لیستی بەرەی گەل سێ کاندیدی لیستەکەی لە بازنەی دهۆک دورخستەوە و دەڵێت، بەهۆی پابەندنەبوونەوە بووە.
لیستی بەرەی گەل لە سێ نوسراودا کە واژۆی فەرهاد عومەر ڕێگەپێدراوی پارتەکەی لەسەرە دورخستنەوەی سێ کاندیدی لە بازنەی دهۆک ڕاگەیاند.
بەپێی نوسراوەکان کە بەرواری 11 و 12ـی تشرینی دووەمی 2024ـیان پێوەیە، بڕیاردراوە، هەریەک لە هاشم ساڵح، لەوەند یونس و سەردار محەمەد لە کاندیدبوون دوربخاتەوە.
بەپێی نوسراوەکان، ئەو کاندیدانە بەهۆی پابەند نەبوون بە بەرنامەی کاری بەرەی گەلەوە دروخراونەتەوە و هیچ پەیوەندییەکان بە لیستەکەوە نەماوە.
ڕونکردنەوەکەی بەرەی گەل دوای ئەوە دێت، هاشم ساڵح کاندیدی لیستەکە لە بازنەی دهۆک لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا کە میدیاکانی نزیک لە یەکێتی بڵاویانکردوەتەوە، ڕایگەیاندووە، پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە کردووە و وازی لە بەرەی گەل هێناوە.
بەپێی نوسراوەکان و وەک لە ڕونکردنەوەەکەی بەرەی گەلیشدا هاتووە، هاشم ساڵح ڕۆژی 11ـی تشرینی یەکەمی 2024 بڕیاری دورخستنەوەی دراوە.
بانگەشە کۆتایی دێت
دورخستنەوەی کاندیدان لەلایەن لیستی بەرەی گەلەوە لە کاتێکدایە، بڕیارە لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتودا بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی بێت.
بڕیارە ڕۆژی 18ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی تایبەت بە بەشداری هێزە ئەمنییەکان بەڕێوەبچێت، هەروەها ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەنگدانی گشتی ئەنجام بدرێت.
بەرەی گەل
بەرەی گەل پارتێکی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان و بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە یەکەم بەشداری لیستەکە دادەنرێت.
ڕۆژی 17ـی کانوونی دووەمی 2024، مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە. ڕۆژی 14ـی ئازاری 2024 کۆنگرەی دامەزراندنی بە بەشداری 160 کەس بەست.
سیستمی بەڕێوەبردنی پارتەکە سەرۆکایەتییەوە و یەک سەرۆکی هەیە، ئەنجومەنی سەرکردایەتیەکەشی لە 13 کەس پێک دێت کە زۆرینەیان سەرکردەی پێشووتری یەکێتیی نیشتمانی کوردستانن.
ئەگەرچی لە ڕوی یاساییەوە فەرهاد عومەر سەرۆکی پارتەکەیە بەڵام بە شێوەیەکی کرداری لەلایەن لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیەوە سەرۆکایەتی پارتەکە دەکرێت.
ڕۆژی 17ـی نیسانی 2024، لاهور شێخ جەنگی بە "سبەی" ڕایگەیاند، هەوڵ هەبووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دروستکردنی لیستەکەی بکرێت بۆیە خۆی نەیتوانیووە لە ڕوی یاساییەوە سەرۆکایەتی بکات.