
دیمەنی زەوییەکی کشتوكاڵی لە غەززە
سبەی
بەپێی داتاو ئاماری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، جەنگی ئیسرائیل و حەماس، زیانی بە 95%ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرتی غەززە گەیاندووە.
جەنگی ئیسرائیل و حەماس کوژرانی نزیکەی 67 هەزار فەڵەستینی لێکەوتۆتەوە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 20 هەزاریان منداڵ بوون. هاوکات نزیکەی 84% بیناو خانووەکانی کەرتی غەززە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل وێران بوون، جگە لە زیان گەیاندنی گەورە بە کشتوکاڵ، بەتایبەتی باخەکانی میوە لە کەرتەکەدا.
هێ یین، جوگرافیناس لە زانکۆی کێنتی ئەمەریکی، بەدواداچوونی بۆ زیانە گەورەکان لە کەرتی کشتوکاڵی غەززە کردووە، کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل دروستبووە، لە کاتێکدا لە ماوەی جەنگەکەدا کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان وێران کردووە و تۆڕەکانی ئاودێرییان لەناوبردووە. ئەوەش جگە لە کوژرانی جوتیارە فەڵەستینییەکان یاخود ناچارکردنیان بۆ بەجێهێشتنی کێڵگەکانیان.
بە پێی داتای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە ماوەی جەنگە دوو ساڵەکەدا، 89%ی بەرهەمی کشتوکاڵی و 98%ی دارە بەردارەکانی غەززە زیانیان بەرکەوتووە. بەهۆکاری ئەوەشی قەبارەی ناوچە کشتوکاڵییەکانی کەرتەکە بچوک و سنوردارە، لەدەستدانی تەنانەت یەک داریش وەکو زیانێکی گەورە لێکدەدرێتەوە.
هاوکات پرۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP) دەڵێت، لەناوبردنی دارەکانی غەززە بە بەکارهێنانی ئامێری سەربازی ئیسرائیلی، زیانی لە خاکە کشتوکاڵییەکان داوە، لە کاتێکدا لە بنەڕەتدا زەوییە کشتوکاڵییەکان بەهۆی تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییەکان و ئاوەڕۆی پاکنەکراوەوە پیس بووە. ئاژانسەکە راشیگەیاندووە لە ئێستادا گەڕانەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی غەززە بۆ کاتی پێش دەستپێکردنی جەنگەکە ئەستەمە و ناتوانرێت لە مەودایەکی کورتدا زەوییەکان بۆ کشتوکاڵ کردن بۆ جووتیارە فەڵەستینییەکان بەردەست ببنەوە.
پێش جەنگەکە، کشتوکاڵ 11%ی ئابووری غەززە و نزیکەی نیوەی هەناردەکردنی کەرتەکەی پێکدەهێنا، ئەویش بەپێی راپۆرتەکانی پرۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان.
