"چارەسەرى کرداریی"؛ مەشهەدانى: هاوشێوەى چارەسەرى کێشەى ئاو قەیرانى مووچەى هەرێم چارەسەر دەکەین

#مووچە#مەحمود مەشهەدانى#هەرێمى کوردستان#عێراق#
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • مەشهەدانى لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى، پابەندبوونى تەوتاوەتى پەرلەمانى بۆ چارەسەرى قەیرانى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دوپاتکردەوە و رایگەیاند، هەوڵەکانى پەرلەمان لەو بارەیەوە بەردەوام دەبن تا گەیشتن بە چارەسەرى کرداریی بۆ چارەسەرى قەیرانەکە، وەک چۆن توانیان کێشەى پشکى ئاوى عێراق چارەسەر بکەن.
Primary Asset

سبەى

مەحمود مەشهەدانى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق جەخت لەهەوڵەکان بۆ چارەسەرى کرداریی قەیرانى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت، وەک چۆن پشکى بەشە ئاوى عێراقیان چارەسەرکرد، بەو شێوەیە قەیرانى مووچەش چارەسەر دەکەن.

مەشهەدانى ئەمڕۆ بەسەرۆکایەتى شاندێکى پەرلەمانى عێراق گەیشتە هەرێمى کوردستان و لەلایەن بەرپرسانى باڵاى هەرێمەوە پێشوازى لێکرا، ئەوەش دواى کەمتر لە هەفتەیەک لە سەردانەکەى بۆ تورکیا کە زیادکردنى بڕى بەردانەوەى ئاوى لەلایەن ئەو وڵاتەوە بۆ عێراق لێکەوتەوە.

مەشهەدانى لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى، پابەندبوونى تەواوەتى پەرلەمانى بۆ چارەسەرى قەیرانى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دوپاتکردەوە و رایگەیاند، هەوڵەکانى پەرلەمان لەو بارەیەوە بەردەوام دەبن تا گەیشتن بە چارەسەرى کرداریی بۆ چارەسەرى قەیرانەکە، وەک چۆن توانیان کێشەى پشکى ئاوى عێراق چارەسەر بکەن، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى مەشهەدانى کە دەست "سبەى" کەوتووە.

وتیشى پەرلەمان لەگەڵ دەستپێکردنەوەى دانیشتنەکانى رۆڵێکى کارا دەگێرێت و سەرجەم رێوشوێنە یاساییە پێویستەکان دەگرێتەبەر بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گرەنتى خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەبێ دواکەوتن و دورخستنەوەى دۆسیەى مووچە لە ناکۆکییە سیاسییەکان.

مەشهەدانى هەروەها لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەک بابەتی مووچە، تێکەڵ بە هيچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن، کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان کراوە، ئەوەش بەپێی پێگەى فەرمى حکومەتى هەرێم.

هەردوولا هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لە زووترین کاتدا ، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت. لەمبارەیەوە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدرال بەردەوامن بۆ ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا، کێشەکە چارەسەر بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

نێوەندگیری ئەمەریكا

بە نێوەندگیری ئەمەریكا، گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بۆ رێككەوتن لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بەردەوامن، چاوەڕوان دەكرێت پرسەكە دوای رێورەسمی "عاشورا" یەكلا ببێتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغداد بە "سبەی" وت:"هێشتا گفتوگۆكان لەنێوان هەولێر و بەغداد بەردەوامییان هەیە، گرێدانی مووچەی فەرمانبەران بە پرسی نەوت لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە كارێكی ناپەسەند بوو".

سەرچاوەكە وتیشی "بەغداد ئاستی داواكارییەكانی بەرزنەكردووەتەوە و هەمان داواكاری جارانی هەیە، پێشتر پێیان وابوو بە هەمواری یاسا چارەسەر دەبێت، بۆیە ئەوە شتێكی نوێ نیە، ئێستاش هیچ وەفدێك لە بەغداد نییە، بەڵكو بابەتەكان لەلایەن هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەكراون".

بەوتەی سەرچاوەكە "لەرووی تەكنیكییەوە هەموو ئامادەكارییەك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كراوە، داواكاری ئەمەریكا و كۆمپانیاكانی نەوت لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقە، بەڵام هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە".

سەبارەت بە وادەی یەكلابوونەوەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، سەرچاوەكە وتی "پەیوەندیەكان بەردەوامن، ئێستا عاشورایە و دواتر لەوبارەیەوە شتی نوێ دەبێت".

بەپێی زانیارییەكان، ناكۆكییەكان لەسەر ئەوەن كە هەرێم نایەوێت بەشێك لە نەوتەكەی رادەست بكات و دەیەوێت بۆ پێداویستی ناوخۆ بەكاریبهێنێت، كە زیاترە لە 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە، لەكاتێكدا بەغداد داوای رادەستكردنی هەموو مەلەفی نەوت دەكات، بۆ ئەمەش ئەمەریكیەكان نێوەندگیرن و چاوەڕێی بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن، جگە لەوەش حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا دەكات حكومەتی فیدراڵی خەرجی كۆمپانیا نەوتییەكان كە لە هەرێم كاردەكەن دابین بكات، بەڵام تائێستا بەغداد ئەوە رەتدەكاتەوە.

گفتوگۆکان لەکاتێکدان فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، واتە مووچەی مانگی پێنج و شەشیان پێنەدراوە، ئەمەش دۆخێکی سەختی بۆ دروستکردوون و بازاڕ و کاسپی هاوڵاتیانیش بەوهۆیەوە بەتەواوەتی سست بووە.

دادگای فیدراڵی هیچ فەرمانێک دەرناکات

هەر بەپێی زانیارییەكان، دوای دەست بەكاربوونی سەرۆكی نوێی دادگای فیدراڵی، چاوەڕوانیەكان ئەوە بوون، فەرمانسالاری لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەربكات، بەڵام پێدەچێت ئەم پرسە بگوازرێتەوە بۆ دادگای پێداچوونەوە، بەو پێیەی دادگای فیدراڵی ئاراستەی كاركردنی گۆڕیوە و وەك پێشوو نابێت. ئەوەش لەكاتێكدایە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو 2025-07-07، دادگا یەكەم دانیشتنی بە سەرۆكایەتی دادوەرە نوێیەكە دەكات بەڵام چاوەڕوان ناكرێت هیچ فەرمانێك دەربكات، چونكە پێشتر دادگای فیدراڵی بڕیاری لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانەوە هەبووە و لەبری ئەوە رۆڵ دەداتە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداد بۆ ئەوەی لەبارەی مووچە و نەوت ڕێککەوتن بکەن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی