ئەو شەش پیشەیە چین کە مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە زیاتر دەکەن؟

#شێرپەنجەی میزڵدان#پیشە
14 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 14 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • ئەگەری توشبوونی کارمەندانی تەندروستی، شۆفێر، پاکەوان، بۆیاغچی، سەرتاش و ئارایشکار و کرێکاری بەرهەمهێنانی بەرهەمە خۆراکییەکان بە شێرپەنجەی میزڵدان لە پیشەکانی دیکە زیاترە.
Primary Asset

سبەی

لە ئەنجامی شیکارییەکدا کە ماوەی سێ ساڵی خایاندووە، دەرکەوتووە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران بە هۆی دووچاربوونیان بە مادە شێرپەنجەیییەکان لە کاتی کارکردندا تووشی شێرپەنجەی میزڵدان دەبن.

The Mirror بڵاوی کردووەتەوە: ئەگەری توشبوونی کارمەندانی تەندروستی، شۆفێر، پاکەوان، بۆیاغچی، سەرتاش و ئارایشتکار و کرێکاری بەرهەمهێنانی بەرهەمە خۆراکییەکان بە شێرپەنجەی میزڵدان لە پیشەکانی دیکە زیاترە.

بەرپرسانی GMB کە یەکێکە لە سەندیکا ناودارەکانی کرێکاران لە بەریتانیا و پێنج هەزار ئەندامی هەیە، ئاماژە بەوە دەدەن بەپێی ئەنجامەکانی شیکارییەک کە ماوەی سێ ساڵی خایاندووە لەسەر ئەو ئەندامانەی سەندیکاکە کە تووشی شێرپەنجە بوون، نزیکەی لە سەدا شەشی هۆکاری توشبوونی ئەندامانیان بە شێرپەنجەی میزڵدان بۆ ئەو مادە کیمیایییە شێرپەنجەیییانە دەگەڕێتەوە کە لە شوێنی کار دووچاریان دەبن. 

بەپێی داتاکانی Cancer Research UK ساڵانە نزیکەی 10 هەزار و 500 حاڵەتی نوێی توشبوون بە شێرپەنجەی میزڵدان تۆمار دەکرێت.

ئەمەیش بەو واتایە دێت ڕۆژانە 29 کەس توشی شێرپەنجە دەبن. شێرپەنجەی میزڵدان لەنێو پیاوان حەوتەمین و لەنێو ژنانیش 17ەمین جۆری بەربڵاوی شێرپەنجەیە.

ساڵانە بە هۆی ئەم جۆرەی شێرپەنجەوە پێنج هەزار و 600 کەس گیان لەدەست دەدەن، بۆیە گیانلەدەستدان بە شێرپەنجەی میزڵدان لە ڕیزی نۆیەمی ئەو جۆرە شێرپەنجانەدا دێت کە مرۆڤ دەکوژن. 

دەستنیشانکردنی پێشوەختە

پسپۆڕان سەرنج دەخەنە سەر ئەوەی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی میزڵدان، بەر لەوەی ڕووپۆشی میزڵدان بتەنێتەوە ئێجگار گرنگە.

ئەوان باس لەوە دەکەن ئەگەر لەو قۆناغەدا شێرپەنجەی میزڵدان دەستنیشان بکرێت، ئەگەری زۆرە چارەسەر بکرێت. 

بە شێوەیەکی گشتی شیکاری بۆ میز، سۆنۆگرافی، تۆمۆگرافی دیجیتاڵی و نێوبینی میزڵدان کارئاسانی دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە.

چارەسەریش بە ڕێگای نێوبینی بە لابردنی گرێ یان بەو حەب و دەرمانە دەکرێت کە بۆ میزڵدان بەکار دەهێندرێن.

نیشانە بەربڵاوەکانی شێرپەنجەی میزڵدان چین؟

بینینی خوێن لە میزدا بەبێ ئەوەی ئازاری هەبێت و ئەگەر ڕەنگی خوێنەکە سوری گەش یان پەمەیی بێت یەکێکە لە نیشانە بەربڵاوەکانی تووشبوون بەم جۆرەی شێرپەنجە.

هەروەها زوو زوو میزکردن، لەناکاو هەستکردن بە تەنگاو بوون، هەستکردن بە سوتانەوە لە کاتی میزکردندا، ئازاری سێبەندە، ئازاری ئێسقان، ئاوسانی قاچ و دابەزینی کێشی لەش بەبێ ویست، لە نیشانەکانی دیکەی ئەگەری توشبوونن بە شێرپەنجەی میزڵدان.

ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی میزڵدان لە بەریتانیا بە ڕێژەی لە سەدا 45 بۆ جگەرەکێشان دەگەڕێندرێتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی