وێنە: میدیاکان
سبەی
توێژەرانی زانکۆی واشنتۆن بۆیان دەرکەوتووە جگە لە ژیان و مردن "دۆخی سێیەم"یش هەیە و خانەکانی بونەوەرێکی مردوو دوای مردنیشیان لە خۆیانەوە دەجوڵێن، خۆیان نۆژەن دەکەنەوە و خۆیان کۆپی دەکەنەوە.
هەرچەند بە شێوەیەکی گشتی مەرگ و ژیان وەک پێچەوانەی یەکتر لێک دەدرێنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا مردن کۆتایی بە ژیان ناهێنێت و لە ڕێگای بەخشینی ئەندامەکانی جەستەوە، تەنانەت دوای مردنیش ژمارەیەک لە خانە و ئەندامەکانی لەش بەردەوام دەبن لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان.
لەوانەیە بجوڵێن
لە نوێترین توێژینەوەدا دەرکەوتووە لە ئەگەری ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ خۆراک، ئۆکسجین، زیندەئەلیکتریک و زیندەکیمیا ژمارەیەک لە خانەکان دوای مردن، ئەرکی دیکە ڕادەپەڕێنن و دەبنە خاوەن توانای بونەوەری فرەخانە.
بۆ نمونە ئەو خانانەی لە پێستی کۆرپەلەی بۆقی مردوو وەرگیراوە، لە کەشی تاقیگەدا، کراوە بە بونەوەرێکی نوێ کە ناوی لێ ندراوە xenobot.
ئەو بونەوەرە نوێیانە بە دەر لە ڕۆڵی زیندەییی ڕەسەنی خۆیان، هەڵسوکەوتیش دەکەن و دەتوانن بجوڵێن.
خانەکان نۆژەن دەکەنەوە
زانایان بۆیان دەرکەوتووە خانەکانی جگەری مرۆڤیش دەتوانن لەخۆیانەوە بجوڵێن و بگۆڕێن بۆ بونەوەرێکی فرەخانەی وردیلانە کە ناوی لێ ندراوە Anthrobots.
ئەم بونەوەرە نوێیە تەنها بەوەوە ناوەستێت لە دەوروبەری خۆی بسوڕێتەوە، هەروەها توانای نۆژەنکردنەوەی دەمارەخانە بریندارەکانیشی هەیە.
ژیان بە مردن کۆتایی نایەت
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە لە قۆناغی دوای مردنی بونەوەرەکان و کشۆکی کۆئەندامی خانەیی، دۆخەکە دەگۆڕێت.
دۆخی سێیەم کە دوای ژیان و مردن ڕوو دەدات، پشتیوانی لەو بیردۆزە دەکات کە پێی وایە ژیانی بە مردن کۆتایی نایەت و لە ڕێگای گۆڕانەوە بەردەوام دەبێت.
ڕێبازی نوێ لە بواری پزیشکیدا
ئەم دۆزینەوەیە دەرفەتی لەبارتر دەڕەخسێنێت بۆ گرتنەبەری ڕێبازی نوێ لە بواری زانستی پزیشکیدا.
بۆ نمونە دەکرێت لە ڕێگای Anthrobots چارەسەری ژمارەیەک جۆری نەخۆشی بکرێت، یاخود شانە زیانبەرکەوتووەکان نۆژەن بکرێنەوە.
هەروەها دەکرێت بەم هۆیەوە ڕێگە لەوە بگیرێت تەمەن کەم و سنوردار بێت و بەر بە تەشەنەسەندنی کۆنتڕۆڵنەکراوی خانەکانیش بگیرێت.