سبەی
دوای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کوژرانی حەسەن نەسروڵا لەلایەن حزبوڵاوە، باوکی زاوایەکی قاسم سولەیمانی بەهێزترین کاندیدە بۆ ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانی.
لە سەروبەندی بڵاوبونەوەی هەواڵی کوژرانی حەسەن نەسروڵا ئەمیندار گشتی حزبوڵای لوبنانی و جێگرەکەی و زۆرینەی سەرکردایەتییەکی، زۆربەی میدیاکان باسیان لە جێگرتنەوەی دەکرد، بۆ سەرکردایەتی ئەو گروپە، لەئێستادا هاشم سەفیەددین وەک بەهێزترین کاندید بۆ جێگرتنەوەی حەسەن نەسروڵا و ئەمینداری گشتی حزبوڵا ناوی دەهێنرێت.
هاشم سەفیەدین، کوڕی خاڵی حەسەن نەسروڵا و یەکێکە لە کەسایەتییە نزیکەکانی و کوڕەکەی زاوای قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانە و بەپێی سەرچاوەکان، دوای گەڕانەوەی لە حەوزەی قووم و لە ساڵی 1994ـەوە بۆ ئەو بەرپرسیارێتییە ئامادەکراوە.
سەفیەددین کێیە؟
سەفییەدین یەکێکە لە دیارترین ناوەکانی ناو گروپی حزبوڵا، بەرپرسی کردەوەکانی رۆژانەی حزبوڵایە و بەرپرسی دۆسیەی دامەزراوە و سامانی حزبوڵا و جێبەجێکردنی سیاسەت و پەیکەرەی ئیداریی حزبەکە بووە.
هاشم سەفییەدین، پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ سەرکردە سەربازی و سیاسییەکانی ئێران و لە حەوزەی عیلمی قووم خوێندویەتی، دوای هاوسەرگیری کردنی کوڕەکەی لەگەڵ زەینە قاسم سولەیمانی ئەوەندەی دیکە پێگەی خۆی لەناو حزبوڵا و سیاسەتی ئێراندا قایمکردووە.
جێگرەوەیەکی کۆن
دەنگوباسی جێگرتنەوەی سەفیەددین دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1998 و ئەوکاتەی میدیاکانی ئێران و ئیسرائیل هەواڵی دەستنیشانکردنی سەفیەددینیان وەک سەرۆکی ئەنجومەنی تەنفیزی و جێنشینی ئەمینداری گشتی حزبوڵا بڵاوکردەوە، لەو رۆژەوە سیناریۆی دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵا لەلایەن حزبوڵاوە ئامادەیە، لە ئەگەری جێبەجێبوونی ئەو سیناریۆیە، ئەوا سەفیەددین ئامادەیە بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتییەکە.
بەپێی ناوەندی ئەڵمای ئیسرائیلی بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، ئامادەکردنی سەفیەددین وەک جێگرەوەی حەسەن نەسروڵا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1994 نەک 2008.
هاشم سەفیەددین کێیە؟
ساڵی 1994 لە شارۆچکەی دێر قانون نەهر لە باشوری لوبنان لە خێزانێکی بەناوبانگ لە دایک بووە.
لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو لەگەڵ حەسەن نەسروڵا چوەتە شاری قوومی ئێران، بۆ خوێندنی ئاینی.
ساڵی 1983 هاوسەرگیریی لەگەڵ کچێکی محەمەد عەلی ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی تەنفیزی ئیسلامی شیعی لە لوبنان کردوە.
ساڵی 1994 لەلایەن حەسەن نەسروڵاوە وەک سەرۆکی رێکخراوی بەیروتی سەر بە حزبوڵا دەستنیشانی کراوە.
ساڵی 1995 سەفیەددین بوەتە سەرۆکی ئەنجومەنی جیهاد، بەرپرسی چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵا و دواتر بوەتە ئەندامی ئەنجومەنی شورا.
ساڵی 1998 پلەکەی بۆ بەرپرسی ئەنجومەنی جێبەجێکردن و کەسی دووەمی حزبوڵا بەرزبوەتەوە.
عەبدوڵا سەفیەددینی برای، نوێنەری حزبوڵای لوبنانە لە ئێران، یەکێک لەو کەسانەی ناوی لە لیستی سزادراوانی ئەمەریکادا هەیە، بە تۆمەتی بازرگانی مادەی هۆشبەر و سپیکردنەوەی پارە.
ساڵی 2020 رەزا هاشم سەفیەددینی کوڕی، هاوسەرگیری لەگەڵ زەینەبی کچی قاسم سولەیمانی کردووە.
رەزا سەفیەددینی کوڕی یەکێکە لە بەرپرسانی گواستنەوەی چەک و کەرەستەی سەربازیی لە ئێرانەوە بۆ لوبنان.