ئەمەریکا 130 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکارییکردنی هەسەدە تەرخان دەکات

#ئەمەریکا#هەسەدە#هاوکاری سەربازی#شەڕی داعش
4 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بۆ ساڵی داهاتووش ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی هێزە هاوپەیمانی لە سوریا و بڕی 130 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکات، پشکی شێری ئەو یارمەتییەش بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت.
Primary Asset

سبەی

بۆ ساڵی داهاتووش ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی هێزە هاوپەیمانی لە سوریا و بڕی 130 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکات، پشکی شێری ئەو یارمەتییەش بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت.

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ، لە چوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ ساڵی 2026 ئەمەریکا  زیاتر لە 130 ملیۆن دۆلار بۆ سندوقی راهێنان و پڕچەککردنی دژە داعش (CTEF) لە سوریا تەرخان دەکات بۆ یارمەتیی و پاڵپشتی هێزە هاوپەیمانەکانی لە سوریا، بەشێکی زۆری ئەو پاڵپشتییەش وەک ساڵانی رابردوو بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەبێت.

جگە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەشێکی هاوکارییەکە بۆ سوپای ئازادی سوریا دەبێت کە لە ناوچەکانەوە تەنەف و سێکوچکەی سنوریی عێراق و سوریا و ئوردن جێگیرکراون و لەلایەن ئەمەریکا مەشق و راهێنان و پاڵپشتیی سەربازییان پێشکەش دەکرێت.

بودجەکەی پنتاگۆن بۆ پاڵپشتیی هاوپەیمانەکانی لە سوریا بۆ شەڕی روبەڕوبونەوەی شانە نوستوو و نهێنییەکانی داعش، پاراستنی کامپەکانی وەک هۆل و رۆژ، زیندانەکانی داعش و هەر پرۆسەیەکی دیکەی پەیوەست بەو بابەتانە تەرخان دەکرێن.

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا وردەکاریی زیاتری لەبارەی بوودجەی (CTEF) بڵاوکردوەتەوە، ئەو 130 ملیۆن دۆلارە بەشێکی تەرخانکراوە بۆ مووچەی ئەو هێزانە کە بڕەکەی 65 ملیۆن دۆلارە، پڕچەککردن و مەشقی سەربازی 15.6 ملیۆن دۆلار، پاڵپشتی لۆجستی32.4 ملیۆن، وەڵامی پێداویستییە بەپەلەکان: 1.5 ملیۆن، سەرەڕای تێچووی دابینکردنی چەکی سووک و قورسی وەک AK-47، PKM، و دۆشکا، گوللـە، ئۆتۆمبیلی سەربازیی و گواستنەوە، جل‌وبەرگ، ئامرازی پەیوەندی کردن 6.5 ملیۆن دۆلار. 

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر پیت هێگست، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس) بڵاوی کردەوە "بەم نزیکانە و بۆ یەکەم جار بودجەی وەزارەتی بەرگری دەگاتە یەک تریلیۆن دۆلار، سوپاسی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەین کە پاڵپشتیی بەهێزی دامەزراندنەوەی سوپاکەمانە.

پێشتر و لە مانگی نیسان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لەکاتی پێشوازیی لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیان: بودجەی بەرگریی بۆ نزیکەی یەک ترلیۆن دۆلارە بەرزدەکەنەوە، ئەو بودجەیە دەبێتە گەورەترین بودجە کە تا ئێستا بۆ کەرتی سەربازیی تەرخان کرابێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی