قازانج یا خود مەترسی؟؛ ئایندەی هەرێمی کوردستان دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق

#عێراق#ئەمەریکا#هەرێمی کوردستان
4 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • هەندێك لە چاودێران هەمان بۆچوونیان هەیە، ئاماژە بەوە دەكەن كە چەتری ئەمەریكا هاوسەنگی هێز لەناو عێراقدا دەكێشێتەوە، بەو پێیەی لە دانوستان لەگەڵ بەغداد، بە تایبەتی لە پرسە مشتومڕاوییەكانی وەك بودجە و نەوت، ھێزێكی زیاتر بە كوردستان دەبەخشێت
  • لەگەڵ نزیكبوونەوەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە زۆربەی ناوچەكانی عێراق لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا، هەولێر وەك دوا وێستگە بۆ ئەو هێزانە ڕۆڵ دەگێڕێت و  ئەم گۆڕانكارییە پرسیاری قووڵ دەوروژێنێت سەبارەت بەو قازانجەی كە هەرێم دەتوانێت لەم گۆڕانكارییانەدا بەدەستی بهێنێت، لەبەرانبەریشدا ئەگەر هەیە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بۆ هەرێم بەبێ باجی ترسناكیش نەبێت.
Primary Asset

هێزێکی ئەمەریکا

سبەی

لەگەڵ نزیكبوونەوەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە زۆربەی ناوچەكانی عێراق لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا، هەولێر وەك دوا وێستگە بۆ ئەو هێزانە ڕۆڵ دەگێڕێت و  ئەم گۆڕانكارییە پرسیاری قووڵ دەوروژێنێت سەبارەت بەو قازانجەی كە هەرێم دەتوانێت لەم گۆڕانكارییانەدا بەدەستی بهێنێت، لەبەرانبەریشدا ئەگەر هەیە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بۆ هەرێم بەبێ باجی ترسناكیش نەبێت.

ماڵپەری بەغداد ئەلیەوم، لە ڕاپۆرتێكدا دوایین رووداوەكانی عێراق لەنێوانیاندا پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكای لە عێراق تاوتوێ كردووە، هاوكات ماڵپەرەكە تیشكی خستووەتە سەر لێكەوتەكانی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان.

شێرزاد مستەفا لێكۆڵەری كاروباری سیاسی ڕوونیكردۆتەوە، بەردەوامی بوونی ئەمەریكا پێگەی سیاسی و ئەمنی هەولێر بەهێزتر دەكات، پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە بە مەشق و كەرەستە، هاوكات لەگەڵ دانانی سیستەمی بەرگری بۆ پاراستنی ئاسمانی هەرێم لە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان گەرەنتییەكی ستراتیژی بۆ هەرێم دروست دەكات.

چەتری ئەمەریكا هاوسەنگی هێز لەناو عێراقدا دەكێشێتەوە

هاوكات هەندێك لە چاودێران هەمان بۆچوونیان هەیە، ئاماژە بەوە دەكەن كە چەتری ئەمەریكا هاوسەنگی هێز لەناو عێراقدا دەكێشێتەوە، بەو پێیەی لە دانوستان لەگەڵ بەغداد، بە تایبەتی لە پرسە مشتومڕاوییەكانی وەك بودجە و نەوت، ھێزێكی زیاتر بە كوردستان دەبەخشێت.

ئەو لێكۆڵەرە سیاسییە دەشڵێت " پشتیوانییەكانی ئەمەریكا لە هەرێم تەنیا بە پشتیوانی ئەمنی سنووردار نابێت و دەكرێت هەرێم لەو نێوانەدا قازانجی ئابووری فراوانیش بكات، لەڕێگەی زیادبوونی متمانەی كۆمپانیا بیانییەكان، بەتایبەتی كۆمپانیا نەوتییەكان، لە وەبەرهێنان لە ناوچەكەدا". 

شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەكەن "ئەمەریكا دەتوانێت سەقامگیری هەرێم گەرەنتی بكات و ئەوەش ژینگەیەكی لەبار دروست دەكات بۆ راكێشانی سەرەنجی سەرمایەداران و وەبەرهێنەران بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراق كە هەڵاوسانی بەردەوامی ئەمنی و سیاسییان بەخۆوە بینیوە".

ئەم پێشهاتە سیاسی و سەربازییە بۆ هەرێم بەبێ مەترسیی و ئاڵنگاری نییە

سەرەڕای ئەم قازانجە ئابووری و ئەمنییانە كە هەرێم لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەیانكات، بەڵام ئەم پێشهاتە سیاسی و سەربازییە بۆ هەرێم بەبێ مەترسیی و ئاڵنگاری نییە.

چاودێرانی سیاسی هۆشداری دەدەن لەوەی گۆڕانی كوردستان بۆ دوا قەڵای هێزەكانی ئەمەریكا، دەتوانێت ئەو هەرێمە بخاتە ژێر زەبری  گروپە چەكدارەكانی سەر بە حەشدی شەعبییەوە كە بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە هەرێم وەك مەترسییەكی گەورە بۆ سەر سەروەری عێراق سەیر دەكەن.

هەولێر وەك قەڵغانێكی پارێزەر و كارتێكی دانوستان سەیری دەكات

هەرچەندە هەولێر وەك قەڵغانێكی پارێزەر و كارتێكی دانوستان سەیری دەكات، بەڵام ئەم ئامادەبوونە دەتوانێت دەرگای گرژیی زیاتر لەگەڵ بەغداد یان زلهێزە ئیقلیمییەكان بكاتەوە.

ئەزموونی مێژوویی ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە پەیوەندی نێوان هەولێر و واشنتۆن شتێكی نوێ نییە، لە دوای سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین لە باكوری عێراق لە ساڵانی نەوەدەكاندا و لە كاتی شەڕەكانی دژی داعش (٢٠١٤-٢٠١٧) ئەو پەیوەندییانە زیاتر قووڵ بووەتەوە، كاتێك هێزەكانی ئەمەریكا ڕۆڵێكی سەرەكییان بینی لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە، بەڵام تایبەتمەندی قۆناغی داهاتوو لەوەدایە كە هەرێم تاكە شوێنی ماوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەبێت لە عێراق، ئەمەش قورسایی ستراتیژی پێدەبەخشێت بەڵام مەترسیەكانیش زیاد دەكات.

بە گوێرەی شارەزایانی دۆخی ناوچەكە، لە ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، هەرێمی كوردستان  ڕووبەڕووی هاوكێشەیەكی هەستیار دەبێتەوە بە جۆرێك كە دەتوانێت سوود لە بەردەوامیی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا وەك فاكتەرێكی سەقامگیری لە ناوخۆ و دەرەوەی خۆی وەربگرێت، بەڵام لە هەمان كاتدا، تێدەگات ئەم ئامادەبوونە دەتوانێت بیخاتە ناو دڵی ململانێ هەرێمییەكانەوە و دەرئەنجامی ترسناكی دەبێت.

 لە نێوان دەستكەوتەكان و مەترسییەكاندا، پرسیاری گرنگ ئەوەیە "ئایا هەرێم كەڵك لەو دەرفەتە وەردەگرێت بۆ ئەوەی بەهێزتر بێت، یان ئەوەی باجی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق زیاتر دەبێت لە قازانجەكانی بۆ هەرێم؟

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی