وێنە: میدیاکان
سبەی
دوای زیاتر بوونە باوی پڕکردنی لێو و دانانی فیلەر، پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەو کارە و بەپێویستی دەزانن ژنان لێی دور بکەونەوە.
مامۆستا لە زانکۆی تیساید'ی بەریتانی، دکتۆر کالیۆ بی دۆودو لەمبارەیەوە توێژینەوەیەکی ئەنجام داوە و بۆی دەرکەتووە ئەو مادەیەی بۆ پڕکردنی لێو بەکار دەهێندرێت، دەبێتە هۆی تێکدانی سوڕی خوێن و تەنانەت لەوانەیە ببێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجەش.
دۆودو ئاماژە بەوە دەدات کە ژمارەیەک لەو مادانەی بۆ ئەو مەبەستە بەکار دەهێندرێن کوالێتییان باش نییە و مادەی کیمیاییی مەترسیدار لەخۆ دەگرن، دەڵێت: "مادە کیمیایییەکان دەچنە ناو لولەکانی خوێن و کاریگەری نەرێنی دەکەنە سەر سوڕی خوێن. ئەمەیش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە خانەکان و توشبوون بە شێرپەنجەی خوێن".
بەپێی توێژینەوەکە بەشێک لەو مادەیەی لێوی پێ پڕ دەکرێت، لەگەڵ تێپەڕینی کات لەش دەیمژێت و کەمێکیشی ماوەیەکی زۆر لە لەشدا دەمێنێتەوە و زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنێت.
پسپۆڕان بە پێویستی دەزانن کلینیک و سەنتەرەکانی پڕکردنی لێو و دانانی فیلەر بخرێنە ژێر چاودێریی توندی لایەنە تەندروستییەکانەوە.