سبەی
لە ڕاپرسییەکدا کە ناوەندی لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانی سۆسیۆ-پۆلەتیک ئەنجامی داوە، لە سەدا 97.79ی بەشداربووان داوایان کردووە زمانی کوردی لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن ببێتە زمانی پەروەردە و فێرکردن.
ناوەندی لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانی سۆسیۆ-پۆلەتیک، لە نێوان 17-21ـی تەمموزی 2025دا، بە مەبەستی پێوانەکردنی "ئاستی بەکارهێنانی ئەو زمانە دایکییانەی کە جگە لە تورکی قسەیان پێدەکرێت و داواکاری و ئارەزووەکانی پەیوەست بە زمانەکانیان"، لە 23 پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان ڕاپرسییەکی بە شێوەی ئۆنلاین لەگەڵ 2 هەزار و 378 کەسدا ئەنجام داوە.
لەو ڕاپرسییەدا کە شارەکانی وەک ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، سامسون، باڵکئەسیر، ئانتالیا، مێرسین، بورسا، ئادانا لە تورکیا و ئامەد، ئەرزرۆم، سەمسوور، وان، مێردین، ڕها، چەولیک، ئاگری، شرنەخ، دیلۆک، ئێلح، دێرسیم، مەلەتی و سێرتی لە باکووری کوردستان لەخۆگرتبوو، زۆربەی بەشداربووان داوایان کرد لە سەرجەم قۆناغەکان خوێندن بە زمانی دایک بێت.
لە ڕاپرسییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە 88.2ی بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە بە زاراوەی کرمانجی (کوردیی سەروو) و لە سەدا 10.4 بە زاراوەی کرمانجکی (دملی/زازاکی) قسە دەکەن و ئەوانی دیکەش بە زمانەکانی تر قسە دەکەن.
لە سەدا 23.5ی بەشداربووان زمانی دایکی خۆیان "زۆر باش"، لە سەدا 43.2 "باش" و لە سەدا 16.2 "خراپ" دەزانن.
لە ڕاپرسییەکەدا، لە داتاکانی بەکارهێنانی زمانی دایکدا، ئەوە تۆمار کراوە کە ئەو کەسانەی زمانی دایکی خۆیان زۆر باش و باش دەزانن، لە ناوەڕاستی تەمەنیاندان و ئەوانەی بە خراپی قسەی پێدەکەن، گەنجن.
ئاماژە بەوە دراوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندندا، ڕێژەی قسەکردن بە زمانی دایک کەم بووەتەوە.
لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە ئەو زمانەی دایک و باوکی بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە لەنێوان خۆیاندا بە گشتی قسەی پێدەکەن، زمانی دایکی خۆیانە و ئەو زمانەی بەشداربووانیش لەگەڵ دایک و باوکیاندا قسەی پێدەکەن، بە گشتی زمانی دایکی خۆیانە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو زانیارییەش بڵاو کراوەتەوە کە لە سەدا 27.8ی بەشداربووان پەیوەندییان لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا تەنها بە زمانی تورکییە.
لە ڕاپرسییەکەدا، ئەم دۆخە بەم شێوەیە هەڵسەنگێندراوە: "ئەوانەی تەمەنیان زیاترە و ئاستی خوێندنیان لە خوارترە، بەراورد لەگەڵ ئەوانی دیکە زیاتر بە زمانی دایک لەگەڵ هاوسەرەکانیان قسە دەکەن".
'لە سەدا 24 بە کوردی قسە دەکەن'
بەپێی ئەو وەڵامانەی کە بۆ پرسیارەکانی تایبەت بە تێگەیشتن لە ئاست و زۆریی بەکارهێنانی زمانی دایک لەناو ماڵدا دراونەتەوە؛ لە سەدا 33.6ی بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە ئاماژەیان بەوە داوە منداڵیان نییە و لە سەدا 40.1ی دیکەش منداڵەکانیان بە زمانی تورکی قسەیان لەگەڵدا دەکەن.
ئاماژە بەوەش کراوە کە کۆی ڕێژەی ئەو کەسانەی دەڵێن بە گشتی منداڵەکانیان بە زمانی کوردی قسەیان لەگەڵدا دەکەن، لە سەدا 24.7ـە. ڕێژەی ئەو کەسانەی دەڵێن منداڵەکانیان بە زاراوەی کرمانجکی (دملی/کرمانجکی) لەگەڵیاندا قسە دەکەن، تەنها لە سەدا 1.3 بووە.
ڕێژەی گوێگرتن لە گۆرانی و میوزیکی کوردی لە سەدا 77.9ـە
بۆ پرسیاری "ئاستی زانینی زمانی دایکی منداڵەکەتان چۆنە؟"، لە سەدا 33.6ی بەشداربووان ئاماژەیان بەوە داوە منداڵیان نییە، لە سەدا 7.3 بە "زۆر باش" و لە سەدا 13.5 بە "باش" وەڵامیان داوەتەوە.
ئەم ئەنجامە لە ڕاپرسییەکەدا بەم شێوەیە لێک دراوەتەوە: "ئەم داتایانە، سەرەڕای بەرزیی ڕێژەی قسەکردن لەگەڵ دایک و باوکیان بە زمانی دایک، ئاماژە بە دابەزینێکی دراماتیک دەکات لە ڕێژەی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ منداڵەکانیان بە زمانی دایک."
بۆ پرسیاری "ئایا دەزانیت منداڵەکەت مافی ئەوەی هەیە لە قوتابخانە وانەکانی کرمانجی و کرمانجکی کە دوو شێوەزاری زمانی کوردین وەک وانەی هەڵبژاردە هەڵبژێرێت؟"، لە سەدا 33.6ی بەشداربووان بە "منداڵم نییە"، لە سەدا 45.5 بە "بەڵێ" و لە سەدا 21 بە "نەخێر" وەڵامیان داوەتەوە.
بۆ پرسیاری "لە ڕۆژێکدا چەند بە زمانی دایکی خۆت قسە دەکەیت؟"، لە سەدا 57.1ی بەشداربووان بە "زۆر"، لە سەدا 25.7 بە "جاروبار"، لە سەدا 12.3 بە "کەمجار" و لە سەدا 4.9 بە "هەرگیز قسە ناکەم" وەڵامیان داوەتەوە.
لە سەدا 77.9ی ئەو بەشداربووانەی کە پرسیاری "چەند گوێ لە میوزیک و گۆرانی بە زمانی دایک دەگرن"، زۆربەیان بە "زۆر جار گوێی لێ دەگرم" وەڵامیان داوەتەوە.
سەبارەت بە خوێندنەوەی کتێب بە زمانی دایک، لە سەدا 15.4ی بەشداربووان گوتوویانە "زۆر باش" و لە سەدا 22 گوتوویانە "باش" دەخوێننەوە.
لە سەدا 97.9 داوا دەکەن قوتابییان بە زمانی دایک بخوێنن
پرسیارێک لە بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە کراوە سەبارەت بە پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایکییان و داواکارییەکانیان لەوبارەیەوە. بۆ پرسیاری "ئایا دەتانەوێت زمانی کوردی لە تورکیا لە هەموو قۆناغەکانی قوتابخانەکاندا ببێتە زمانی خوێندن؟"، لە سەدا 97.9ی بەشداربووان بە "بەڵێ" وەڵامیان داوەتەوە.
بۆ پرسیاری "یەکەمین پێشنیازی سەرەکیی ئێوە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایکتان چییە؟"، لە سەدا 51.9ی بەشداربووان بە "دابینکردنی هەلی خوێندن بە زمانی دایک"، لە سەدا 16.6 بە "دانپێدانانی فەرمی/ستاتۆ/یاسایی بە زمانی دایک" و لە سەدا 9.1 بە "دڵنیاکردنەوەی بەکارهێنانی لەناو خێزان و ژینگەی کۆمەڵایەتیدا" وەڵامیان داوەتەوە.
لە پێشنیازەکانی دووەم و سێیەمیشدا، پێشنیازی "دابینکردنی هەلی خوێندن بە زمانی دایک" پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە.