سبەى
رۆژی 3ی ئەیلولی 2025 لە گۆڕەپانی تیانانمەن، دەیان هەزار سەربازی چینی لە نمایشێکی سەربازیدا دەرکەوتن، کە بە گەورەترین نمایش لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتەکەدا وەسفکرا. بەیجین هەموو سیستمەکانی جەنگی سەربازی مۆدێرنی خۆی نمایش کرد و پەیامێکی ناوازەی بۆ جیهان نارد.
نمایشەکە تەنیا سەربازی نەبوو، هەروەها رەهەندێکی شانۆیی و دیپلۆماسی هەڵگرتبوو. سەرکردایەتی چین حەزی دەکرد ئامادەیییەکی بەرفراوانی بیانی بۆ خۆی رابکێشێت، هەوڵی دەدا پێگەی خۆی وەک هێزێکی گەورە لە باشووری جیهانیدا دووپات بکاتەوە، چین چیتر تەنها نەیارێکی گۆشەگیری رۆژئاوا نییە.
دیارترین دیمەن دانیشتنی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا بوو لە پاڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین. بۆ مۆسکۆ کە بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا لە گۆشەگیریدا نوقم بووە، بوونی لە بەیجین پەنجەرەیەکی بۆ دابین کرد، کە رووسیا تەنیا نییە.
هەروەها کاتی یارییەکە بەڕێکەوت نەبووە، لە کاتێکدا واشنتۆن سپۆنسەری گفتوگۆیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ دەکرد، شی و پوتین دەرفەتیان قۆستەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی دوای جەنگ، لەوانەش ئاسۆی ئاشتی و داڕشتنی سیستمێکی نوێی جیهانی، تەنانەت ئەگەر وردەکارییەکانی ئەو گفتوگۆیانە بە فەرمی ئاشکرا نەکرێن.
شی هەوڵیدا پێداچوونەوە بە گێڕانەوەیەکی مێژووییدا بکات، کە رۆڵی چینی خستبووە پەراوێزەوە. لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، کە چین یاریزانێکی سەرەکییە و هاوبەشێکی دامەزرێنەری سیتسمی نێودەوڵەتییە.
چاودێران پێیان وایە ئەوەی روویدا تەنها رووداوێکی پرۆتۆکۆڵی نەبووە، بەڵکو کردەوەیەکی ستراتیژی بووە. پەیامێکی ئاڵۆزی دەگەیاند. بە روونتر ئاڕاستەی واشنتۆن بوو: کە تۆ تەنیا نیت لە گەردووندا.
سیانەی ئەتۆمی چین
یەکەم ئامرازەکان کە لە داڕشتنی پەیامە ستراتیژییەکان بەکاردەهێنرێن، لە دەربڕینی ئەوەی بە "سیانەی ئەتۆمی" چینی ناسراوە، واتە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەڕەشەکان لە دەریا و زەمین و ئاسمان.
لە ئاستی هێزی زەمینیدا، مووشەکی بالیستی دورمەودای "دۆنگ فۆنگ-61" (رەشەبای خۆرهەڵات)ی نمایشکرد، کە چەکێکی نوێیە و توانای هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمی هەیە. ئەوەی وای لێدەکات ناوازە بێت ئەوەیە، کە لە سەکۆ جووڵاوەکاندا دەتوانرێت بەکاربهێنرێت.
لە بواری هێزی دەریایی، موشەکی بالیستی "جۆلانگ-3" (شەپۆلی ژینگەیی-3)ی ئاشکراکرد، کە بۆ ڕێگریکردن لە ژێردەریاییە ئەتۆمییەکان دیزاین کراوە. ئەم مووشەکانە توانای ئەنجامدانی هێرشی ورد، لە قووڵایی زەریاکانەوە بە چین دەبەخشن.
لە هێزی ئاسمانیدا، پەردەی لادا لەسەر موشەکی "جینگ لی-1" (هەورەبروسکە-1) کە دەتوانێت ئامانجی ستراتیجی بپێکێت.
لە سایەی ئەم یەکگرتنە لە نێوان سێ وێستگەی وزە ئەتۆمییەکەیدا، چین دەیەوێت جەخت لەوە بکاتەوە، کە نەک هەر بە هێزێکی ناوچەیی دادەنرێت، بەڵکو هێزێکی ئەتۆمی پێگەیشتووی بنیات ناوە، کە توانای ئاراستەکردنی هەڕەشە ستراتیجییەکانیشی هەیە.
هاوکات چین باڵاترین موشەکی بالیستی خۆی نمایشکرد، کە مووشەکی کیشوەر بڕی دۆنگ فۆنگ-5 ە، کە نوێترین وەشانی زنجیرەیەکە، کە حەوت ساڵ لەمەوبەر دەستی بە پەرەپێدانی کردووە. وەشانە نوێیەکە بە مەودای 20 هەزار کیلۆمەتر جیا دەکرێتەوە، هەروەها توانای هەڵگرتنی تا 12 کڵاوی ئەتۆمی و جەنگی هەیە.
تیری دەریایی؛ راوکردنی زەبەلاحەکانی ئۆقیانوس
جگە لەم رەهەندە ئەتۆمییە، چین پەردەی لەسەر جبەخانەی پێشکەوتووی مووشەکی دژە کەشتی هایپەرسۆنیک ینگ جی-15 لادا. ئەم زنجیرەیە سەر بە پۆلی موشەکی بالیستی کروزن، کە بە شێوەیەکی گشتی لە کەشتی یان فڕۆکەوە هەڵدەدرێت. تایبەتمەندن بە توانای فڕین لە بەرزاییە نزمەکان و شوێنکەوتنی رێڕەوی وردی بەرنامە بۆ داڕێژراو، بۆ بەدواداچوونی ئامانجە دەریاییە گەورەکان.
بە پێچەوانەی مووشەکی بالیستی ستراتیجی، کە بۆ رێگری ئەتۆمی بەکاردێت، مووشەکەکانی ینگ جی بۆ جەنگی راستەوخۆ دیزاین کراون، بۆئەوەی بە وردبینییەکی بەرز ئامانجی دیاریکراو بپێکن و زیانێکی زۆر بە کەشتییە دەریاییە گەورەکانی وەک فڕۆکە هەڵگرەکان بگەیەنن. خێرایان پێنج هێندەی خێرایی دەنگ تێدەپەڕێنێت، ئەمەش وا دەکات، کە رێگریکردنیان بە سیستمی بەرگری ئاسمانی ئاسایی، نزیک بێت لە مەحاڵ.
زریانێک لە مووشەک
لە بواری بەرگری ئاسمانی و جەنگی ئەلیکترۆنی، چین سیستمی نوێی نمایش کرد، کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵێک هەڕەشەی هاوچەرخی بەرفراوان داڕێژراون، لە مانگی دەستکردەوە تا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. دیارترینی ئەم سیستمانە (HQ-29) بوو، کە چەکێکی بەرگرییە و بۆ رێگریکردن لە مووشەکە بالیستییەکان دروستکراوە، کاتێک بە بۆشایی ئاسماندا تێدەپەڕن لە دەرەوەی بەرگەهەوادا. ئەم سیستمە رێگە بە بەیجین دەدات، بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو "چاوانە" لەناو ببات، کە لە ئاسمانەوە چاودێری چین دەکەن.
هەروەها بەیجین چەکی نوێی لەسەر بنەمای لەیزەری وزە بەرز ناساند، کە توانای لەناوبردن یان دەستبەجێ لەکارخستنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بچووکەکانی هەیە، بە تێچووی زۆر کەمتر لە مووشەکی ئاسایی. سەرەڕای ئەوەش سیستمی جەنگی ئەلیکترۆنی، کە بە بەکارهێنانی مایکرۆوەیڤ کاردەکەن سەریان هەڵداوە، کە شەپۆلی کارۆموگناتیسی بەکاردەهێنن و توانای تێکدانی سیستمی کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان هەیە، ئەمەش وایان لێدەکات بێ کاریگەر بن.
سوپا وێنەیەکی روونی خستەڕوو، کە دەتوانرێت پێی بڵێین "جەنگی زیرەک".
بای مینگ پسپۆڕی سەربازی چینی رایگەیاند، نوێترین ژێردەریایی ITS U-100، چین دەباتە دۆخێکی نموونەیی، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان لە دەریای قووڵی چین.
هێزی ئاسمانی، دەستى درێژى بەیجین
لەسەر ئاستی هێزی ئاسمانی، بەیجین پەردەی لەسەر چوار جۆر فڕۆکەی جەنگی لادا، کە بۆ کارکردن لەسەر فڕۆکە هەڵگرەکان دیزاین کراون، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ گەشەسەندنی خێرای تواناکانی هێزی دەریایی و ئاسمانی. دیارترینیان فڕۆکەی جەنگی J-15Tیە.
فڕۆکەی J-15DT یەکێکی ترە لە وەشانی تایبەت بە جەنگی ئەلیکترۆنی. ئەمەش بەو مانایەیە، کە تەنها لە جەنگی ڕاستەوخۆدا سنووردار نییە، بەڵکو بە شێوەیەک دروستکراوە، کە رادار و سیستمی پەیوەندییەکانی دوژمن لەکاربخات.
چین نوێترین و سەرنجڕاکێشترین فڕۆکەیەی خستەڕوو، کە J-35ە، فڕۆکەیەکی جەنگی دزێوە، کە بۆ فڕۆکە هەڵگرەکان دیزاین کراوە، کە دەبێتە بەردی بناغەی هەر جەنگی ئاسمانی لە داهاتوودا.
دێوێک لەناو شووشەیەکدا
ئەو هێزە سەربازییەی لە نمایشی چینیدا رەنگدەداتەوە، هێشتا سنووردارەو و تاقینەکراوەتەوە، زیاتر لە دێوێک دەچێت لەناو شووشەیەکدا کە هێشتا نەکراوەتەوە. ئەمەش پرسیار لەسەر قەبارەی ئەم جبەخانەیە دروست دەکات. ئایا تواناکانی سنووردارن، یان سیستەمێکن لەسەر ئاستێکی گەورە جێگیر دەکرێن؟
لە راستیدا پێویستی بە پێکهاتەیەکی پێشکەوتووی فەرمان و کۆنترۆڵ و توانای بەرزی هەماهەنگی لە کاتی راستەقینەدا هەیە. چین دەیان ساڵە جەنگێکی راستەقینەی نەکردووە، ئەمەش وایکردووە چەک و ئامڕازە نوێیەکانی، پێویستی بە تاقیکردنەوەی مەیدانی هەبێت لە گۆڕەپانە کراوەکاندا.
لە نێوان ئەوەی راگەیەندراوە و ئەوەی ئەزموون دەکرێت، زەبەلاحی چینی بە تەمێکی گومانەوە دەمێنێتەوە و چاوەڕێی ئەو ساتەوەختەی تاقیکردنەوەی راستەقینە دەکات، کە بە تەنیا قورسایی راستەقینەی خۆی لەسەر شانۆی مێژوو دیاری دەکات.