مەسعود پزشکیان لە ئەمەریکا/ سەرۆکایەتی کۆماری ئێران
سبەی
لەکاتی گەیشتنی بە خاکی ئەمەریکا، سەرۆکی ئێران رایگەیاند: هاتوین پەیامی وڵاتەکەمان بگەیەنینە جیهان کە پەیامی ئاشتی و ئاسایش و ئارامییە.
مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، بۆ بەشدارییکردن لە کۆبونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان گەیشتە ئەمەریکا و لە فڕۆکەخانەی جۆن ئێف کەنەدی لە نیۆرک لە فڕۆکەیەکی ئێرانی دابەزی، لەکاتی گەیشتنی بە ئەمەریکا رایگەیاند: پەیامی وڵاتەکەم هەڵگرتوە کە پەیامی ئاسایش و ئارامی و ئاشتییە و بەرجەستەکردنی دروشمی گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانە کە لەسەر بنەمای ئاشتی و ئاسۆی رون و گەشەسەندنی سەرجەم گەلانە.
پەیامی جیاواز لەئەمەریکاوە
بەوتەی پزشکیان؛ لە بری شەڕ و رشتنی خوێن و کوشتن، پێوستە جیهانێک درزست بکەین کە سەرجەم مرۆڤایەتی بە ئارامی بژین، بەبێ جیاکاریی و لەبەرچاوگرتنی رەنگ و نەتەوە و ئیتنیک و شوێنی نیشتەجێ بوون.
سەرۆکی ئێران نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەوەی، لە دۆخی ئێستادا جیهان بەوشێوەیەیە نییە و بەپێوەری دوپێوانەیی مامەڵە دەکرێت، پێویستە دەرفەتەکان بۆ هەموو مرۆڤەکان وەک یەک بێت لەسەر گۆی زەوی.
لەکاتی گەیشتنی بە نیۆرک، هەریەک لە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک لە یاریدەدەران و دیپلۆماتکاران و نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەکان لە پێشوازیی مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێراندا بوون.
پزشكیان لە عێراق
ڕۆژی 11ـی ئەیلولی 2024، مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بە مەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرسی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، بەسەردانێک گەیشتە بەغداد، دواتر لە چوارچێوارەی سەردانەکەیدا، 14 لێکتێگەیشتنی ھاوبەش لە نێوان عێراق و ئێراندا واژۆکران.
لێکتێگەیشتنەکان تایبەت بوون بە بوارەکانی ئابوری، کشتوکاڵ، سەرچاوە سروشتییەکان، پەیوەندییەکان، پاراستنی کۆمەڵایەتی، وەرزش و لاوان، پەروەردە، گەشتوگوزار، ڕۆشنبيری و ھونەر، شوێنەوار، مەشق و ڕاھێنانی پیشەیی، پەرەپێدان بە ھێزی کاری لێھاتوویی و ھاریکارییەکانی نێوان ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و ئێران.
پزشکیان لە هەرێمی کوردستان
ڕۆژی 12ـی ئەیلولی 2024، مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
دوای گەیشتنی بۆ ھەولێر، سەرۆک کۆماری ئێران لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و ژمارەیەک لە وەزیر و کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.
دواتر سەردانی ش پارێزگای سلێمانی کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کۆبوەوە و دواتر بەرەو پارێزگاکانی بەسڕەو و نەجەف بەرێکەوت و ڕۆژی دواتر کۆتایی بەگەشتەکەی بۆ عێراق هێنا.
"پزشکیان سیاسەتمەدارێکی کوردە"
ئەوەی لەکاتی سەردانەکەی بوە جێگەی سەرنج، بە کوردی قسەکردنی مەسعود پزشکیان بوو لە بەغدا و هەولێر و سلێمانی بۆ میدیاکاران و لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرساندا، پێشتر لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا پزشکیان بە کوردی پەیامی ئاڕاستەی دانیشتوانی کوردی ئێران کرد.
لەوبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی میهر لەسەر زاری نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێرانەوە بڵاوی کردەوە؛ مەسعود پزشکیان سیاسەتمەدارێکی کوردە و هەست و ژیانی کاریگەری لەسەر کورد دەبێت و رایگەیاند: بۆ یەکەمجارە سەرۆکێکی ئێران گەشتێکی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و دواتر چوە بەسرە و نەجەف و پارێزگاکانی دیکە.
نوێنەری حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد؛ پزشکیان لە مەهاباد لەدایک بوە، پزشکیان کوردە و شارەزایی لە زمانەکەی هەیە و کوردی دەزانێت، بۆیە دەتوانین بە شانازییەوە پزشکیان بە کورد بزانین و ئەو کورد دەناسێت