هەنار
سبەی
پسپۆڕان باس لە سودە زۆر و زەبەندەکانی هەنار دەکەن و هۆشداریش دەدەن لە زۆر خواردنی ئەو میوەیە.
دکتۆر ئۆکسانا میخالێڤا پزیشکی پسپۆڕی هەناو و خۆراک، دووپاتی کردەوە، کە هەنار تایبەتمەندی تەندروستی ناوازەی هەیە و دەتوانێت بۆ چارەسەری زۆر نەخۆشی سوودی هەبێت.
سودە تەندروستییەکانی هەنار وایکردووە کە جێی بایەخی زیاتر بێت لە لای پسپۆرانی بواری تەندروستی بەهۆی هەموو ئەو ماددە سودبەخشانەی کە لە پێکهاتەکەیدا هەیە.
دکتۆر ئۆکسانا باس لەوە دەکات، کە ئەنجامی توێژینەوە زانستییە جیاوازەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەنار تایبەتمەندییەکی بەهێزی دژە ئۆکسێنەر و دژە میکرۆبی و دژە شێرپەنجەی هەیە، هەروەها دەتوانێت سودی لێوەربگیرێت لە چارەسەری نەخۆشیەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، نەخۆشیەکانی ناوپۆشی لەش، ڕۆماتیزم و گرێ شێرپەنجەییەکان و نەخۆشیەکانی دەم و ددان تەنانەت دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر پێست دروستبکات.
بە هۆی ئەوەی هەنار ڕیشاڵی خۆراکی تێدایە، وا دەکات سوودەکان و بەها خۆراکیەکەی زیاتر بێت، لەبەر ئەوەی ڕیشاڵی خۆراکی ڕۆڵی گرنگی هەیە، لە ڕێگریکردن لە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە، لابردنی ماددە زیانبەخشەکان لە جەستە و باشترکردنی کارکردنی کۆئەندامی هەرس.
لە گەڵ هەموو ئەم سودانە، پزیشکەکان پێمان ڕادەگەیەنن کە پێویستە هەمووان بزانن کە هەنار بە تەنیا چارەسەری هیچ نەخۆشییەک ناکات، بۆیە کاتێک کێشەیەکی تەندروستیت دەبێت، پێویستە ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەیت.
زیانەکانی زۆر خواردنی هەنار
لەبەرامبەردا پزیشکان هۆشداریدەدەن لەزۆر خواردنی هەنار بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی هەندێک جۆر نەخۆشییان هەیە.
د. ئیسرا محەمەد، پزیشكی گشتی ـ پسپۆری قەڵەوی و لاوازی، دەڵێت، ئێستا وەرزی هەنارە و هەموومان حەزمان لێیە بە تایبەتی هەناری هەڵەبجە، بەڵام ئایا بە پێی باری تەندروستیمان دەبێت چەند بخۆین؟
دەشڵێت، "هەنار یەکێکە لە میوە پڕ ڤیتامین و کانزاکان و زۆر توێژینەوەی لەسەر هەیە کە گرنگە بۆ بەرگری لەش و دڵ و لولەکانی خوێن، بەڵام لەگەڵ ئەم سودە زۆرانەشدا گرنگە بزانین کاتێک تۆ شەکرەت هەیە یان کێشی زیادەی لەشت هەیە یان بەرگری لەشت بۆ ئینسۆلین هەیە دەبێت ئاگاداری بڕی ئەو خواردنانە بین کە بەشێک کاربۆهایدرایتیان تێدایە هەر بۆ نموونە هەنار".
ئەو پزیشكە ئاماژە بەوەش دەکات، “لە چارەخوازەکانمان گوێم لێبووە هەندێک کات کە دەوترێت خواردنێک باشە ئیتر حسابی بڕ ناکەن، بەڵکو بە ئارەزووی خۆیان بڕێکی زۆر زۆر دەخۆن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کاتێک دەڵێین خواردنێک بۆ حالەتێک باشە، دەبێت پرسیار بکەیت ئایا بۆ حاڵەتەکەی منیش هەمان شتە ؟ ئایا بە ئارەزووی خۆم بڕێکی زۆر بخۆم لەو خواردنە زیانم پێناگەیەنێت؟”
د. ئیسرا دەشڵێت، "ئەگەر شەکرەتە، یان کێشت زۆرە، دەتوانیت خۆت بێبەش نەکەیت لە خواردنی هەنار، بەڵام یەک قاپی قوڵ و گەورە هەڵمەوەرێنە و بیخۆیت".