کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە
سبەی
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاماژە بەوە دەدات “ ڕاستە خەباتی 47 ساڵەی پەکەکە نەیتوانیوە دەوڵەتی تورکیا بڕوخێنێت، بەڵام هەوڵە شکستخواردووەکانی تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە پەکەکە ئەوی ناچار کردووە بکەوێتە سەر چۆک بەرامبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لەگەڵی بکەوێتە دانوستان”.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە کە ڕێککەوتی چواری ئایاری 2025ی بەسەرەوەیە و ئەمڕۆ دووشەممە نۆی حوزەیرانی 2025 ماڵپەڕەکانی سەر بەو حزبە بڵاویان کردووەتەوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە بڕیاری کۆنگرەی 12ی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری تەنیا گۆڕینی شێوازی خەباتە، نەک کۆتاییهێنان بە خەبات لە پێناو بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد.
پەکەکە ئاماژە بەوە دەدات "دەستپێشخەرییەکەی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە لە 11ی تشرینی یەکەمی 2024 بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردی بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە کە 27ی شوباتی 2025 عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە دەمیەوە هات و پەکەکەیش وەک پابەندبوونێک بە داواکارییەکەی ئۆجەلان لە 12ی ئایار بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری هێنا، لە ناچاریدا بووە، دەڵێت: "بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان و ترس لە مانەوەی دەوڵەتی تورکیا و سیستەمی سەرمایەداری نێودەوڵەتی داوای گۆڕانکاری لە تورکیا کرد، باخچەلی ناچار بوو ئەم هەنگاوە بنێت".
پەکەکە سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی "کە ئۆجەلان بە لێکدانەوەی ورد بۆ بارودۆخەکە بە دەم دەستپێشخەرییەکەی باخچەلییەوە هاتووە و بڕیاری پەکەکەیش بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری تەنیا گۆڕینی شێوازی خەباتە، نەک کۆتاییهێنان بە خەبات لە پێناو بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد و دەڵێت: "چونکە ئەگەر کۆتایی بە خەبات بهێندرێت، گەلی کورد نامێنێت".
کێ بەرامبەر کێ چۆکی داداوە؟
هەرچەند جیاواز لە دوو قۆناغی پێشووی پرۆسەکە، هەنگاوی گرنگ نراون بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە، کەچی هێشتا دەوڵەتی تورکیا و کورد لەسەر ناونانی پرۆسەکە کۆک نین، دەوڵەتی تورکیا و ئاک پارتی وازیان لەو زمانە زبرە نەهێناوە کە لە دژی پەکەکە بەکاری دەهێنن و پەکەکەیش زۆرجار بە هەمان زمان وەڵامیان دەداتەوە.
هێشتا تورکیا بەم پرۆسەیە دەڵێت "تورکیای بێ تیرۆر"، پەکەکە و دەم پارتییش بە "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری" ناوی دەبات.
وێڕای بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە لە باشوری کوردستان، هێشتا بەرپرسانی تورکیا و میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات لە تورکیا بە جۆرێک باس لەو پرۆسەیە دەکەن وەک ئەوەی پەکەکە ناچار بێت چەک دابنێت و چۆکی دادابێت بەرامبەر بە تورکیا، بەڵام پەکەکە لەو ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە دەکات کە ئەوەی چۆکی دادابێت تورکیایە بەرامبەر بە ئۆجەلان، نەک ئەوان بن بەرامبەر بە تورکیا.
ئایا شێوازی خەباتی پەکەکە هەڵە بووە؟
کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە ئاماژە بەوە دەدات کە ڕاستە خەباتی 47 ساڵەی پەکەکە نەیتوانیوە دەوڵەتی تورکیا بڕوخێنێت، بەڵام هەوڵە شکستخواردووەکانی تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە پەکەکە ئەوی ناچار کردووە بێتە سەر چۆک بەرامبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لەگەڵی بکەوێتە دانوستان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە پەکەکە ئەو هەلومەرجەی دروست نەکرد کە تیایدا دامەزرا، بەڵکو ئەو لەو هەلومەرجەدا دروست بوو کە ئەوکات باڵی بەسەر تورکیا و باکوری کوردستاندا کێشابوو و سیاسەتی تواندنەوە و پاکتاوکردن بەرامبەر گەلی کورد گیرابووە بەر، بۆیە ئێستا کە هەلومەرج گۆڕاوە پێویستە شێوازی خەباتیش بگۆڕێت.
بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە تەرخان کراوە بۆ ڕەخنە لەخۆگرتنی پەکەکە و دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان و جەختیش لەوە کراوەتەوە "پەکەکە ئازادی بۆ کورد هێناوەتە دی و سۆسیالیزمی کۆمەڵگای دیموکراتیکی داهێناوە و دەڵێت: "ئەو گۆڕانکارییانەی لە شێوازی خەباتدا ڕوو دەدەن، بەو واتایە نییە پەکەکە هەڵە بووە، بەڵکوو پەکەکە بە ئەرکی مێژوویی خۆی هەستاوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەلومەرجە هەڵەی بەسەر گەلی کورددا سەپێندراوە".