گردبونەوەی جەماوەری بۆ پشتیوانی لە ڕیفراندۆم
سبەی
ئەمڕۆ حەوتەمین ساڵیادی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییە لە باشوری کوردستان کە لە 25-9 -2017 ئەنجامدرا. هەرچەند زۆربەی بەشداربووان بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆییدا، بەڵام ئەنجامەکانی بە لەدەستدانی زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستان کۆتایی هات.
بیرۆکەی ڕیفراندۆم
9ـی حوزەیرانی 2015، خەڵکی عێراق بە ڕوداوێکی شۆکهێنەر ڕۆژیان کردەوە و چەکدارانی داعش، کۆنتڕۆڵی دووەم گەورەترین شاری عێراقیان کرد. کەوتنی موسڵ بۆ بەرپرسانی بەغداد مایەی ترس و ڕامان بوو، بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش پێشهاتێکی نوێ و بەلای هەندێکیشیانەوە دەرفەتێک بوو بۆ جیابوونەوە لە عێراق و بە دراوسێی نوێی هەرێمی کوردستانیان دانا.
دوای سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە شەڕی داعش، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان باسیان لەوە دەکرد ئەو ناوچانەی پێشمەرگە بە خوێن گرتونی، بوونەتە ئەمری واقیع و پاشەکشەیان لێناکات، هەروەها ناوە ناوە لە میدیاکانەوە ئەوەیان بە گوێی خەڵکدا دەدا باشترین کار ئەوەیە هەرێمی کوردستان لە عێراق جیا ببێتەوە، چونکە لە 2014 وە بودجەکەی لەلایەن بەغدادەوە بڕدراوە و ئێستا سنوریشی لەگەڵدا نەماوە.
26ـی ئایاری 2016 مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆک و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووە و ئاشکرایکرد دەبێت پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە 8ی تشرینی یەکەمی 2016، ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت. لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا بە دروستکردنی لیژنەیەک لە پارتی، یەکێتی و یەکگرتوو بۆ کارکردن لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان، ڕیفراندۆم و چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە ئایاری 2016 کاتێک شەڕی داعش بەرەو کۆتایی دەچوو، مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەوکاتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، باسی لەوەکرد، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد ئیدی بواری چاکبوونەوەیان نەماوە و بڕیاریانداوە ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە بکەن.
مەسرور بارزانی لە وتارەکەیدا نووسی، "عێراق وڵاتێکی شکستخواردوە، مانەوە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا دەمانخاتە ناو بازنەیەک لە توندوتیژی و ململانێی بێکۆتاوە، بۆیە هەرێمی کوردستان شایستەی ئەوەیە بەشێوەیەکی ئاشتییانە جیاببێتەوە".
دیاریکردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم
ڕۆژی حەوتی حوزەیرانی 2017، مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێم کە ویلایەتەکەی بۆ درێژکرابووەوە، لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و سەرۆک و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ کۆبوەوە، ڕۆژی 25ـی ئەیلولی 2017 بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دیاریکرا.
ڕۆژێک دواتر بارزانی فەرمانێکی هەرێمی ئاڕاستەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی کرد و داوای لێکردن، ئامادەکاری تەواو بکەن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.
ڕۆژی 15ـی ئەیلولی 2017، نزیکەی هەفتەیەک پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، پەرلەمانی کوردستان بەبێ ئامادەبوونی سەرۆک و سکرتێر و بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان کاراکرایەوە و ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پەسەندکرا.
ئەوە لە کاتێکدا بوو بەهۆی هەوڵی بەشێک لە لایەنەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان لە مانگی 10ـی ساڵی 2015 پەکخرا و ڕێگە نەدرا سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمان بچێتە هەولێر.
ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم
هەوڵەکان بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم
هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا هەوڵ دەدرا ڕیفراندۆم دوابخرێت، بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و بەشێک لە پێکهاتەکان لەگەڵ ئەنجامدانیدا نەبوون و داوایان دەکرد دوابخرێت و پێیانوابوو کاتەکە گونجاو نییە.
کۆمەڵێک کەسایەتی و نوسەر و ڕۆشنبیر بەهەمان شێوە ئاماژەیان بە مەترسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەکرد، لە کاتێکدا ناوماڵی کورد پەرتەوازە بوو، وڵاتە زلهێزەکان لە سەرووی هەموویانەوە ئەمەریکا دژایەتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕاگەیاندبوو.
لەلایەکی دیکەوە بەرەیەک بەناوی "نەخێر لە ئێستادا" دروستبوو، کەمپینی دەکرد تا هاوڵاتییان لەسەر سندوقەکانی دەنگدان بە نەخێر دەنگ بدەن.
دوو ڕۆژ پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 23ـی ئەیلولی 2017، ڕێکس تیلەرسن وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی ئەمەریکا نامەیەکی بۆ بارزانی نارد و نیگەرانی ئەمەریکا لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەربڕیبوو، تیلەرسن لەگەڵ داوای دواخستنی ڕیفراندۆم چەند پێشنیازێکی خستبوەڕوو، کە بریتی بوون لە دیاریکردنی سنوری هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستور بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق بە شێوەیەکی خێرا.
خاڵێکی دیکەی پێشنیازەکەی تیلەرسن ئەوەبوو، هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بچێتە ناو پڕۆسەی دانوستانەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەبارەی پەیوەندییەکانیان لە داهاتوودا، ئیدی ئەگەر ببنە هاوبەشێکی ڕاستەقینە یان پەیوەندییەکە بگۆڕێت بۆ کۆنفیدڕاڵی یان سەربەخۆیی، بەڵام دەبێت لە ڕێگەی دانوستانی ئاشتییانەوە بێت.
بارزانی کتێبی "بۆ مێژوو" لە بارەی ناوەڕۆكی نامەكەوە دەڵێت، "نامەكەی تیلەرسن دەكرا ببێتە بنەمایەك بۆئەوەی گرێنتیەكی وای تێدا هەبێت كە خەڵكی كوردستان ڕازی ببن دەستبەرداری ڕیفراندۆم ببن، لەوشوێنەی كە باسی ئەوە دەكرا ڕیفراندۆم دووساڵ دوا بخرێت، ئەگەر هاتوو دانوستانەكان لەگەڵ عێراقدا سەری نەگرت، ئەوكات هەرێم با ڕیفراندۆمی خۆی بكات ئەمریكاش ڕێز لە ئەنجامەكان دەگرێت".
بارزانی دەشڵێت" داوام لە حكومەتی ئەمەریكا كرد كە لەبری ووشەی ڕێزگرتن لەنامەكەدا ووشەی پاڵپشتی دابنرێت، بەڵام ئەمەریكییەكان خۆیان لەوە بوارد وشەی پاڵپشتی بەكاربهێنن، منیش پێم وتن ئەگەر ئێوە نەتوانن یەك وشە بگۆڕن ئەی چۆن چاوەڕوانی ئەوە دەكەن ئێمە بتوانین قەناعەت بەخەڵكی كوردستان بهێنین ڕیفراندۆم نەكەن."
سەرباری هەموو ئەمانە بارزانی و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم سوربوونی خۆیان لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕاگەیاند، رۆژی یەکشەممە 24-9-2017، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم دوایین کۆبوونەوەی پێش ڕیفراندۆم ئەنجامدا و جەختیکردەوە،"ڕۆژی دووشەممە 25-9-2017، گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوەدەچێت."
ڕیفراندۆم ئەنجامدرا
ڕۆژی 25ـی ئەیلولی 2017 ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکانی کەرکوک و نەینەوا و سەلاحەدین و دیالە و واست ئەنجامدرا.
لەسەر کارتی دەنگدانەکە بە کوردی، عەرەبی، تورکی و سریانی نوسرابوو، "ئایا دەتەوێ کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟".
دوای دوو ڕۆژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، ئەنجامی ڕیفراندۆمی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند ڕێژەی بەشداریکردن لە ڕیفراندۆم 72.16٪ بووە، لەو ژمارەیەش 92،73٪ بە بەڵێ و 7،27٪ بە نەخێر دەنگیان داوە.
هاوڵاتیان ڕوو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن
لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم
بارزانی دوای دوو ڕۆژ لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا داوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق کرد، دەرگای گفتوگۆ دانەخات، بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، "ڕیفراندۆم بۆ دیاریکردنی سنور نییە بەڵکو بۆ ئەوەبوو خەڵکی کوردستان بۆچوونی خۆی لەبارەی چارەنووسی خۆیەوە دەرببڕێ".
بەڵام بەغداد چوار ڕۆژ دوای ڕیفراندۆم هەنگاوەکانی لە دژی هەرێم دەستپێکرد، لە 29ـی ئەیلول گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان قەدەغەکرد و داوای لە هەردوو حکومەتی ئێران و تورکیا کرد سنورەکان بەسەر هەرێمی کوردستاندا دابخەن، ئێران بەر فەرمی سنورەکانی داخست، بەڵام تورکیا سەرباری هەڕەشەکانی دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیلی دانەخست.
هەروەها سوپای عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ تورکیا و ئێران مانۆڕی سەربازی لەسەر سنوری هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و هەڕەشەی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە دابڕێندراوەکانی دەکرد.
لەگەڵ زیادبوونی گوشارەکانی بەغداد، پارتی و یەکێتی بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە ڕۆژی 15ـی ئۆکتۆبەر لە هاوینەهەواری دوکان کۆبوونەوە، ڕاسپاردەیەکیان دایە فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق تا بیگەیەنێتە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق.
دوای چەند کاتژمێرێک لە کۆبوونەوە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئامادەیی خۆیان پیشاندا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی بێمەرج لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و هەموو ئەو شوێنانەشی پێشمەرگە لە شەڕی داعش کۆنتڕۆڵی کردنەوە بەهاوبەشی بەڕێوەیان ببەن.
کۆبوونەوەی دوکان لە 15ـی ئۆکتۆبەر
16ـی ئۆکتۆبەر
13ـی ئۆکتۆبەری 2017، بافڵ تاڵەبانی لە ماڵی مام جەلال لە دەباشان ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەکاتەوە و دەقی ئەو ڕێککەوتنەیان دەخاتە بەردەست کە لەگەڵ سوپای عێراق کردویانە و داوای رەزامەندی ئەندامانی سەرکردایەتی دەکات، بە ئامادەبوون و بە تەلەفۆن 38 ئەندامای سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی ڕۆژی دواتر ئیمزای دەکەن.
لە کۆبونەوەی ڕۆژی 15ـی ئۆکتۆبەردا لە دوکان، دەقی ڕێککەوتنامەکە دەخرێتە بەردەم مەسعود بارزانی و بە وتەی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی، بارزانی ڕەتیکردوەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی یەکێتی دەڵێت، بارزانی هیچ تێبینییەکی لەسەر نەبووە و وتویەتی ئەو پێنج خاڵە بڵاوبکەنەوە کە لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەدا هاتوون.
بەرەبەیانی 16ـی ئۆکتۆبەر، هێزی پێشمەرگە بە بڕیاری سەرووی خۆیان سەنگەرەکانی پێشەوەیان لە کەرکوک و دوزخورماتوو چۆڵکرد، حکومەتی عێراق لەژێر ناوی " سەپاندنی دەسەڵاتی فیڕاڵی و ئاسایش و پاراستنی سەرچاوە نیشتمانییەکان" دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی لە ناوچە دابڕێندراوەکان، سوپا و حەشدی شەعبی بەبێ ڕووبەڕوبونەوەیەکی ئەوتۆ گەیشتنە دەروازەکانی کەرکوک و دەستیان بەسەر شارەکەدا گرت.
هەمان ڕۆژ عەبادی پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان کرد نەچنە نێو ململانێی تائیفی و دۆخەکە بپارێزن. عەبادی ڕایگەیاند، ئەنجامە خراپەکانی ڕیفراندۆممان بۆ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان ڕونکردەوە، بەڵام گوێیان لێنەگرتین و بەرژەوەندی حزبی و شەخسییان خستەپێش هەموو شتێکەوە و ڕەچاوی بەرژەوەندی عێراق و هەرێمی کوردستانیان نەکرد.
هێزەکانی عێراق چوونە کەرکوکەوە
بە 48 کاتژمێر 51٪ خاکی کوردستان لەدەستدرا
دوای ڕوداوەکانی 16ێ ئۆکتۆبەر بەبێ تەقە و ڕووبەڕوبوونەوەیەکی ئەوتۆ لە ماوەی 48 کاتژمێردا پارێزگایەک و 16 قەزا و 44 ناحیە کە پێشتر لە ژێر دەستی هێزەکانی پێشمەرگەدا بوون کەوتنە ژێر دەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی.
ئەو ڕووبەرەی لەلایەن حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراقەوە دەستی بەسەردا گیرا 42 هەزار کیلۆمەتر بوو لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگاکانی سەلاحەدین و دیالە و نەینەوا، ئەوە جگە لە کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی ئاڤانا، بای حەسەن، جەمبور و خەباز کە بەرهەمی ڕۆژانەیان 500 هەزار بەرمیل نەوت دەبوو.
بەمەش پێشمەرگە لە زۆر شوێن گەڕایەوە بۆ سنوری پێش ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، لە کاتێکدا هەموو ئەو ناوچە کوردستانییانە بە خوێنی 1700 پێشمەرگە و زیاتر لە 12 هەزار بریندار بەدەست هاتبوون و پارێزراوبوون.
ڕۆژی 29ـی ئۆکتۆبەر، مەسعود بارزانی دوای 12 ساڵ لە مانەوەی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا، لە ئەنجامی گوشارە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، دواجار دەستبەرداری پۆستەکەی بوو.
سڕکردنی ڕیفراندۆم
ڕۆژی 25ـی ئۆکتۆبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و پێشنیازی سڕکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم و دەستپێکردنی دیالۆگی کراوەی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی کرد لەسەر بنەمای دەستور.
لە 20ـی تشرینی دووەم ، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ڕیفراندۆمی 25ـی ئەیلولی بە نادەستوری ناوبرد و بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم و هەموو ئەو لێکەوتانەی بەهۆیەوە هاتونەتە ئاراوە.
فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان بەردەوام بوون و چوون و هاتنی فڕۆکەخانەکان قەدەغەکرابوون، تاوەکو جارێکی دیکە فەرەنسا هاوشێوەی ساڵی 1991 بە دەنگ کوردەوە هاتوو و لەڕێگەی بانگکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ فەرەنسا ئەو گەمارۆ دیپلۆماسییەی شکاند کە خرابوویە سەری.
لە دووی کانونی یەکەمی 2017 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانیی جێگری، لەسەر داوای سەرۆکی فەرەنسا چوونە کۆشکی ئیلیزێ و ئیمانوێل ماکرۆن ڕایگەیاند، "پشتیوانی مافەکانی گەلی کورد دەکەین لەچوارچێوەی عێراقدا".
سەرۆكی فەڕەنسا وتیشی"دەبێت ماددەی 140 لە ناوچە جێناكۆكەكان جێبەجێ بكرێت، دەبێت هیچ میلیشیایەك لە عێراق نەمێنێت بە حەشدی شەعبیشەوە."
ئەوە یەکەم سەردانی بەرپرسانی باڵای هەرێم بوو بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای ڕیفراندۆمەوە، کە لە ناوخۆ و دەرەوەدا کەوتە ژێر گوشارێکی توندی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسییەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت ئەنجامی ڕیفراندۆمی سڕکرد
بۆچی کاتی ڕیفراندۆم گونجاو نەبوو؟
پێناچێت هیچ کوردێک دژی سەربەخۆیی کوردستان بێت، بەڵام زۆرێک ڕەخنەیان لە کاتی ئەنجامدانەکەی هەبوو، ئەوەش لە سێ ڕەهەندەوە:
یەکەم: بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ڕوی ئابوری و سیاسیی و سەربازییەوە لەبار نەبوو، دۆخی خەڵک بەهۆی پێنەدان و دواکەوتنی مووچەوە خراپ بوو، ژمارەیەکی زۆر ئاوارە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو، خەڵک چاوەڕێ بوو دوای داعش ئاهێکی بە بەردا بێتەوە، بەڵام کەوتە بەردەم ڕیسکێکی سیاسی دیکەوە.
لە ڕووی سیاسییشەوە ڕیفراندۆمەکە وەک دەستپێشخەری یەک لایەنی سیاسی و یەک کەس لێکدەدرایەوە ئەویش بارزانی بوو کە پێی وابوو" سەربەخۆیی خەون و ئەرکی ئەوە" بەڵام وەک ئاژانسی ڕۆیتەرز دوای دەستبەردابوونی لە پۆستەکەیدا نووسی، بارزانی لەگەڵ خۆیدا خەونی سەربەخۆیشی لەباربرد و داهاتوویەکی تاریکی بۆ کورد جێهێشت".
سێیەم، دژایەتی دەرەکی، ڕیفراندۆمەکەی باشوری کوردستان لەو کاتەدا بوو کە هیچ پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی نەبوو، هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوکاتەدا ئامانجی تێکشکاندنی داعش و دووبارە تێکنەچوونەوەی دۆخی ئەمنی عێراق و ناوچەکە بوو.
نەوشیروان مستەفا ساڵی 2012 لە وتەیەکدا کە بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پێشکەشیکرد، باسی لەوە کرد، " کوردستانێکی سەربەخۆ شتێک نییە بە قسە دابمەزرێت، بەڵکو تەلارێکە دەبێتە پایەکانی لەسەر زەوی بچەسپێت".
پێشمەرجەکانی دەوڵەتی کوردی وەک نەوشیروان مستەفا باسی دەکات، بوونی هاوبەشی سیاسی و دەستور و سوپای نیشتمانییە، ئەو دەڵێت، ئەگەر کورد توانی لە هەرێمی کوردستان ئەو پایانەی دەوڵەت دابمەزرێنێت، ئەوا بێگومان دەوڵەتی کوردی لەدایک دەبێت بەڵام ئەگەر تەنها ڕاگەیاندن بێت ئەوا بەرگەی هێرشی دوژمنان و گەماری ئابوری چوارلایەنە و پشتتێکردنی هاوپەیمانان ناگرێت و سەرئەنجام ئەوەشی کە هەمانە لەدەستی دەدەین.