پەرلەمان لەنێوان هەڕەشەی حەشد و ئەمەریکا؛ ئایا رەشنوسە مەترسیدارەکە دەخرێتە خشتەی دانیشتنەکانەوە؟

#پەرلەمان#یاسای حەشدی شەعبی#ئەمەریکا#عێراق
4 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاریدا دانیشتنەکان ڕێکبخرێتەوە و هەفتەی داهاتوو سێ دانیشتن رێکبخات، بەگوێرەی ئەو کارنامەیەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بڵاویکردۆتەوە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ چەند پرۆژەیاسایەک لەخۆگرتووە،بەڵام هیچ کام لە یاسا مشتومڕاوییەکان، دیارترینیان یاسای حەشدی شەعبی، لەنێویاندا نییە.
Primary Asset

پەرلەمانی عێراق

سبەی

بەهۆی رەتکردنەوەی یاسای حەشدی شەعبی لەلایەن کورد و سوننەوە، هەروەها هەڕەشەکانی ئەمەریکا بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سەردەمی ئابڵوقەی ئابوری و نەهامەتییەکانی ساڵانی نەوەدەکان، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەنگدانی لەسەر یاساکە نەخستە بەرنامەی کارەوە، سەرەڕای هەڕەشەکانی هادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدر بۆ چوونە ناو پەرلەمان بە جلوبەرگی حەشدەوە.

سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاریدا دانیشتنەکان ڕێکبخرێتەوە و هەفتەی داهاتوو سێ دانیشتن رێکبخات، بەگوێرەی ئەو کارنامەیەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بڵاویکردۆتەوە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ چەند پرۆژەیاسایەک لەخۆگرتووە،بەڵام هیچ کام لە یاسا مشتومڕاوییەکان، دیارترینیان یاسای حەشدی شەعبی، لەنێویاندا نییە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەک لەناو پەرلەمان، سەرۆکایەتی پەرلەمان بەنیازە چارەنووسی دەیان ڕەشنووسی دواخراو چارەسەر بکات کە کۆی گشتییان "نزیکەی 120 یاسایە، کە هەندێکیان گرنگن و پێویستیان بە دەنگدان هەیە". ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشیکردەوە، "ئەگەر پەرلەمان نەتوانێت هەفتەی داهاتوو دانیشتنەکانی بکاتەوە، ئەوا سەرجەم یاساکان دوادەخرێن بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان".

یاسای حەشدی شەعبی

شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، رۆژی دووشەممەی داهاتوو دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوەی خەڵک لێی دەترسن، ناخرێتە نێو دانیشتنەکانەوە"، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بە رەشنووسی یاسای حەشدی شەعبی.

سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانتارە شیعەکان هەڕەشەی پۆشینی جلوبەرگی حەشدی شەعبی دەکەن، بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر یاساکە بدەن، بەڵام خواستی ئەمەریکا پەسەندکردنی یاساکەی دواخستووە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا هەفتەی رابردوو رایگەیاند "دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا درێغی ناکات لە هەڵوێستی توندتر، دژی هەر قەوارەیەک یان دەوڵەتێک کە پەیوەندی نایاسایی لەگەڵ ئێران هەبێت".

هاوکات حسێن سەعبەری، پەرلەمانتار رایگەیاند، موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دووپاتی کردەوە، پێداگری هەیە لەسەر پەسەندکردنی یاساکە لەم خولەدا، چونکە ئەگەر ئێستا پەسەند نەکرێت، ئەوا هیچ چانسێک بۆ تێپەڕاندنی لە دانیشتنەکانی داهاتوودا، یاخود لەم خولەدا نامێنێت. 

نوێنەرانی شیعە لە پەرلەمان نەگەیشتوونەتە کۆدەنگی

لەو چوارچێوەیەدا، غالب دەعمی، مامۆستای راگەیاندن لە زانکۆی بەغداد، بە شەرق ئەلئەوسەتی راگەیاندووە، "تا ئێستا نوێنەرانی شیعە لە پەرلەمان نەگەیشتوونەتە کۆدەنگی بۆ دەرکردنی یاساکە". روونیشی کردەوە "هەندێکیان لە ترسی پێکدادان لەگەڵ ئەمریکا دەیانەوێت پەسەندکردنی پاساکە دوابخرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکاریانەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدەن، پەسەندکردنی یاساکە، دەکرێت وەک راگەیاندنی دوژمنایەتی بەرامبەر ئەمەریکا لێکبدرێتەوە".

دەعمی روونیشیکردەوە "رەتکردنەوەی کورد و سوننە، پەرلەمانی ناچارکردووە، گفتوگۆکردن لەسەر یاساکە دوابخات"، ئاماژەی بەوەشکرد "هەڕەشەی چوونە ناو پەرلەمان بە جلوبەرگی حەشدەوە لە چوارچێوەی بانگەشەی حزبیدایە، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی 2025".

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، یاسای حەشدی شەعبی بە مۆڵەتی یاسایی بۆ چەسپاندنی هەژمونی ئێران لە عێراق دەزانێت. 

لە 3ی ئەم مانگەشدا، ستیڤن فەیگن، بەرپرسی کاروباری ئەمەریکا لە بەغداد، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی، کە لایەنگرێکی دیاری یاسای حەشدی شەعبیە، ئاگادارکردەوە " پەسەندکردنی یاساکە گروپە چەکدارەکان بەهێز دەکات". دوو رۆژ دواتریش، تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، پەسەندکردنی یاساکە "کارێکی دوژمنکارانە دەبێت دژی واشنتۆن، عێراق رووبەڕووی سزای توند دەکاتەوە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی