سودانی بەدەست چەند پرسێکەوە دەناڵێنێت کە دیارترینیان کاریگەریی گروپە چەکدارەکانە
سبەى
هەڵبژاردنی داهاتووی مانگی 11ی ئەمساڵ بۆ محەمەد شیاع سودانى چارەنوسساز و یەکلاکەرەوە دەبێت، چونکە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی داوای خولی دووەم دەکات، بەڵام مانەوەی بەندە بە هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانەوە، ئەوەش بەپێی گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانی.
بەپێی راپۆرتێکى گۆڤارەکە، عێراق گەشەی دانیشتووانی بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی 2003ەوە، نزیکەی 20 ملیۆن دانیشتووانی زیادی کردووە و کۆی ژمارەی دانیشتووان بۆ زیاتر لە 46 ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەغداد بوومەلەرزەیەکی تەلارسازی بەخۆیەوە دەبینێت"، بەجۆرێک کرێنەکان لە ئاسماندا بڵاوەیان پێکراوە و پردەکان، نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان بە خێرایی دروستدەکرێن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەقامگیرییەکی ئەمنی بێوێنە لەدوای چەندین ساڵ جەنگ و وێرانکارییەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لەدوای دەستبەکاربوونی محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2022، 20 پرد لە بەغداد دروستکراون، حکومەت لانیکەم چوار نەخۆشخانەی نوێی کردۆتەوە، لەنێویاندا یەکەم سەنتەری تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجە لە عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان). بەگوێرەی راپۆرتەکە، زیاتر لە هەزار و 700 قوتابخانە دروستکراون یان نۆژەنکراونەتەوە، پلانیش هەیە چوار هۆتێلی گەورە بکرێنەوە.
چاکسازی و خۆشگوزەرانی
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم فراوانبوونە بەبێ کەمبوونەوەی توندوتیژی و باشتربوونی بارودۆخی ئەمنی رووی نەدەدا.
هەروەها ئاماژەی بە چاکسازییە بانکییەکان کرد، کە ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە دارایی و بەکارهێنانی داهاتی نەوت بۆ باشترکردنی دۆخی وڵات کردووە، بەو پێیەی پێشتر پارەکان بۆ دەرەوەی وڵات دزەیان دەکرد.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سودانی لە پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە نزیک دەبێتەوە، وەک ئەوەی "زیاتر ئەندازیارێکی مەیدانی بێت تا سیاسەتمەدار"، بەشێوەیەکی تاکەکەسی سەرپەرشتی لیژنەکانی وەبەرهێنان دەکات و سەردانی لەناکاو بۆ شوێنەکانی بیناسازی دەکات، ئەمەش وایکردووە پرۆسەی پڕۆژە گەورەکان خێراتر بکات.
گۆڤارەکە جەختی لەوە کردەوە، کە چاکسازییەکان لە دەرەوەی پایتەخت درێژدەبنەوە و کاریگەرییان لەسەر کەرتەکانی خزمەتگوزاریش هەبووە. ئێستا فەرمانگەکانی پاسپۆرت تەنها لە ماوەی 45 خولەکدا بەڵگەنامەکان دەردەکەن.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە داهاتی گومرگی لە ساڵی 2023دا لە 690 ملیۆن دۆلارەوە بۆ زیاتر لە 2.3 ملیار دۆلار لەمساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، ئەویش بەهۆی گۆڕانکاری دیجیتاڵییەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، چیتر مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت بە کاش نادرێت و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە حکومییەکان، ئێستا پێویستی بە بەکارهێنانی کارتی بانکی هەیە.
بەربەستەکانی بەردەم گەشەکردن
بەڵام گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە سودانی خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارە شیعەکان بەدوور گرتووە و پێی باشترە لە رووی ئابوورییەوە، لە رێگەی گرێبەستە حکومییەکانەوە یەکبخرێن. ئەو پێی وایە بەشداریکردنیان لە وەبەرهێناندا، رەنگە بەشداریکردنیان لە توندوتیژیدا سنووردار بکات.
باسى لەوەشکردووە "گروپە چەکدارە عێراقییەکانی سەر بەئێران" خۆیان لە دەستوەردان لە شەڕی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل بەدوور گرت، کە هەندێک لە چاودێران وەک بەڵگەیەک بۆ سەرکەوتنی سیاسەتی سودانی سەیریان کردووە.
بەڵام هەندێکی تر، بە پێی ڕاپۆرتەکە، پێیان وایە ئەم سیاسەتە رێگەى بە گروپە چەکدارەکان داوە تا سەروەت و سامانی خۆیان زیاد بکەن و هەژموونی خۆیان بەسەر دەوڵەتدا بەهێزتر بکەن.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوکات سودانی بەدەست چەند پرسێکەوە دەناڵێنێت. دیارترینیان ئەوەیە، بەهۆی کاریگەریی گروپە چەکدارەکانەوە، نەیتوانیوە چاکسازی لە کەرتی وزەدا بکات.
لە کۆتاییدا ئیکۆنۆمیست بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە گەندەڵی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بەربڵاوە و ئاستەنگەکان زۆرن. سەرەڕای ئەوەش، تواناکانی عێراق هێشتا زۆر گەورەن، بەو پێیەی ساڵانە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی یەک ملیۆن زیاد دەکات، ئەمەش هێزێکی جەماوەریی گەورە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە دابین دەکات.