رێككەوتن كراوە؛ هەموو مانگێك دووجار خێزانەكان لە كەمپی هۆلەوە دەگەڕێنەوە بۆ عێراق

#عێراق#کەمپی هۆل#سوریا#جەدعە#
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەوتەی سەرچاوەكە بۆ میدیای عێراقی، رێككەوتنەكە ئامانج لێی خێراكردنی پرۆسەی چۆڵكردنی كەمپی هۆلە لە عێراقیەكان، هەروەها رێكخستنی پرۆسەی گواستنەوەی خێزانەكان مانگانە دووجار و بەپێی ئەو ناوانەی ئامادەكراون، مانگی رابردووش ئیدارەی كەمپەكە ناوی هەندێك خێزانی ئامادەكردووە بۆ ئەوەی لە كەمپی هۆلەوە بگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق، بەڵام چاوەڕێی وەڵامی لایەنی عێراقییە.
Primary Asset

کەمپی هۆل

سبەی

سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرایكردووە، حكومەتی عێراق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا "رۆژئاوای كوردستان" رێككەوتنیان كردووە كە مانگانە دووجار خێزانە عێراقییەكان لە كەمپی هۆلەوە بگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق، ئەمەش لەسەر خواستی خێزانەكان دەبێت.

بەوتەی سەرچاوەكە بۆ میدیای عێراقی، رێككەوتنەكە ئامانج لێی خێراكردنی پرۆسەی چۆڵكردنی كەمپی هۆلە لە عێراقیەكان، هەروەها رێكخستنی پرۆسەی گواستنەوەی خێزانەكان مانگانە دووجار و بەپێی ئەو ناوانەی ئامادەكراون، مانگی رابردووش ئیدارەی كەمپەكە ناوی هەندێك خێزانی ئامادەكردووە بۆ ئەوەی لە كەمپی هۆلەوە بگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق، بەڵام چاوەڕێی وەڵامی لایەنی عێراقییە.

لە 22 ی حوزەیرانی رابردوو، زۆرترین عێراقی كەمپی هۆلیان جێهێشتووە، كە ژمارەیان 935 كەس بوو و لە 236 خێزان پێكهاتبوون.

بەوتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، رێكخستنی گەشتی گەڕانەوەی ئەو خێزانانە و ژمارەكەیان پەیوەستە بە حكومەتی عێراق، لەگەڵ ئەو رێوشوێنە لۆجیستیانەی لە كەمپی جەدعە دەگیرێنەبەر، چونكە بەمدواییە گەڕانەوەی عێراقیەكان لە كەمپی هۆلەوە بۆ كەمپی جەدعە زیادیكردووە، بۆیە پێشبینی دەكرێت گەشتێكی نوێی گەڕانەوەی خێزانە عێراقیەكان لەم هەفتەیەدا ئەنجام بدرێت.

ساڵی رابردوو 223 خێزانی عێراقی كە پێكهاتبوون لە 832 كەس كەمپی هۆلیان لە پارێزگای حەسەكەی سوریا جێهێشت، كە لە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی كوردیدایە، گەڕانەوەشیان لەژێر دۆخێكی ئەمنیی چڕدا بوو بە ئاگاداری و چاودێری هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، 241 خێزانی عێراقی كەمپی هۆلیان جێهێشت كە پێكهاتبوون لە 865 كەس، بەوتەی عەلی عەباس، وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، تائێستا نزیكەی 16 هەزار عێراقی بە 28 قافڵە گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان.

وتیشی هێشتا نزیكەی 15 هەزار عێراقی لە كەمپی هۆل لە سوریا ماون.

بەپێی رێككەوتنی نێوان حكومەتی عێراق و نەتەوەیەكگرتووەكان و ئیدارەی كوردی لە سوریا، پێش كۆتایی 2027 سەرجەم ئەو عێراقیانەی لە كەمپی هۆلن دەگەڕێنەوە بۆ عێراق.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی