حزبوڵڵا .. جیهاد بە پارەی کۆکاین

#حزبوڵڵا#کۆکاین#مادەی هۆشبەر#ئەمەریکا
یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
Primary Asset

ژمارەیەک چەکداری حزبوڵڵا

سبەی

دوای ئەوەی حزبوڵڵا وەکو نەیارێکی سەرسەختی ئیسرائیل و ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەرکەوت و توانی سەدان ئەمەریکی بکوژێت لەگەڵ بەدیلگرتنی ژمارەیەک ئەمەریکی. کاریگەرترین گورزی حزبوڵڵا لە ئەمەریکا 23ی تشرینی یەکەمی 1983 بوو کاتێک بە بۆمبێکی بۆمبڕێژکرا هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی بەیروتی پایتەختی لوبنان بە هۆیەوە 241 ئەمەریکی کوژران کە زۆربەیان سه‌ر به‌ هێزی مارێنز بوون.

هەر لەو کاتەوە  دژایەتی ئەمەریکا بۆ حزبوڵڵا دەست پێدەکات. ئەمەریکا بە فەرمی لە 8ی تشرینی یەکەمی 1997، حزبوڵڵای وەکو "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساند.

لە ساڵی 2000ەوە ئەمەریکا دەست دەکات بە لێکۆڵینەوە لە داهات و چالاکییەکانی حزبوڵڵا. لەوکاتەوە ئەمەریکا بۆی دەردەکەوێت کە حزبوڵڵا تێوەگلاوە لە بارزگانییکردن بە مادەی هۆشبەر و چەندین بارزگانیکردنی دیکەی نایاسایی.

ڕێکخراوی ئاسایشی دەرەکی (یەکەی 910)

کارە نایاسایی و تاوانکارییەکانی حزبوڵڵا لەلایەن یەکەی 910 سەرپەشتی دەکرێت. یەکەی 910 لەلایەن عیماد موغنییە، بەپرسی باڵی سەربازی حزبوڵڵاوە دامەزراوە و سەپەرشتی کراوە تا کاتی کوشتنی لە ساڵی 2008. لە دوای کوشتنی، موغنییە، تەڵاڵ حەمییە، جێگری عیماد موغنییە، دەبێتە بەپرسی یەکەی 910. عەبدوڵا سەفییە، برای هاشم سەفییەی ڕیبەری ئێستای حزبوڵڵا، بەرپرسی بەشی بازرگانی یەکەی 910یە، کە تائێستاش بەردەوامن لە بازرگانییکردن بە کۆکاین.

پرۆژەی کاساندرا

لە ساڵی 2008، هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، ئۆپەراسیۆنی "پرۆژەی کاساندرا"ی ڕاگەیاند.

لە ناوەڕاستی ساڵی 2000ەکاندا، ژمارەیەک کارمەندی هۆبەی بەرەنگاربونەوەی مادەی هۆشبەر لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دەست بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچونی ورد دەکەن لەسەر بازرگانیکردنی مادەی هۆشبەر لەلایەن حزبوڵڵاوە. لێکۆڵینەوەکانیان ڕووە نهێنییەکەی حزبوڵڵای دەرخست، کە لە نێوان چوار کیشوەردا سەرقاڵی بارزگانیکردنن بە مادەی هۆشبەر؛ بۆیە ئۆپەراسیۆنی پرۆژەی کاساندرایان ڕاگەیاند کە کۆدی نهێنی ئۆپەراسیۆنەکەی هۆبەی ڕووبەڕووبونەوەی مادە هۆشبەرەکانی ئەمەریکا بووە.

پرۆژەی کاساندرا لە ساڵی 2008 دەستی پێکرد دوای ئەوەی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەری ئەمەریکا، بەڵگەی تەواویان دەستکەوت کە حزبوڵڵا تێوەگلاوە لە بارگانییکردن بە مادەی هۆشبەر، سپیکردنەوەی پارە، چالاکی تاوانکاریی و بارزگانیکردن بە چەکەوە.

ئەمەریکییەکان بۆیان دەرکەوت، حزبوڵڵا لەو ڕێگایانەوە ساڵانە یەک ملیار دۆلاری دەست دەکەوێت. لە ماوەی هەشت ساڵی پاش 2008، ئەمەریکا بۆی دەرکەوت حزبوڵڵا تێوەگلاوە لە گواستنەوەی کۆکاین لەڕیگای کەشتییەوە لە ئەمریکای لاتینەوە بۆ ڕۆژئاوای ئەفریقا، هەروەها لە ڕێگای ڤەنزیۆلا و مەکسیکەوە بۆ ئەمەریکا.

شوکری حەرب

ئەمەریکییەکان لە ڕێگای گوێگرتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی باندەکانی مادەی هۆشبەر لە  کۆڵۆمبیا، بۆیان دەرکەوت باندەکان لەگەڵ کەسانی دیکە بە عەرەبی قسە دەکەن و باسی لوبنان دەکەن، لێرەوە ئەمەریکا دڵنیابوەوە لە تێوەگلانی حزبوڵڵا لە بازرگانیکرد بە کۆکاین و سپیکردنەوەی پارە. پردی پەیوەندیی نێوان حزبوڵڵا و باندەکانی مادەی هۆشبەری کۆڵۆمبیا، شوکری مەحمود حەربە کە پەیوەندییەکی پتەویشی لەگەڵ ئێراندا هەیە.

شوکری حەرب لە کۆڵۆمبیا بووە، بەرپرس بووە لە سەرپەرشتیکردن و ناردنی دەیان و سەدان تۆن کۆکاین بۆ بەندەری عەقەبە لە ئوردن لەوێشەوە بۆ سوریا و لوبنان. ئەو پارەیە شوکری حەرب دەستی کەوتووە بۆ حزبوڵڵا بووە؛ واتە حزبوڵڵا بە پارەی کۆکاین و مادەی هۆشبەر خۆی پارەدار کردووە.

سەرەداوێک لە ئوردنەوە

لەگەڵ زیاتر بوونی گەیشتنی کۆکاین بە ئوردن، پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەری ئەو وڵاتە دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد. پۆلیسی ئوردن توانیان ژمارەیەک کەس دەستنیشان بکەن کە پەیوەندیان بە شوکری حەربەوە هەبوو، هەرزوو زانیان کە کۆبونەوەیەک دەکەن لەگەڵ شوکری حەرب لە عەممانی پایتەختی ئوردن. لەم ڕێگەیەوە ئەمەریکییەکان بۆیان دەرکەوت شوکری حەرب، کار بۆ عیماد موغنییە دەکات.

عیماد موغنییە، بەرپرسی پێشووی باڵی سەربازی حزبوڵڵا و یەکەی 910

عیماد موغنییە، یەکێک بوو لە کەسایەتییە کاریگەر و دیارەکانی ناو حزبوڵڵا و جێگای متمانەی حەسەن نەسروڵا بووە. ئەمەریکا موغنییەی تۆمەتبار کردبوو بە تەقاندنەوەی سەربازگە ئەمەریکییەکەی ناو فڕۆکەخانەی لوبنان. موغنییە لە ساڵی 1985 فڕۆکەی (TWA Flight 847)ی رفاند، سەربازێکی ئەمەریکی بە ناوی ڕۆبێرت ستیسام کە سەرنشینی فڕۆکەکە بوو، کوشت. ئەمەریکا بە فەرمی عیماد موغنییەی تۆمەتبارکرد بە تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین لە ساڵی 1992.

حزبوڵڵا لە عێراق

لە سەرەتای پرۆسەی ئازادکردنی عێراقەوە لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە، میلیشیا شیعەکانی سەر بە عێراق جەنگیان دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ڕاگەیاند. حزبوڵڵای لوبنانیش وەکو گروپێکی سەر بە ئێران، هاتنە عێراق بۆ شەڕکردن لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا. عیماد موغنییە بەرپرسی سەربازی حزبوڵڵا بوو. موغنییە شارەزاییەکی زۆر باشی لە بۆمب دروستکردندا هەبوو، بە هاوکاری موغنییە میلیشیا شیعییەکان دەستیان کرد بە کردوەی خۆکوژی و چاندنی بۆمب بۆ هێزەکانی ئەمەریکا.

جگە لە هاوکاری سەربازی، حزبوڵڵا دەستیکرد بە پارەدارکردنی میلیشیا شیعەکان. لە بەدواداچونەکانییاندا ئەمەریکییەکان بۆیان دەرکەوت ئەو پارەیەی دێتە عێراق بۆ هاوکاریکردنی میلیشیا شیعەکان، حزبوڵڵا لە بازرگانیکردن لە کۆکایندا دەستی دەکەوێت.

بەم شێوەیە حزبوڵڵا سەدان ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوت لە ڕیگای بازرگانیکردن بە کۆکاینەوە. ئەو پارەیەش بەکاردەهێنرا بۆ پاڵپشتیکردنی لۆجیستی و سەربازی حزبوڵڵا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی