مەترسییەکانی دەخرێتەڕوو؛ زیاتر لە 20%ی گەنجانی ئەمەریکا بۆ خەوێکی باشتر روو لە حەشیش و کحول دەکەن

#ئەمەریکا#گەنجان#حەشیش#کحول
9 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • زیاتر لە 20%ی گەنجانی ئەمەریکا، حەشیش یان کحول بەکاردەهێنن بۆ یارمەتیدانیان لە خەوێکی باشتردا. لە بەرامبەرداهۆشداری دەدرێت لەوەی پشتبەستنی بەردەوام بەم ماددانە، دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو و ئاڵۆزییە تەندروستییە گەورەکان.
Primary Asset

سبەی

زیاتر لە 20%ی گەنجانی ئەمەریکا، حەشیش یان کحول بەکاردەهێنن بۆ یارمەتیدانیان لە خەوێکی باشتردا. لە بەرامبەرداهۆشداری دەدرێت لەوەی پشتبەستنی بەردەوام بەم ماددانە، دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو و ئاڵۆزییە تەندروستییە گەورەکان.

توێژەرانی پەیمانگای توێژینەوەی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی میشیگان ئاشکرایان کرد، یەک لەسەر پێنجی گەنجان لە ئەمەریکا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەوتن، پەنادەنەبەر حەشیش یان کحول.

لە توێژینەوەکەدا هاتووە، کە نزیکەی نیوەی بەکارهێنەرانی حەشیش دانیان بەوەدا ناوە، کە هەندێک کات بۆ خەوتنێکی باشتر بەکاریان هێناوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان بەکارهێنانی ئەم ماددانە و رێکخستنی خەوتن لە گەنجاندا. هاوکات ئاماژە بەوە کراوە، کە حەشیش و کحول رەنگە یارمەتیدەر بن لە خەوتن، بەڵام بەکارهێنانی بەردەوامیان، دەتوانێت ببێتە هۆی ئەگەری وابەستەیی دەروونی و ئالوودەبوون زیاد دەکات.

هەروەها ئەم وابەستەبوونە، دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی شێوازی خەوتنی ئاسایی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، وەک سەختی خەوتن بەبێ ماددەکە یان پچڕانی خەوتن، ئەمەش لە بەرامبەردا کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی گەنجان دروستدەکات.

توێژینەوەکە، کە بە ناوی "بەکارهێنانی حەشیش و کحول بۆ دەستپێکردنی خەو لەنێو گەنجان" لە رۆژنامەی JAMA Pediatrics بڵاوکراوەتەوە، نمونەی 1473 گەنجی تەمەن 19-30 ساڵی وەرگرتووە. دەرەنجامەکان دەریانخستووە کە 22.4%ی گەنجان حەشیش یان کحولیان بەکارهێناوە بۆ خەوتن. حەشیش زۆرترین بەکارهێنانی هەبووە بە (18.3%) بەراورد بە کحول (7.2%). 

لە بەشێکی توێژینەوەکەدا باس لەوەکراوە، ژنان دوو هێندە زیاتر لە پیاوان ئەگەری بەکارهێنانی حەشیشیان هەبووە بە هۆکاری پەیوەست بە خەوتن. هۆکارەکانی دیکەی وەک تەمەن، کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر بەکارهێنانی حەشیش نەبووە. سەبارەت بە کحول، توێژینەوەکە ئاشکرایکردووە، کە رەشپێستەکان زیاتر لە کەسانی سپی پێست، کحول بۆ مەبەستی خەوێکی باشتر بەکاردەهێنن.

توێژەران جەختیان لەوە کردەوە، کە دۆزینەوەکان سەرنجەکان بۆ کێشەکانی خەو و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە نێو گەنجاندا رادەکێشن. هاوکات داوای دەستێوەردان دەکەن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییە تەندروستییە ئەگەرییەکان، لەوانە وابەستەیی دەروونی و تێکچوونی درێژخایەنی خەو.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی