ڕوسیا .. دەیان زانا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیردەکرێن

#ڕوسیا#ئەوروپا#ڤلادیمێر پوتن#زانا
10 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 مانگ نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
Primary Asset

ئەناتۆلی ماسلۆڤ لە دادگایەکی ڕوسیا.

سبەی

لە ماوەی شەش ساڵدا، ڕوسیا دەیان زانای خۆی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکردوە کە لە بوارەکانی بەرگری و موشەک و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا کاریانکردوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی، لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا، دەیان زانای ڕوسی کە لە بوارەکانی ئایرۆداینامیک و هایپەرسۆنیکی خێرایی زۆر بەرز توێژینەوە و لێکۆڵێنەوەیان کردووە، لەلایەن حکومەتی مۆسکۆوە دەستگیرکراون.

هەندێک لە دەستگیرکراوەکان بە گومانی پێدانی زانیاریی زانستی بە نەیارەکانی ڕوسیا دەستگیرکراون. وۆڵ ستریت جۆرناڵ نوسیویەتی دواین زانا بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزادراوە.

ژمارەیەک لە زاناکان دوای ئەوەی حکومەتی ڕوسیا ڕیگەپێدانی بۆ کردوون بۆ ئەوەی لە وڵاتەکانی دیکە بەشداری پڕۆژەی زانستی بکەن، دوای گەڕانەوەیان دەستگیرکراون. ژمارەیەک لەو زانایانە کاریان لەسەر سێکتەرە سەربازییەکانی بەرگریی کردووە دوای گەڕانەوەیان دەستگیرکراون. ژمارەیەکی دیکە لە زاناکان بەشداربوون لە توێژینەوەی زانستی سادە، بەڵام بەدەرنەبوون لە دەستگیرکردن.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ئێستادا ترسێکی زۆر لە ناو زانایانی ڕوسیادا بڵاوبووەتەوە، چونکە زانایەک لە بواری تەکنەلۆژیای کاربکات، دەکرێت وەکو چەکێک لە دژی بەکاربێت و ببێتە هۆی بەندکردنی.

لە ئێستادا بەدواداچوون و لێکۆڵێنەوەی پەیوەندیدار بە بابەتەکانی هایپەرسۆنیک و ئایرۆداینامیک زۆر مەترسیدارە، ئەمەش پێشکەوتنەکانی ڕوسیای لەو بوارەدا ڕاگرتووە. ئەو دوو زانستە کەڵکیان لێ وەردەگیرێت لە دروستکرنی موشەکی دوورمەودادا.

موشەکی هایپەرسۆنیک زۆر کاریگەرە چونکە پێنج جار لە خێرایی دەنگ زیاترە. دەتوانێت مەودایەکی زۆر ببڕێت و خۆی لە زۆربەی ڕادارەکان لابدات. ئەو جۆرە موشەکە لە توانایدا هەیە کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت و ئامانجەکەی زۆر بە خێرایی بپێکێت.

لە جیهاندا تەنها ڕوسیا و چین لەم موشەکەیان هەیە لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی، بەڵام توانای موشەکە ئەوروپییەکان زۆر لە دوای توانای موشەکەکانی ڕوسیا و چینەوەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەم هۆکارەش ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕوسیای نیگەران کردووە. پوتن نایەوێت وڵاتە دژەکانی ڕوسیا لەو جۆرە موشەکەیان هەبێت، ئەمەش هۆکارە کە ژمارەیەکی زۆر زانای خستۆتە زیندان بە تۆمەتی پێدانی زانیاری لەسەر موشەکە هایپەرسۆنیکەکانی ڕوسیا.

زۆربەی ئەو زانایانەی دەستگیرکراون، کەسانی ئەکادیمی بەتەمەنن و پیشەی جیاوازیان هەبووە. زاناکان لە دامەزراوە بەناوبانگەکانی ڕووسیا کاریان کردووە، هاوبەشی نوسینی توێژینەوەکان بوون لەسەر ئایرۆداینامیک و بەشدارییان لە کۆنفرانسی دەرەوەی وڵات کردووە، بەڵام  ژمارەیەکی زۆریان ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان نەبووە لە پەرەپێدانی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای هایپەرسۆنیک، کە مۆسکۆ دەترسێت وڵاتانی دیکە دەستیان پێی بگات.

ئەلیکساندەر شیپلیوکی تەمەن 58 ساڵ، پسپۆڕێکی پێشەنگی بواری ئایرۆگازی داینامیکییە مانگی ڕابردوو بە 15 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

ئەناتۆلی ماسلۆڤی تەمەن 78 ساڵ کە پسپۆڕی بواری هایپەرسۆنیکی زۆر خێرایە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و پێدانی زانیاری لەسەر توێژینەوەکانی هایپەرسۆنیک بە ئەڵمانیا، 14 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی