وەزارەتی ناوخۆی عێراق چەکی دەستی خەڵک دەکڕێتەوە

#چەک#دەمانچە#وەزارەتی ناوخۆ#عێراق#هەرێم#هەولێر#بەغداد#یاسا#هەڵگرتنی چەک
10 مانگ لەمەوپێش
ئەرسەلان ڕەحمان
پوختە :
  • لە عێراق حکومەت بڕیاری داوە، دەبێت چەک تەنیا بە دەست دەوڵەتەوە بێت.
Primary Asset

سبەی

لە عێراق حکومەت بڕیاری داوە، دەبێت چەک تەنیا بە دەست دەوڵەتەوە بێت.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕایگەیاند، نرخ لەسەر هەر پارچە چەکێک دانراوە، کە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێتەوە.

عەمید مقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕایگەیاند، وەزارەت دەستیکردووە بە کڕینەوەی چەکی مامناوەند لە دەست هاوڵاتیان.

وتیشی: بڕیارەکە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق جێبەجێ دەکرێت، جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

ڕوونیکردەوە، لە بودجەی فریاکەوتن، پارە تەرخانکراوە بۆ کڕینەوەی چەک لە هاوڵاتیان و لیژنەیەک بە ئەندامێتی فەرماندە و بەڕێوبەرەکانی پۆلیس و بەرپرسانی دارایی سەرپەرشتی پڕۆسەی چەک کڕینەوە دەکەن.

بە گوێرەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، چەکی مامناوەند نرخیان لە نێوان 2 تا 4 ملیۆن دینار دەبێت. ئەو چەکانەش کە بە کەڵکی بەکارهێنان نایەن، نرخیان 500 هەزار دینار دەبێت.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوای لە هاوڵاتیان کرد، هاوکاری سەرخستنی پڕۆژەکە بن، بۆ ئەوەی چەک لە ماڵان کۆبکرێتەوە و تەنیا بە دەست دەوڵەتەوە بێت.

لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچ ڕێکارێک بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەک لە ماڵان نەگیراوەتە بەر و بە هۆی نەبوونی کۆگای تایبەت بە هەڵگرتنی چەک لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکاندا، کارمەندانی ئەو دامەزراوانە بە چەکی دەوامیانەوە دەگەڕێنەوە ماڵەوە.

ساڵانە لە هەرێمی کوردستان دەیان ڕووداوی کوشتنی ژنان و کوشتنی ئەنقەست و بێ مەبەست بە هۆی ئەو چەکانەوە ڕوودەدەن، کە لە ماڵان و بە دەست خەڵکەوەن.

بڵاوبوونەوەی چەک لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، پەرلەمانی کوردستان بە یاسا هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەتی قەدەغە کردووە.

بەشێکی زۆری کارمەندانی ئەمنی و لەشکریی لە هەرێمی کوردستان، ئەو چەکەی لە دەوام بەکاری دەهێنن بە پارەی خۆیان کڕیویانە و حکومەت بۆی دابین نەکردوون.

لە کاتی شەڕی داعشدا، بەشێک لەو چەکانەی وەک کۆمەک بۆ هێزی پێشمەرگە نێردرابوون، خرانە بازاڕی ڕەشەوە و مامەڵەیان پێوە دەکرا، ئەوەش یەکێک بوو لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی چەک.

هاوکات لە هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا بەخشینەوەی چەک بە گشتیی و دەمانچە بە تایبەتی وەک هەوڵێک بۆ کڕینی دەنگی هاوڵاتیان، هۆکارێکی دیاری بڵاوبوونەوەی چەک بووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی