ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕە میللیەکانی عێراقدا - تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
سبەی
هەر شەڕێکی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوبدات، کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر ئابوریی عێراق دروست دەکات، بەوپێیەی لە لەرزۆکترین ئابورییەکانی ناوچەکەیە و داهاتی نەوت 94٪ کۆی داهاتەکەی پێکدەهێنێت.
لاوازی ئابوری عێراق
ئابوری عێراق لە لەرزۆکترین ئابورییەکانی ناوچەکەیە، تەنیا خاڵێکی بەهێزی هەیە ئەویش لەسەر بنەمای سامانێکی گرنگی سروشتی وەستاوە کە نەوتە.
ئابوری عێراق لاوازە، بەوپێیەی داهاتی نەوت 94٪ کۆی داهاتی گشتیی وڵات پێکدەهێنێت، بۆیە هەر دابەزینێک لە نرخی نەوتدا ڕوبدات ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هەموو سێکتەرەکانی ئابوری وڵات دەبێت.
شەڕی غەزە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک لێکەوتەی بەسەر عێراقدا جێهێشتوە، لەوانە پشکی تاک لە کۆی بەرهەمی ناوخۆی عێراق 2٪ دابەزیوە و پێشبینیش دەکرێت ڕێژەکە بەرزببێتەوە بۆ 10٪ لەماوەیەکی دورمەودادا، خۆ ئەگەر عێراق بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەخۆ بخزێتە ناو شەڕەوە ئەوا ڕێژەکە زۆر بەرزتر دەبێتەوە و کاریگەری بەرچاوی لەسەر ئابوری عێراق دەبێت.
کاریگەرییەکانیش بە گشتی لەسەر ئەم سێکتەر و لایەنانە دەردەکەوتن:
- کەرتی وزە بەتایبەتی نەوت
- دابەزینی بەهای دیناری عێراق
- داهاتی فرۆشتنی نەوت لە یەدەگی فیدڕاڵی ئەمەریکا
- وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی
- پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی کەرەستە و بازرگانی دەرەکی
- تێچووی زۆری گواستنەوە و گرانی نرخی بەرهەمی ناوخۆیی
- دابەزینی ڕۆڵی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لە چاکسازی ئابوریدا
- هەڵاوسان و دابەزینی بەرهەمی گشتیی ناوخۆیی
کاریگەری لەسەر سێکتەری نەوت
بەرپابوونی شەڕێکی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەورەترین کاریگەری لەسەر سێکتەری وزە دەبێت، ئەو وڵاتانەشی کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دەبێت ئەوانەن کە ئابوریی گەشەسەندویان هەیە بە تایبەتی ئابوری ئەمەریکی و ئەوروپی.
بانکی نێودەوڵەتی ماوەیەکی کەم دوای دەستپێکردنی جەنگی غەزە، دیاریکردوە ئەگەر ڕێژەی هەناردەی نەوت، نیو ملیۆن بەرمیل بۆ دوو ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە کەم بکات، ئەوا نرخی نەوت بەڕێژەی 3 بۆ 13٪ بەرزدەبێتەوە.
بەڵام ئەگەر بازاڕی وزە ڕۆژانە سێ بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت لەدەستبدات، ئەوا دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت بە ڕێژەی 21 بۆ 35٪، خۆ ئەگەر بازاڕی وزە شەش بۆ هەشت ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەدەستبدات ئەوا نرخی نەوت بە رێژەی 56-75٪ بەرزدەبێتەوە.
هەرچەندە عێراق سودی بینیوە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کە نرخەکەی لەنیوان (73-76) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک یاری دەکات، بەڵام بەهۆی زیادبوونی خەرجییەکانی حکومەت نەتوانراوە بۆ گەشەکردنی ئابورییەکەی وەک پێویست سودی لێوەربگیرێت.
لەلایەکی دیکەشەوە بەرزبونەوەی نرخی نەوت نابێتە هۆی بوژانەوەی ئابوری عێراق، بەوپێیەی پێدەچێت عێراق بەشێک بێت لەو وڵاتانەی کە نەتوانن خواستی بازاڕی وزە پڕبکەنەوە، هەروەها ئەگەر شەڕێکی سەرتاپا لە ناوچەکە ڕوبدات، ئێران هەوڵدەدات گەروی هورمز دابخات ئەمەش بە واتای وەستاندنی سەرجەم هەناردەی نەوتی عێراق دێت کە لە ڕێگەی کەنداوەوە دەگاتە جیهان.
لەناو کەرتی نەوتدا عێراق مەترسی زۆر هەیە، بەوپێیەی عێراق گرێبەستی جۆراوجۆری لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان هەیە، لەوانەش گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان و گرێبەستی خزمەتگوزاریین کە ئەمانە کاریگەرییان دەبێت و لەئەگەری وەستانی هەناردەکردنی نەوت، عێراق ناچاردەبێت پارەی کۆمپانیاکانی نەوت بدات، هەروەها ئەگەری هەیە ئیسرائیل ڕاستەوخۆ لە پاڵاوگە و بیرە نەوتییەکانی عێراق بدات ئەگەر گروپە چەکدارەکان بچنە ناو شەڕەکەوە.
داهاتی عێراق و کاریگەربوونی بە یەدەگی فیدڕاڵی
هەناردەکردنی نەوت سەرچاوەی سەرەکییە دابینکردنی دراوی بیانییە بۆ عێراق و هۆکارە بۆ پاراستنی بازرگانی نێودەوڵەتی عێراق و پاراستنی بەهای دینار. یەدەگی بەهێزی دراوی بیانی گرنگی زۆری هەیە بۆ سەقامگیری ئابوری عێراق.
بانکی فیدڕاڵی ئەمەریکی کە بارەگای سەرەکی لە شاری نیویۆرکە، کۆنتڕۆڵی سەرجەم داهاتەکانی نەوتی عێراقی کردوە کە شادەماری داهاتی گشتیی وڵاتە. ئەو بانکە فشاری زۆر لەسەر عێراق دروستدەکات بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی لە دیاریکردنی جوڵەی ئاڵوگۆری بیانی و مامەڵەکردنی بە دۆلار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە و بە دواداچوون بۆ ڕێڕەوەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
لەبەرئەوەی ئەو بانکە سەر بە وڵاتێکی دۆستی ئیسرائیلە، بۆیە دەتوانێت فشار بخاتە سەر گواستنەوەی پارەی دۆلار بۆ عێراق، کە ئەمەش بازدانێکی گەورە لە بەهای دیناردا دروستدەکات کە ڕەنگە 50٪ـی ئەو نرخە لە ماوەی چەند مانگێکدا تێبپەڕێنێت کە بانکی ناوەندی دیاریکردوە.