ڕۆژنامەی حورییەت: لە ماوەی 10 ڕۆژدا گروپێکی 50 کەسی پەکەکە چەکەکانیان ڕادەست دەکەن

#پەکەکە#تورکیا#چەکدانان
3 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • ڕۆژنامەی حورییەت'ی تورکی بڵاوی کردووەتەوە پرۆسەی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە قۆناغێکی دیکەی بڕیووە و لە ماوەی 10 ڕۆژدا گروپێکی 50 کەسی پەکەکە لە خاڵێکی نزیکی سنوری تورکیا لە پارێزگای دهۆک چەکەکانیان ڕادەست دەکەن.
Primary Asset

سبەی

ڕۆژنامەی حورییەت'ی تورکی بڵاوی کردووەتەوە پرۆسەی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە قۆناغێکی دیکەی بڕیووە و لە ماوەی 10 ڕۆژدا گروپێکی 50 کەسی پەکەکە لە خاڵێکی نزیکی سنوری تورکیا لە پارێزگای دهۆک چەکەکانیان ڕادەست دەکەن.

ڕۆژنامەی حورییەت ئەمڕۆ چوارشەممە  2ـی تەمووزی 2025 لەبارەی یەکەم قۆناغی چەکدانانی پەکەکە هەواڵێکی بڵاوی کردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەدات هەرچەند پەکەکە لە 12ـی ئایارەوە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و بڕیاری چەکدانانی داوە، بەڵام بەهۆی ئەو شەڕوشۆڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە و هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتر، قۆناغی یەکەمی چەکدانانی پەکەکە دواکەوت.

لە هەواڵەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی گروپێک کە نزیکەی 50 ئەندامی پەکەکە دەبن لە خاڵێکی پارێزگای دهۆک چەکەکانیان ڕادەست دەکەنەوە کە 160 کیلۆمەتر لە تورکیاوە دوورە.

ڕادەستکردنەوەی چەکەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی چاودێراندا دەبێت و لەو پرۆسەیەدا زانیارییەکانی وەک کۆدی سەر چەکەکان و تایبەتمەندییەکانیان تۆمار دەکرێن. 

دوای ڕادەستکردنەوەی چەکەکانیش ئەو ئەندامانەی پەکەکە دەگەڕێنەوە کەمپەکانی خۆیان.

ڕۆژنامەی حورییەت ئاماژەی بەوە داوە کە تورکیا لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەکات.

پێشهاتە مەیدانییەکانیش چرکە بە چرکە چاویان لەسەر دەبێت و دەکرێن بە ڕاپۆرت.

وەک چاودێری هاوبەش لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی تورکیا، حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان چاودێری پرۆسەی ڕادەستکردنەوەی چەکەکان دەکەن.  

نەتەوە یەکگرتووەکان و هیچ وڵاتێکی دیکە وەک وڵاتی سێیەم بەشداری پێ ناکرێت لە چاودێریکردنە هاوبەشەکە. 

بەرنامە بۆ ئەوە داندراوە کە ئەگەر پرۆسەکە بە باشی بەڕێوە بچێت، تا مانگی ئەیلوول پەکەکە تەواوی چەکەکانی ڕادەست بکاتەوە.

ئەو ئەندامانەی پەکەک کە چەکەکانیان ڕادەست دەکەن، دواتر دەگەڕێنەوە بۆ کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە. 

دوای تەواوبوونی پرۆسەکەیش پەکەکە بنکە و بارەگاکانی خۆی لە باشوری کوردستان چۆڵ دەکات و ئەو ناوچانە دەخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی عێراق.  

ئەم هەواڵەی ڕۆژنامەی حورییەت لە کاتێکدایە دوێنێ ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دامەزراوەی هەواڵگریی تورکیا (میت) بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرۆسەکە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە.

کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری

لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند کە ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت.

ئەمەش لە کاتێکدابوو 25 ساڵ تێپەڕببوو بەسەر زیندانیکردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی پێدانی هیوا بە شایستەی ژمارەیەک لەو کەسانە دەزانێت کە بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورسکراو حوکم دراون 25 ساڵی تەمەنیان لە زیندان بەسەر بردووە، بەم جۆرە بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد دەکرێن.

دواتریش چەندین جار دەولەت باخچەلی جەختی لەسەر داواکارییەکەی کردووە و ئاماژەی بەوە دا لە کاتێکدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەکەن، تورکیا لە هەموو شوێنێک زیاتر پێویستی بە ئاشتییە و بە پێچەوانەی سیاسەتی هەمیشەیی خۆی و پارتەکەی جەخت لە یەکڕیزی کورد و تورک دەکاتەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 بە دەم دەستپێشخەرییەکەوە هات، داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.

لە سەرەتای مانگی ئازاریشەوە پەکەکە وەک پابەندبوون بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام لەو کاتەوە نەک تورکیا هێرشەکانی ڕانەگرتوون بۆ سەر گەریلا، بەڵکو هەزاران هێرشی ئەنجام داوە.

تا ئەم دوایییە گەورەبەرپرسانی پەکەکە جەختیان لەوە دەکردەوە لە شەڕدا ناتوانرێت چەک دابنرێت، پرۆسەکە پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەسازی و نیشاندانی نیازپاکی و کۆتایی هێنانی تورکیایە بە هێرشەکانی و پێویستە خودی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڕێوە ببات.

9ـی ئایاری 2025 پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو کۆنگرەی 12ـی لە 5-7ـی ئایار لە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باشوری کوردستان کە خۆی بە "هەرێمی پاراستنی مەدیا" ناوی دەبات بەستووە، بەڵام بە هیچ جۆرێک باسی لەو بڕیارانە نەکرد کە لە کۆنگرەکەدا دراون.

ڕۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025 پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا و وەک بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری دا کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.  

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی