بە تۆمەتی ساختەکاریی وەزیری پەروەردە دادگایی دەکرێت

#وەزیری پەروەردە#ساختە#بەڵگەنامە#دادگایی کردن
4 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بە تۆمەتی ساختەکاریی بەڵگەنامەی فەرمی دەوڵەت و بەکارهێنانی فەرمانی ساختە دژی نەیارەکانی، ئیبراهیم نامس جبوری دادگایی دەکرێت.
Primary Asset

سبەی

بە تۆمەتی ساختەکاریی بەڵگەنامەی فەرمی دەوڵەت و بەکارهێنانی فەرمانی ساختە دژی نەیارەکانی، ئیبراهیم نامس جبوری دادگایی دەکرێت.

دادگای لێکۆڵینەوەی رومادی سەر بە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەنبار، لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی عەزم، فەرمانی بانگهێشتکردن و ئامادەبوون لەبەردەم دادگای بۆ ئیبراهیم نامس جبوری وەزیری پەروەردەی عێراق دەکردووە، کە پێویستە لەماوەی سێ رۆژدا لە بەردەم دادوەر ئامادەبێت.

تۆمەتەکانی سەر وەزیری پەروەردە، بەپێی ماددەکانی (289/298) لە یاسای سزادانی عێراقییە، لەسەر ساختەکردنی بەڵگەنامەی فەرمی دەوڵەت و بەکارهێنانی بەڵگەنامە و فەرمانی ساختە، سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، ئەگەر لەماوەی دیاریکراودا ئامادەی بەردەم دادگا نەبێت، فەرمانی بانگهێشتکردنەکەی دەگۆڕدرێت بۆ فەرمانی دەستگیرکردن.

پێشتر، سامیە غەلاب پەرلەمانتاری فراکسیۆنی عەزم بە تۆمەتی ساختەکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان و بەکارهێنانی فەرمان بە ساختەکاری دژی نەیارەکانی و بۆ بەژەوەندی تایبەتی، سکاڵای یاسایی لەبەردەم دادگاکانی لێکۆڵینەوەی ڕەمادی لەسەر وەزیری پەروەردە تۆمارکردبوو.

لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، بەشێکی لایەنە سونییەکان کێشەیان لەگەڵ وەزیری پەروەردە هەیە، بەتایبەتی کە تۆمەتی ساختەکردنی بەڵگەنامەی دابووە پاڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای عێراق و پەرلەمانتار، لەناویاندا ئەحمەد جبوریی، ئاشکرای کردبوو زیاتر لە 450 بڕوانامەی ساختەیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ئاشکرا کردووە.

پێش لەکارخستنی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چەند جارێک داوای کردبووە، کە ئیبراهیم نامس جبوری وەزیری پەروەردە بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت بۆ لێپرسینەوە، بەڵام لە هەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبوو.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی