سبەى
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئێران هەندێ داواکارى هەیە کە جێبەجێ ناکرێن و جێگرەوەکانى رێکنەکەوتن زۆر مەترسیدارن، لەکاتێکدا بڕیارە بەم نزیکانە گەڕێکى دیکەى دانوستانەکانى هەردوو وڵات بەڕێوەبچن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رۆژى دووشەممە ئاشکرایکرد، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکى تەلەفۆنى ئەنجامداوە بۆ قسەکردن لەسەر دۆسیەى ئێران و چەند پرسێکى تر.
وتیشى "ئێران هەندێ داواکارى هەیە کە جێبەجێ ناکرێن و جێگرەوەکانى شکستی ڕێککەوتنەکە زۆر مەترسیدارن، تاران بەدواى پیتاندنى یۆرانیۆمەوەیە و ئێمەش بەوە رازى نابین".
ترەمپ باسى لەوەشکرد، رۆژی پێنجشەممە 12ـی حوزهیران دووبارە لەگەڵ ئێران کۆدەبنەوە، زانیاریی زیاتر لە بارەی پێشنیازەکەی ئێران دەزانن.
هەروەها بەرپرسێکی کۆشکی سپی باسی لەوە کردووە کە ترەمپ و نەتانیاهۆ لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باسیان لە پرسی ئێران و دوایین پێشهاتەکانی کەرتی غەززە کردووە.
بەپێی میدیاکانى ئەمەریکا، گفتوگۆی نێوان ترەمپ و ناتەنیاهۆ بە پلەی یەکەم لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران بووە.
بڕیارە ناتانیاهۆ کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی بە بەشداری وەزیرانی بەرگری، ئاسایشی نیشتمانی و دارایی، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی بەڕێوە ببات، بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی دۆخی ئێران.
کەناڵی 14ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە "ترەمپ نیازی هێرشکردنە سەر ئێرانى نییە و رێگە نادات ئیسرائیل دەستبەجێ دوای تەواوبوونی وادەی دیاریکراو هێرشی راستەوخۆ دەستپێبکات. بەڵام وەڵامی ئێران بۆ ئەو ڕەشنووسەی کە لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە پێشکەشکراوە ڕەتکردنەوە بووە".
لەبەرانبەردا ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دووپاتی کردەوە کە تاران دەستبەجێ وەڵامى هەر هێرشێکی ئیسرائیل دەداتەوە کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بکاتە ئامانج.
وتیشى دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ژێرخانی سەربازی و ئابووری، ئامانجی ئەوان دەبن لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران.
ئەوە لەکاتێکدایە، پێشبینی دەكرێت بەمزووانە ئەنجومەنی ئاژانسی وزەی ئەتۆم كۆبێتەوە و دژ بە ئێران بڕیارێك بدات، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی فشارەكانی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریكا لەسەر ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی.
لەوبارەیەوە، لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا لە تاران، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند :"وڵاتەكەمان دەستەوەسان نابێت لەبەرامبەر پەرەسەندنێكی نێودەوڵەتی سەبارەت بەم پرسە، بێگومان وەڵامی هەر بەرەنگارییەك بە هاوكاریكردن نادرێتەوە".
وتیشی "كۆماری ئیسلامی ئێران زنجیرەیەك رێوشوێن و هەنگاوی گرتووەتەبەر، لایەنی بەرامبەریش تا ئاستێك توانای ئێمە لەوبارەیەوە دەزانێت".
بەقائی ئاماژەی بەوەشدا "ئێران بە هاوكارییەكانی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نیەتباشی خۆی نیشان داوە، بەڵام ئاژانسەكە كەوتووەتە ژێر فشاری وڵاتانی ئەوروپا و چەند دەوڵەتێكی دیكە".
"پیتاندنی یۆرانیۆم بەشێكی جیانەبووەوەی پیشەسازی ئەتۆمیی ئێرانە، هیچ دەوڵەتێك مافی ئەوەی نییە بڕیار بەسەر ئێراندا بسەپێنێت لەوبارەیەوە". ئیسماعیل بەقائی وایوت.