سبەی
لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری بەرشەلۆنە، بە تۆمارکردنی هاتریک لە تایمی یەکەمی یارییەکەیان بەرامبەر ئالاڤێس، نزیکی دەکاتەوە لە ژمارەیەکی پێوانەیی کە پێشتر مێسی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە.
هێرشبەرەکەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی، یەکێکە لەو پێنج یاریزانەی یانەکە کە لە تایمی یەکەمی یارییەکدا سێ گۆڵ لە تۆڕی یانەی بەرامبەر تۆمار بکات، ئەوەش لە یاری رابردووی یانەی بەرشەلۆنە بەرامبەر ئالاڤیس لە خولی لالیگای ئیسپانی.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندی تەمەن 36 ساڵ، ئەم وەرزەی بە هێزەوە دەستپێکرد و لە دۆخێکی تەواو جیاوازیدایە و خۆی نزیک دەکاتەوە لە تۆمارکردنی ژمارەیەکی نوێی پێوانەیی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و هێرشبەری پێشووی یانە کەتەلۆنییەکە، ئەویش بە تۆمارکردنی 10 گۆڵ لە نۆ یاری یەکەمی سەرەتای ئەم وەرزەدا، لەکاتێکدا لە وەرزی 2017-2018، مێسی لە قۆناغی یەکەمدا 11 گۆڵی تۆمارکردووە.
سەرەڕای ئەوە، لیڤاندۆڤسکی بەشێکە لە کاری پێکەوەیی تیمە بەهێزەکەی هانسی فلێکسی ئەڵمانی و راهێنەری یانەکە، کە لەسەرەتای ئەم وەرزەوە تیمێکی بەهێزی لە گۆڕەپانی خولی ئیسپانی خستوەتە رکابەرییەوە.
هاتریکەکەی بەرامبەر ئالاڤێس، تەنها نەیکردووە بە گۆڵکاری ئەم قۆناغەی خولی ئیسپانی، بەڵکو چووەتە ریزی میسی و رۆماریۆوە کە لە میژووی بەرشەلۆنەدا لە دەرەوەی یاریگای یانەکە و لە تایمی یەکەمدا هاتریک تۆمار بکەن.
یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ، لە ریزبەندی یەکەمی خولی لالیگای ئیسپانیدایە و سێ خاڵ پێش ریاڵ مەدریدی رکابەرییەوەیەتی.