سبەی
یاریزانێکی بەهرەمەند و لاو، کە یاریی بۆ ژمارەیەک یانەی عێراق کردووە، دوای نۆ مانگ لە بێسەرو شوێن بوونی لە رێگای چوونی بۆ ئەوروپا، خنکان و گیانلەدەستدانی لە نزیک سنورە ئاوییەکانی یۆنان راگەیەندرا.
ئەمڕۆ هەینی، پرسە و ماتەم باڵی بەسەر ناوەندی وەرزشی و جەماوەریی شاری بەسرەی خوارووی عێراقدا کێشا، ئەوەش دوای راگەیاندنی هەواڵی گیانلەدەستدانی یاریزانی لاو باسل سەعد، کە لەکاتی کۆچکردنی بۆ ئەوروپا لە دەریای نێوان تورکیا و یۆناندا خنکا.
سەعد جەشعەمی، باوکی یاریزانە لاوەکە، لە پرسەی کوڕەکەیدا بە خەمیارییەوە قسەی بۆ ژمارەیەک میدیای ناوخۆیی کردووە، کە دوای زیاتر لە نۆ مانگ بێسەرو شوێن بوونی تەرمەکەی لە کەناراوەکانی دوورگەیەکی یۆنان سەرئاو کەوتووە.
باسل لە دایکبووی 1992 و باوکی منداڵێکی یەک ساڵە، یاریزانی تۆپی پێ بوو، یاری بۆ ژمارەیەک یانەی بەسرە و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کردووە، بەهۆی سەختی ژیان و نەگەیشتن بە خەونەکانی رێگای هات و نەهاتی کۆچی نایاسایی لە رێگەی دەریاوە گرتووەتەبەر و دواجار و خۆی و خەونەکانی ژێر دەریا کەوتن.
رووداوەکە، کۆتایی ساڵی 2024 رویداوە، دوای ماوەیەکی زۆر لە بێسەروشوێن بوونی، تەرمەکەی لە نزیک کەناراوەکان دەرکەوتووە، پاش پشکنینی (DNA) حکومەتی یۆنان لە رێگەی ئینتەرپولەوە عێراقی ئاگادار کردووەتەوە کە ناسنامەی قوربانییەکە ئاشکرا بووە و داوای کردووە تەرمەکەی وەربگرنەوە.
پێش کۆچکردنی، باسل کەسوکار و هاوڕێ یاریزانەکانی و راهێنەرەکەی ئاگادار کردوەتەوە کە چیتر ئارەزوی یاریکردنی نەماوە و دەیەوێت بەهەر رێگایەک بووە خۆی بگەیەنێتە ئەوروپا.
باسل سەعد، پێش ئەوەی رێگای کۆچ بگرێتەبەر، یاری بۆ یانەکانی حەفر، زوبێر، بەحری، نەوتی باشور، نەوتی میسان کردووە و کۆتا یانەش کە یاری بۆ کردووە یانەی سامەڕا بووە.
ئەمڕۆ هەینی (12ـی ئەیلولی 2025) یانەی سامەڕا بە فەرمی گیانلەدەستدانی یاریزانەکەی راگەیاند و بڵاوی کردەوە، بەدڵێکی پڕ لە خەمەوە هەواڵی کۆچی دوایی یاریزانی ئاستەبەرز و خاوەن رەوشتی بەرزی وەرزشی باسل سەعد رادەگەیەنین، کۆچی دوایی کاریگەریی و بۆشاییەکی گەورەی لە ریزی یانەکە و دڵی خۆشەویستانیدا بەجێهێشت، سەرەخۆشی لە خۆمان و کەسوکار و خەڵکی بەسرە دەکەین.