پزیشکان: دڵشکان لەوانەیە ببێتە هۆی مردن

#نەخۆشی دڵ#مردن#دڵشکان
یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
Primary Asset

وێنەی دڵشکانی ژنێک

سبەی

لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان دەریانخستووە، دڵشکان بەهۆی لەدەستدانی کەسێکی نزیکەوە، لەوانەیە ببێتە هۆی مردن.

گۆڤاری نیوزویک پرسیاری لە سیان هاردینگ پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ کردووە دەربارەی زانستی نەخۆشیی دڵشکان و چۆن کەسێک بتوانێت خۆ لێ بپارێزێت لە کاتی لەدەستدانی کەسێکی نزیکیدا.

پرۆفیسۆر سیان هاردینگ دەڵێت: "ئامارەکان سەلماندویانە، ئەگەر کەسێک هاوسەرەکەی بمرێت، ئەگەری مردنی ئەویش لە هەمان ساڵدا زۆرە".

 پرۆفیسۆر هاردینگ وتوشیەتی بۆ چەندین ساڵ توێژینەوەی لە نەخۆشیی دڵشکان کردوە، بۆی دەرکەوتووە هۆکارەکانی مردنی کەسێک بە هۆی دڵشکانەوە لە دوو هۆکار زیاتر نییە، هەر دوو هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆرمۆنی ئەدریناڵین.

لە ڕاپۆرتەکەی گۆڤاری نیوزویکدا هاتووە، ئەدریناڵین هۆرمۆنی شەڕکردنە لە جەستەدا و زیاد دەبێت لە کاتی ڕووبەڕوبونەوەی بارودۆخی مەترسیدار و کاتی فشاری دەرونی، لەگەڵ دەردانی ئەدریناڵیندا لێدانی دڵ خێراتر دەبێت لەگەڵ بەرزبونەوەی فشاری خوێن.

کاتێک کەسێکی نزیکت دەمرێت، ڕێژەی دەردانی ئەدریناڵین زۆر بە خێرایی بەرز دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ تێکدانی لێدانەکانی ڕیتمی سروشتی دڵ. بەم شێوەیە هەندێک لە لێدانەکانی دڵ بە ڕێگایەک دەبن و هەندێکی دیکە بە ڕێگایەکی جیاوازتر؛ لە ئەنجامدا دڵ ناتوانێت خوێن پاڵ بنێت بۆ دەرەوەی دڵ.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، جگە لە بەرزی ئاستی دەردانی ئەدریناڵین، لەدەستدانی کەسێکی خۆشەویست دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازبوونی لەناکاوی بەشێک لە ماسولکەکانی دڵ.

نەخۆشی شکانی دڵ، زۆرجار لەگەڵ جەڵتە تێکەڵ دەکرێن، بەڵام کاتێک دکتۆرەکان لە نزیکەوە حاڵەتەکە دەبینن بۆیان دەردەکەوێت هۆکاری مردنەکە جەڵتە نییە، بەڵکو نەخۆشیی دڵشکانە.

پرۆفیسۆر هاردینگ دەڵێت: "نەخۆشی دڵشکان زیاتر لە ژنانی بە تەمەندا دەردەکەوێت"، زۆرجار نەخۆشەکان وا ئەزانن توشی جەڵتە بوون، بەڵام دوای پشکنین دەردەکەوێت کە هیچ خوێنبەرێکی دڵیان نەگیراوە و حاڵەتەکەین جەڵتە نییە.

نەخۆشی دڵشکان زۆربەی نیشانەکانی جەڵتەی دڵی هەیە لەوانە؛ نەخۆشەکان دوچاری سنگ ئێشە دەبنەوە. کاتێک نەخۆشەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت، دەردەکەوێت کە لایەکی دڵیان زۆر بە خێرایی لێدەدات، بەڵام لایەکەی دیکە ئیفلیج بووە و زۆر بە هێواشی لێدەدات؛ ئەمەش دەرخەری لێکەوتەکانی نەخۆشی دڵشکانە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی