێتە وڵاتانى ئەوروپا، ئەوەش بەهۆى پابەندنەبوون بە رێنمایی و پێوەرە جیهانییە کارپێیکراوەکان.
قەدەغەى گەشتەکانى هێڵی ئاسمانی عێراقی لە ئەوروپا کە لە ساڵی 1945 دامەزراوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1991 دوای لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر کوێت و سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر بەغداد سەپێندرا. قەدەغەکردنەکە لە ساڵی 2009 هەڵگیرا، پێش ئەوەی لە ساڵی 2015 بەهۆی پێشێلکارییەکانی سەلامەتی ئاسمانی دووبارە بسەپێنرێتەوە.
بەپێی دوایین راپۆرتی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی، پێویستە عێراق ستانداردی نوێ جێبەجێ بکات بۆ سەلامەتى گەشتە ئاسمانییەکان، وەک بوونی پشکنەر بە ستانداردی نێودەوڵەتی.
قەدەغەکردنی ئەوروپی کاریگەری لەسەر فڕۆکەوانی عێراق هەیە لە ڕووی ئابوری و خزمەتگوزارییەوە. جگە لەوەش هاوڵاتییانى عێراقی لە ئەوروپا، هەروەها ئەوانەی گەشت دەکەن بۆ عێراق، ناچارن لە رێگەى ترانزێتەوە گەشت بکەن وەک فڕۆکەخانەکانى ئەستەنبوڵ و دەوحە بۆ ئەوەی بگەنە فڕۆکەخانەی بەغداد، ئەوەش کاتێکى زۆر دەخایەنێت، لەکاتێکدا گەشتى راستەوخۆ کاتێکى کەمترى پێدەچێت سەربارى تێچووى کەمتر.
پێشتر وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پلانێکی راگەیاند بۆ پەرەپێدانی هێڵی ئاسمانی عێراقی ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریی بەسەرنشینان بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، ئەمە جگە لە پابەندبوون بە خشتەی کاتی گەڕانەوەی فڕۆکە ناچالاکەکان بۆ خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی سەرجەم گەشتەکان لە کاتی دیاریکراودا.