بەپێی بەدواداچونێکی "سبەی" لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن پارتی و یەکێتی زۆرترین پارەیان بۆ بانگەشە بە کاندیدەکانیان داوە و سێ لایەنیش هیچ پارەیەکیان بۆ کاندیدانیان خەرج نەکردووە.
بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە، لیست و کاندیدەکان شەقام و شوێنە گشتییەکانیان بە پۆستەر و ریکلامەکانیان ڕازاندوەتەوە و دەیانەوێت دەنگی هاوڵاتییان بە دەستبهێنن.
ئەوەی بۆ هاوڵاتییان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەبێتە پرسیار تێچووی ئەو پۆستەر و ریکلامانەیە کە کاندیدان هەڵیدەواستن و دەپرسن کێ خەرجی بانگەشەی کاندیدان لە ئەستۆ دەگرێت.
بەپێی بەداداچونێکی "سبەی"، لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردندا پارتی و یەکێتی زۆرترین پارەیان بۆ بانگەشە بە کاندیدەکانیان داوە و چوار لایەنیش هیچ پارەیەکیان بۆ کاندیدانیان خەرج نەکردووە.
پێنج لایەن پارەیان بە کاندیدانیان داوە
بەپێی ئەو زانیارییانەی "سبەی" لە کاندیدانی پارتییەوە دەستی کەوتووە، هەر کاندیدێکیان تا ئێستا 6 هەزار دۆلاریان بە پارە وەرگرتووە لەگەڵ ئەوەشدا حزب تێچووی چاپکردنی 230 فلێکسی لە ئەستۆگرتوون.
هەر بەپێی زانیارییەکانی بەردەستی "سبەی"، بڕیارە پارتی دیموکراتی کوردستان بە گوژمەیەکی دیکە هاوکاری کاندیدانی بکات کە ژمارەیان 190 کاندیدە لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردندا.
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لە دوای پارتییەوە بە دووەم حزب دێت کە زۆرترین پارەی بۆ کاندیدانی خەرج کردووە، بەپێی وتەی ئەو کاندیدانەی یەکێتی کە "سبەی" قسەی لەگەڵ کردوون، لەگەڵ چاپکردنی فلێسکی ریکلام حزب بڕی 2 ملیۆن دیناری پێداون و بڕیاریشە چەند گوژمەیەکی دیکەیان بۆ بانگەشەکردن پێ بدات.
کاندیدانی یەکێتی نایشارنەوە، حزبەکەیان جیاوازی لە نێوان کاندیدەکانیدا کردووە و زانیارییان هەیە، ژمارەیەک کاندید بە گوژمە و پارەی زیاتر هاوکاری کراون.
کۆمەڵی دادگەری کوردستان، لە پێدانی هاوکاری بە کاندیدانی لە دوای یەکێتییەوە دێت، بە وتەی کاندیدانی کۆمەڵ بۆ "سبەی" هەر کەسێکیان بڕی 1 ملیۆن و 500 هەزار دینارییان پێدراوە.
کاندیدانی کۆمەڵ باسیان لەوەکرد، ئەو پارەی پێدراوە بۆ چاپکردنی فلێکس پێان دراو و کۆی خەرجییەکانی دیکەی بانگەشە لەسەر خۆیان دەبێت.
بەرەی گەل کە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکات، لەم هەڵبژاردنەدا وەک خەرجی بانگەشە بڕی 1 ملیۆن دیناری بە کاندیدەکانی داوە، هەروەها چاپکردنی فلێکسی کاندیدەکانیشی لە ئەستۆگرتووە.
یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن تا ئێستا بڕی 500 هەزار دیناری بە کاندیدانی داوە و چاپکردنی 2 هەزار و 500 بزنس کارتیشی لە ئەستۆگرتووە.
سێ لایەن پارەیان بە کاندیدەکانیان نەداوە
بزوتنەوەی گۆڕان تا ئەم کاتە هیچ پارەیەکی بۆ بانگەشە بە کاندیدانی نەداوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ژوری هەڵبژاردنی گۆڕانەوە دەستی "سبەی" کەوتوون، گۆڕان لە چاپکردنی فلێکسدا هاوکاری کاندیدانی کردووە.
گۆڕان بۆ دەستپێکی بانگەشەدا بڕیاریداوە، 300 مەتر فلێکس بۆ هەر کاندیدێکی چاپ بکات، لە هەنگاوی دووەمیشدا چاپکردنی چەند مەترێکی دیکەی فلێسکی کاندیدان لە ئەستۆ دەگرێت.
نەوەی نوێ لەم هەڵبژاردنەدا هیچ خەرجییەکی بانگەشەی کاندیدانی لیستەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەپێی وتەی ئەو کاندیدانەی نەوەی نوێ کە "سبەی" قسەی لەگەڵ کردوون، نەوەی نوێ هەڵمەتی بانگەشەکەی بە شێوەیەکە تەنها بانگەشە بۆ لیستەکەی دەکات و بانگەشە بۆ کاندیدانی ناو لیستەکە ناکات.
هەر بەپێی وتەی کاندیدانی نەوەی نوی، جوڵانەوەکە وەک بانگەشە تەنها لۆگۆی لستەکە و وێنەی شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی جوڵانەوەکەی هەڵواستیووە، وێنەی هەر کاندیدێکیش هەڵواسترابێت لەسەر گیرفانی کاندیدەکە بووە.
ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی کە عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆکایەتی دەکات، هیچ هاوکارییەکی کاندیدانی نەکردووە. کاندیدانی ڕەوتەکە بە "سبەی"یان ڕاگەیاند، کۆی خەرجی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئەستۆی خۆیانە و لستەکە تەنها چەند فلێکسی بۆ کاندیدانی چاپکردووە .
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
بڕیاربوو، 10ـی حوزەیرانی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی بەشدارینەکردنی پارتی و گەڕاندنەوەی کورسی کۆتاکان نەتوانرا لەو وادەیەدا هەڵبژاردنەکە بكرێت، بۆیە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان مەرسومی پێنجەمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەم دەرکرد. نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی وەک ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریکرد.