بۆ ئەوەی پیاوان ببن بە باوک، پێویستە چی بکەن؟

#باوک#سپێرم#تۆواو#وەچەخستنەوە
9 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • زانایان هۆشداری دەدەن لەوەی پێویستە پیاوان لە ژمارەیەک خوو دەربکەونەوە بۆ ئەوەی زیان بە کوالێتیی سپێرمی ئەوان نەگات و کێشەیان بۆ دروست نەبێت بۆ وەچەخستنەوە و بوون بە باوک.
Primary Asset

وێنە: میدیاکان

سبەی

توێژینەوە زانستییەکان سەلماندوویانە بۆ بوون بە باوک پێویستە پیاوان واز لە ژمارەیەک خووی ڕۆژانە بهێنن، کە بە هۆی زیانگەیاندن بە کوالێتیی سپێرم، کێشە بۆ وەچەخستنەوە دروست دەکەن. 

ڕۆژنامەی گاردیان بە پشتبەستن بە توێژینەوە زانستییەکان، سەرنجی خستووەتە سەر ئەو خووانەی زیان بە کوالێتیی سپێرمی پیاو دەگەیەنن.

هەڵبژاردن و لەبەرکردنی ئەو جلانەی ژێرەوە کە تەسکن بە زیادکردنی پلەکانی گەرمای تورەکەی گون، زیان بە بەرهەمهێنانی سپێرم دەگەیەنێت.

بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی هارڤارد لەبەرکردنی جلوبەرگی تەسک، بە زیادکردنی گوشاری گەرمی زیان بە کوالێتیی سپێرم دەگەیەنێت و ئەگەری توشبوون بە نەزۆکی زیاتر دەکات.

مانەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێر ئاوی گەرم، پلەی گەرمیی گون بەرز دەکاتەوە و ئەمەیش کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر کوالێتی و بەرهەمهێنانی سپێرم.

هەروەها هەوکردنی گوازراوە بە هۆی سێکسکردن و هەوکردنی ڕێڕەوی میز زیان بە کوالێتیی سپێرم دەگەیەنێت. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی هۆشداری داوە لەوەی دوور نییە جۆرە چارەسەرنەکراوەکانی هەوکردن وەک ساردیی سێبەندە ببنە هۆی نەزۆکی.

فراوانبوونی ڕەگەکانی گون Varicocele هۆکارێکی دیکەی تێکدانی بەرهەمهێنانی سپێرمە و زانایان بۆیان دەرکەوتووە لە سەدا 40ی ئەوانەی توشیی ئەمە دەبن کێشەی وەچەخستنەوەیان هەیە.

دانانی لاپتۆپ لەسەر ڕان بۆ ماوەیەکی زۆر، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی تورەکەی گون. ئەمەیش کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر بەرهەمهێنانی سپێرم. 

بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان کوالێتیی و ژمارەی سپێرم بە ڕێژەیەکی زۆر کەم دەکاتەوە. مادە هۆشبەرەکان هەروەها بە کەمکردنەوەی ئاستی هۆرمۆنی تێستێستێرۆنیش کاریگەری دەکەنە سەر توانای وەچەخستنەوە. 

دانانی مۆبایل لەناو ئەو گیرفانانەی گونەکانەوە نزیکن، دەبێتە هۆی ئەوەی گونەکان دوچاری شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان ببن و ئەمەیس زیان بە سپێرم دەگەیەنێت.

کێشانی جگەرەی هاوشێوەی سییەکان، زیان بە سپێرمیش دەگەیەنێت. دەرکەوتووە کێشانی جگەرە کوالێتیی تۆواو و جوڵەی چڕی سپێرمەکانی کەم کردووەتەوە. 

کێشانی جگەرە هەروەها پرۆسەی پێگەیشتنی سپێرم و کارکردنی هۆرمۆنەکانی وەچەخستنەوە تێک دەدات. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی