توێژینەوەکە لە گۆڤاری هارت جۆرناڵ بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرایکردووە ئەو کەسانەی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان وەرگرتووە، خوێنبەرەکانیان کەمتر رەق دەبێتەوە، بە بەراورد بەوانەی کە ڤاکسینیان بۆ نەکراوە.
سبەی
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، کۆرۆنا ( کۆڤید-19) پیربوونی خوێنبەرەکان خێراتر دەکات، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک و بیرچوونەوە زیاد دەکات.
پرۆسەیەکی سروشتییە لەگەڵ تەمەندا روودەدات
ئەم حاڵەتە لە ڕووی پزیشکییەوە بە "پیربوونی خوێنبەرەکان" ناسراوە، کە تیایدا ئەو دەمارانەی ئۆکسجین دەگوازنەوە بۆ ئەندامەکان ڕەقتر دەبن، ئەمەش پرۆسەیەکی سروشتییە و لەگەڵ تەمەندا روودەدات.
لێکۆڵینەوەکە کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی پاریس سیتی ئەنجامدراوە و زیاتر لە 2300 کەس لە 16 وڵاتی جیاوازەوە بەشداریان تێداکردووە، دەریخستووە کە کۆرۆنا ئەم پرۆسەیە (پرۆسەی رەقبوونی دەمارەکان) پێنج ساڵ خێراتر دەکات.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردەوە، توێژەرە فەرەنسییەکان روونیان کردۆتەوە، کە کاریگەرییەکانی کۆڤید-19 لە ئافرەتان زیاتر دەرکەوتووە بە بەراورد بە پیاوان.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری هارت جۆرناڵ بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرایکردووە ئەو کەسانەی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان وەرگرتووە، خوێنبەرەکانیان کەمتر رەق دەبێتەوە، بە بەراورد بەوانەی کە ڤاکسینیان بۆ نەکراوە.
توێژینەوەکانی پێشوو دەریانخستووە کە پیربوونی خوێنبەرەکان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە زیاد دەکات، پرۆفیسۆر ڕۆزا ماریا برۆنۆ، لێکۆڵەری سەرەکی لە زانکۆی پاریس سیتی دەڵێت "ئێمە دەزانین کە کۆڤید-19 دەتوانێت راستەوخۆ کاریگەری لەسەر خوێنبەرەکان هەبێت". "پێمانوایە ئەمە ڕەنگە لە ئەنجامی پیربوونی خوێنبەرەکان بێت، واتە خوێنبەرەکانت لە تەمەنی ڕاستەقینەی خۆت پیرتربن، ئەوەش وادەکات زیاتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ بیت".
توێژەران بە بەکارهێنانی ئامێرێک کە خێرایی شەپۆلی پەستانی خوێن دەپێوێت، تەمەنی دەمارەکانی خوێنیان پێوانە کردووە.
توێژەران پێوانەکانیان بە دوو قۆناغ ئەنجامداوە: یەکەم شەش مانگی دوای تووشبوون بە ڤایرۆسەکە، دووەمیان دوای 12 مانگ.
کاریگەری کۆرۆنا لەسەر ئافرەت زیاترە
پرۆفیسۆر برۆنۆ سەبارەت بە کاریگەری زیاتری کۆرۆنا لەسەر ئافرەتان روونیکردەوە، کە ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئافرەتان وەڵامدانەوەی بەرگری لەشیان خێراتر و بەهێزترە بەراورد بە پیاوان.
پیربوونی خوێنبەرەکان دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، بە گۆڕینی شێوازی ژیان و خواردنی دەرمانی تایبەت بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵ.