ئیسرائیل چۆن دەتوانێت تۆڵە لە ئێران بکاتەوە؟

#ئیسرائیل#ئێران#هێرش#موشەک
8 مانگ لەمەوپێش
زانیار بەهادین
پوختە :
  • شەڕی ساردی چەند ساڵەی ئیسرائیل و ئێران ئێستا سەری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ کێشاوە، لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا ئێران دوو جار هێرشی ڕاستەوخۆی کردوەتەسەر ئیسرائیل.
  • پێچەوانەی ڕابردوو، پێدەچێت ئەمجارە ئیسرائیل ئامادەبێت ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران بە تایبەت بۆ تۆڵەکردنەوەی دوایین هێرشی موشەکی تاران.
  • ئیسرائیل بۆ تۆڵەکردنەوە چەندین بژاردەیەکی جیاوازی لە بەردەستە، کە گرنگترینیان دامەزراوە نەوتییەکان، بنکە سەربازییەکان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانن.
Primary Asset

سبەی

ئیسرائیل دەیەوێت تۆڵەی هێرشە موشەکییەکان لە ئێران بکاتەوە، تەلئەڤیڤ بۆ تۆڵەکردنەوە چەندین بژاردەیەکی جیاوازی لە بەردەستدایە بەڵام ئەمەریکا پشتگیری هەموویان ناکات. 

شەڕی ساردی چەند ساڵەی ئیسرائیل و ئێران ئێستا سەری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ کێشاوە، لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا ئێران دوو جار هێرشی ڕاستەوخۆی کردوەتەسەر ئیسرائیل. 

پێچەوانەی ڕابردوو، پێدەچێت ئەمجارە ئیسرائیل ئامادەبێت ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران بە تایبەت بۆ تۆڵەکردنەوەی دوایین هێرشی موشەکی تاران. 

ئیسرائیل بۆ تۆڵەکردنەوە چەندین بژاردەیەکی جیاوازی لە بەردەستە، کە گرنگترینیان دامەزراوە نەوتییەکان، بنکە سەربازییەکان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانن.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی لە شیکارییەکدا هەڵسەنگادنی بۆ ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کردووە و چەند تێڕوانینێکی گشتی خستەوەتەڕوو.

دامەزراوە نەوتییەکان 

دامەزراوە نەوتی و غازییەکانی ئێران بەهێزترین بژاردەی بەردەمی ئیسرائیلن، ئەو دامەزراوانە زیاتر لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە لە نزیک عێراق و کوەیت و سعودیە هەڵکەوتوون. 

ژمارەیەکی دیکەی دامەزراوەکانیش لە کەناراوەکان یان لە دوورگەکاندان هەن، وەک تێرمیناڵی سەرەکی هەناردەکردنی نەوت کە لە دورگەی خارگ لە کەنداوی فارس هەڵکەوتووە.

ئیسرائیل لە ڕێگەی بە ئامانجگرتنی ئەو دامەزراوانەوە دەتوانێت زیان بە ئابوری ئێران بگەیەنێت و مانگێک پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاش بازاڕەکانی نەوت لە جیهاندا تێکبدات. 

ئێران ڕۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوت لە وڵاتەکەی بەرهەم دەهێنێت کە دەکاتە نزیکەی 3%ـی ئەو بڕە نەوتەی بۆ جیهان دابین دەکرێت و چین کڕیاری سەرەکی نەوتەکەیە.

سزاکان گرنگی ئێرانی بۆ بازاڕی نەوتی جیهان کەمکردوەتەوە بەڵام هێشتا هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران دەتوانێت کاریگەری لەسەر نرخی نەوت هەبێت.

ڕۆژی 4ـی تشرینی یەکەمی 2024، کاتێک لەبارەی هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە پرسیار لە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا کرا ناوبراو وتی،" ئەگەر لە گفتوگۆدایە". 

لێدوانەکە بەشێوەیەکی بەرچاو نرخی نەوتی برێنتی لە جیهاندا بەرز کردەوە، بەشێوەیەک گەورەترین بەرزبوونەوەی هەفتانەی لە ماوەی دوو ساڵدا تۆمارکرد کە 8% بوو.

نەخشەی دابەشبوونی پاڵاوگە و دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران / نیویۆرک تایمز 

دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران

ئیسرائیل بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بوونی خۆی دەبینێت بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە هیچ پلانێکی دەستبەجێیان نییە بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کە بریتین لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان و پیتاندنی یۆرانیۆم، کانەکانی یۆرانیۆم و "ڕیاکتۆرەکانی توێژینەوە" وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ هێرشە موشەکییەی ئەم دواییە.

بە ئامانجگرتنی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران کە زۆربەیان لە قووڵایی ژێر زەویدان، بەبێ یارمەتی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل قورس دەبێت. جۆبایدن سەرۆکی ئەمەریکی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، پشتیوانی له هێرشکردنه سەر ناوچه ئه تۆمییەکانی ئێران ناکەن.

نەخشەی دامەزراوە ئەتۆمەییەکان / نیویۆرک تایمز 

مەودایەکی درێژ

ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت هێزی ئاسمانی خۆی بۆ تۆڵەسەندنەوە بەکاربهێنێت ئەوا فڕۆکەکانی دەبێت مەودای دوور بفڕن، جوڵەکانی ئەم دوایە دەریخستووە کە دەتوانێت ئەو کارە بکات.

هەفتەی ڕابردوو، لە ژمارەیەک هێرشدا دژی حوسییەکان لە یەمەن، فڕۆکەی هێزەکانی ئیسرائیل کە فڕۆکەی سیخوڕی و فڕۆکەی جەنگی بوون زیاتر لە هەزار میل فڕینیان کرد و لە ناوەڕاستی فڕیندا سوتەمەنیان بۆ پڕکرایەوە. 

ئەگەرچی هێرشکردنە سەر ئێران لە ڕێگەی ئاسمانییەوە مەودای هاوشێوەی دەبێت بەڵام زۆر مەترسیدارترە چونکە ئێران بەرگری ئاسمانی زۆر لە لوبنان و یەمەن بەهێزترە

لە مانگی نیساندا، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک دژی  یەکەم هێرشی موشەکی ئێران، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردەسەر ئێران و  زیانی بە سیستەمی دژە فڕۆکەی ئێس 300 لە نزیک شاری ناتەنز گەیاند، کە شارێکە لە ناوەڕاستی ئێران و گرنگە بۆ بەرنامەی چەکی ئەتۆمی وڵاتەکە. 

بەرپرسانی ڕۆژئاوا و ئێران ڕایانگەیاندووە، ئیسرائیل لەو هێرشەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاسمانی بەکارهێناوە و چەند موشەکێکیش لە ڕێگەیانەوە تەقێندراوە. 

بەگوێرەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی، کە ناوەندێکی بیرکردنەوەی واشنتنە، ئیسرائیل بژاردەی دیکەی لەبەردەستدایە، ئەویش بەکارهێنانی موشەکی بالیستی مەودای مامناوەندی جێریکۆ 2 کە دەتوانێت نزیکەی 2000 میل ببڕێت یاخود بەکارهێنانی موشەکی بالیستی جێریکۆ 3 کە دەتوانێت لە دوری زیاتر لە 4000 میلەوە بگاتە ئامانجەکان.

هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل

ڕۆژی 27ـی ئەیلولی 2024، حەسەن نەسروڵا ئەمینداری حزبوڵای لوبنان و عەباس نیلفروشان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە بەیروت کوژران. 

ڕۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئێران هێرشێکی موشەکی کردەسەر ئیسرائیل. سوپای پاسداران لەبارەی هێرشەکەوە ڕایگەیاند، هێرشەکە لە تۆڵەی شەهیدکردنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس، حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری حیزبوڵای لوبنان و عەباس نیلفروشان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران بووە.

یەکەم هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی 2024 بوو، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراو و موشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، وەک وەڵامدانەوە و تۆڵەکردنەوەی خوێنی ئەو حەوت فەرماندەیەی سوپای پاسداران کە لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل لە دیمەشق کوژران، ئەمەش بە یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دادەنرێت.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی