رەیان کلدانی بە سێ کاندید بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

#بابلیۆن#کریستیان#هەڵبژاردن
یەک ساڵ لەمەوپێش
زانیار بەهادین
پوختە :
  • بزوتنەوەی بابلیۆنی مەسیحی بە سێ کاندید بۆ یەکەمجار بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و دەیەوێت بە پشتیوانی یەکێتی هەر سێ کورسی پێکهاتەی مەسیحی لە بەرژەندی خۆی یەکلای بکاتەوە.
  • بەرپرسێکی بزوتنەوەی بابلیۆن دەڵێت، ڕێککەوتنی ستراتیژیمان لەگەڵ یەکێتی هەیە.
  • بافڵ تاڵەبانی و ڕەیان کلدانی ڕایانگەیاندووە، لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی بابلیۆن هاوکاری و هەماهەنگی یەکتر دەکەن.
Primary Asset

بزوتنەوەی بابلیۆنی کریستیانی بە سێ کاندید بۆ یەکەمجار بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و دەیەوێت بە پشتیوانی یەکێتی هەر سێ کورسی پێکهاتەی کریستیان لە بەرژەندی خۆی یەکلای بکاتەوە. بەرپرسێکی بزوتنەوەکە دەڵێت، ڕێککەوتنی ستراتیژیمان لەگەڵ یەکێتی هەیە. 

بزوتنەوەی بابلیۆن بە سەرۆکایەتی ڕەیان کلدانی سێ کاندیدی لە بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە. 

ڕەیان کلدانی دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەدا کە یەکەمجارە بەشداری تێدا دەکات، هەر سێ کورسی کۆتایی پێکهاتەی کریستیان لە بەرژوەندی بزوتنەوەکەی یەکلای بکاتەوە. 

بافڵ تاڵەبانی و ڕەیان کلدانی ڕایانگەیاندووە، لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی بابلیۆن هاوکاری و هەماهەنگی یەکتر دەکەن. 

ڕەیان کلدانی دەیەوێت بە پشتیوانی ئەو هاوکارییەی لەلایەن یەکێتییەوە پێشکەشی کراوە، هەر سێ کورسییەکەی پێکهاتەی کریستیان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ بزوتتەوەی بابلیۆن بێت. 

ڕەیان کلدانی ئێستا بەشێوەیەکی چڕ لە پارێزگای سلێمانییەوە دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە، بەشێوەیەک لە ماوەی رابردوو چووە ناو بازاڕی شارەکە و لەگەڵ هاوڵاتییاندا گفتوگۆی لەسەر کێشەکانی تایبەت بە مووچەوە کرد. 

May be an image of 6 people, dartboard and text

ئەنجیل زیا شیبا سەرۆکی فراکسیۆنی بابلیۆن لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە "سبەی" ڕاگەیاند، بزوتنەوەی بابلیۆن و یەکێتی ڕێککەوتنی ستراتیژیان هەیە لەسەر ئەو بنەمایەش لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە هەڵبژاردنی پارێزگاردا پشتیوانی یەکێتیان کردووە. 

"سبەی" دەزانێت یەکێتی وەک بەشێک لە هەماهەنگی لەگەڵ بزوتنەوەی بابلیۆن هیچ کاندیدێکی بۆ سێ کورسییەکەی کۆتایی کریستیان نابێت. پێچەوانەی یەکێتی، پارتی لەگەڵ ئەوەی لە بەشێک لە بازنەکان کاندیدی دەبێت، لە هەندێک بازنەش پشتیوانی کاندیدی دیکەی نزیک لەخۆی دەکات. 

هەر بەپێی زانیارییەکانی "سبەی" پارتی هەوڵەکانی بەو ئاڕاستەیەن کە کورسی پێکهاتەی کریستیان لە بازنەکانی هەولێر و دهۆک لە بەرژوەندی خۆی یەکلای بکاتەوە. 

پێداگیرییەکەی پارتی بۆ ناکۆکییەکانی لەگەڵ ڕەیان کلدانی دەگەرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە، ئەوانە دەبنە کورسی یەکێتی نەک بزوتنەوەی بابلیۆن. 

کورسی پێکهاتەکان لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێنج کورسییان بۆ دیاریی کراوە، دوو کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمانە کە لە بازنەکانی هەولێر و سلێمانی یەکی کورسییەکیان بۆ دیاریکراوە، سێ کورسییەکەی دیکەش بۆ پێکهاتەیکریستیانیە کە لە بازنەکانی، هەولێر، سلێمانی، دهۆک یەکی کورسییەک بۆ ئەو پێکهاتەیەش دیاریکراوە. 

پێگەی ڕەیان کلدانی 

ڕەیان کلدانی لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی بزوتنەوەی بابلیۆنی کریستیانیە و بەشدارێکی کارای کاری سیاسییە، یەکێکیشە لە فەرماندە سەربازییەکانی حەشدی شەعبی و فەرماندەی هێزێکی مەسیعیە. 

ڕەیان کلدانی لە ساڵی 2014ـەوە بە پشتیوانی هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕوو لە کاری سیاسی کردووە، هەر بۆیەش یەکێکە لەو کەسانەی لەلایەن ئێرانە پشتیوانی دەکرێت. 

پەیوەندییەکی دوو قۆڵی گەرم و گوڕی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا هەیە و هەندێک جاریش خۆی وەک هاوسەرۆکی یەکێتی دەناسێنێت. 

ئەمەریکا زیاتر لە جارێک لە ڕاپۆرتەکانیدا ناوی ڕەیان کلدانی هێناوە و تۆمەتباری کردووە بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بە تایبەت لەو ناوچانەی تێیدا دەست باڵایە. 

ئەمەریکا لەگەڵ نیگەرانییەکانیدا وەک سەرکردەیەکی سەربازی دژ بە بەرژوەندییەکانی لە عێراق ناوی خستوەتە لیستی تیرۆرەوە و هیچ مامەڵەیەکی سیاسی لەگەڵ ناکات. 

بزوتنەوەی بابلیۆن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە ساڵی 2021 ئەنجامدرا لە کۆی پێنج کورسی کۆتایی کریستیان چوار کورسییانی لە بەرژوەندی خۆی مسۆگەر کرد. 

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقیش کە ساڵی 2023 ئەنجامدرا، هەر چوار کورسی کۆتایی کریستیان لە پارێزگاکانی بەغداد، بەسرە، کەرکوک و نەینەوا لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی کردەوە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی