سبەی
وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند: قۆناغی لابردنی هەڵپەساردن و سڕینەوە و زیادکردن و نوێکردنەوەی کۆبونەوەی خۆراکی ئەلیکترۆنی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەستپێدەکات.
محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند: کۆبۆنی خۆراکی ئەلیکترۆنی هەنگاوێکی گرنگ و بە بایەخ بوو بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی مانگانە و رێگریی لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی.
ئاماژەی بەوەکرد؛ لە رێگەی ئەو ئەپ و سەکۆ ئەلیکترۆنییەوە دەرفەت بە سەرجەم هاونیشتیمانیان درا کە بە ئاسانی و لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە و بەبێ ئەوەی پێویست بکات سەردانی ناوەندەکانی خۆراک بکەن خۆیان تۆمار بکەن، ئەوەش یارمەتیدەر بوو بۆ کەمکردنەوەی تێچوو و شەفافیەتی دەستەبەر کرد و کاتێکی زۆری بۆ حکومەت و هاونیشتیمانیان گەڕاندەوە.
وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند: پڕۆسەی هەڵپەساردن (بلۆک کردن) و سڕینەوە و زیادکردن بۆ کۆبۆنی ئەلیکترۆنی بەشێوەی ئەزموونی لە پارێزگای واست کرایەوە لەماوەیەکی کەمدا زیاتر لە 5000 داواکاریی نوێ پێشکەشکران، وەزارت ئامادەکاریی تەواوی کردووە و لەماوەیەکی نزیکی داهاتوودا لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق کارا دەکرێتەوە.
بە وتەی حەنون، تۆماری ئەلیکترۆنی کۆبۆنی خۆراک هەنگاوێکی جۆرێتی زۆر گرنگ بوو بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی وەزارەتی بازرگانی و دەستەبەری دادپەروەری لە گەیشتنی پشکی خۆراک بۆ ئەو کەسانەی شایستەن.
رۆژی (30ـی ئابی 2025) محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند: ژمارەی ئەو هاونیشتیمانیانەی داتای کۆبۆنی خۆراکی ئەلیکترۆنییان نوێکردووەتەوە گەیشتووەتە 37 ملیۆن کەس.
رایگەیاند: لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو کەسانەی خۆیان تۆمار نەکردووە، یان بۆ تۆماری منداڵ و هاوسەرگیریی، دەتوانن لەرێگەی ناوەندەکانی بەشەخۆراکەوە لە دوای ئەو وادەیەوە فۆڕمەکە پڕبکەنەوە، بەڵام بە پێدانی بڕە پارەیەک.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان رێژەی تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی گەیشتووەتە لە 85%، هەولێر %87، سلێمانی %86، دهۆک %82، هەڵەبجە %89، کۆی ئەو کەسانەی داتاکانیان لە هەرێم نوێکردوەتەوە زیاتر لە چوار ملیۆن و 601 هەزار هاونیشتیمانییە.
بەهۆی تۆمارنەکردنی داتاکانیان لە فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک، دوو ملیۆن و 750 هەزار کەس بە هۆکاری جیاواز بەشە خۆراکەکانیان راگیراون.